دەوڵەتی تورک زیندانییەکی دیکەی لە زیندانی ڕحادا کوشت
دوای ئەوەی زیندانییەک لە زیندانی ئامەد کوژرا، لە زیندانی جۆری ئی لە ڕحا بە شێوەیەکی گوماناوی زیندانییەکی دیکە بە ناوی محەمەد یڵماز کوژرا.
دوای ئەوەی زیندانییەک لە زیندانی ئامەد کوژرا، لە زیندانی جۆری ئی لە ڕحا بە شێوەیەکی گوماناوی زیندانییەکی دیکە بە ناوی محەمەد یڵماز کوژرا.
زیندانییەک بە ناوی محەمەد یڵماز تەمەن ٢٥ ساڵ لە زیندانی جۆری ئی لە ڕحا زیندانیکرابو، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.
بەرپرسانی زیندانەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن، یڵماز لە ٢٤ی تەمووز و لە کاتێکدا بە تەنها لە حەمام بووە خۆی کوشتووە.
دوای لێکۆڵینەوە لە شوێنی ڕووداوەکە تەرمی یڵماز گواسترایەوە بۆ پەیمانگای پزیشکی دادی ڕحا.
لەم ساڵانەی دواییدا چەندین زیندانی لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە، کە بەهۆی پێشێلکارییە نادیارەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکاندا ڕوویانداوە. بنەماڵە و کەسوکاری زیندانییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کاردانەوە و ناڕەزایەتییان بەرامبەر ئەو دۆخە هەیە و ڕایدەگەیەنن، زۆربەی زیندانییەکان لە ژێر گوشار و ئەشکەنجە و هەڕەشەدا دەکوژرێن، یان بەو هۆیەوە بەرەو خۆکوشتنیان دەبەن.
لە هەفتەی ڕابردوودا ٢ زیندانی لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دا کوژراون
لەهەفتەی ڕابردوودا بەلانیکەمەوە تەرمی ٢ زیندانی لەزیندانەکان هێنراونەتە دەرەوە. قەدری ئیکیچی تەمەن ٢٥ ساڵی لە ١٢ی تەمووزدا لە ژوورەکەى خۆیدا گیانی لە دەستدا. بەڕێوبەرایەتیی زیندانەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە خۆی کوشتووە، بەڵام بنەماڵەکەی ڕایانگەیاندووە، ئەو زیندانییە توندوتیژی و هەڕەشەی بەرامبەر ئەنجامدراوە و بە ئەنقەست کوژراوە.
ئیکیچی بە تۆمەتی "تێکدانی یەکپارچەیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" لە زیندانی ژمارە ٢ی ئاستبەرزیی ئەمنیی ئامەد زیندانیکرابوو.
لە دوو ساڵدا نزیکەی ٢٠ گیان لە دەستدانی 'گوماناوی' لە زیندانەکانی دەوڵەتی تورک دا ڕوویانداوە
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لەنێوان ساڵانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢دا بە گشتی ٨٧ زیندانی لە زیندانەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە. کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، گیان لە دەستدانی ١٧ کەس لەو زیندانیانە "بە شێوەی گوماناوی" بووە.
ژ.ت