دوو بەرپرسی تورکمان لە کەرکوک بانگهێشتی دادگا کران

لە کەرکوک دوو سەرۆکی پێشوی زانکۆی کەرکوک کە بە ڕەچەڵەک تورکمانن بانگهێشتی دادگا کراون بە تۆمەتی گەندەڵی.

هەریەک لە عەباس تەقێ و سەباح ئەحمەد، سەرۆکانی پێشوی زانکۆی کەرکوک کە بەڕەچەڵ تورکمانن، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی بانگهێشتی دەستەی گشتی دەستپاکی کراون بۆ لێکۆڵێنەوە.

فەرمانگەی لێکۆڵێنەوەی لە دەستەی دەستپاکی عێراق لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی  فەرمانی بانگهێشتکردن دەرچووە بۆ هەر دوو سەرۆکی پێشووی زانکۆی کەرکوک".

بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی ئەو فەرمانگەیە هەردوو بەرپرسە تورکمانەکەی زانکۆی کەرکوک تۆمەتبارن بە سەرپێچێکردن  لە پڕۆژەی دابینکردنی کەلوپەلی زانکۆ.

ئەو فەرمانگەیە ئاماژە بەوەش دەکات سەرۆکی پێشوتری  زانکۆی کەرکوک عەباس تەقێ سەرپێچی كردووە لە ڕووخاندنی یاریگایەکی تۆپی پێی تارتان کە دوو مانگ بوو لە لایەن کۆلێژی زانستەوە بە تێچووی ٤٩ ملیۆن دینار بونیادنرابوو، لە شوێنەکەشی دووکانی بازرگانی دروستکراوە.

بانگهێشتکردنی ئەو دوو بەرپرسەی تورکمان لە کاتێکدایە هەر دوێنێ، فەرحان جبوری، برای پارێزگاری کەرکوک ڕاکان جبوری، بە تۆمەتی گەندەڵی بە هەدەردانی سامانی گشتی لە کەرکوک دەستگیر کرا.