لە مەریوان و سنە دوو چالاكی ژینگەیی لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی رژێمەوە دەستبەسەركران

دوو چالاكوانی ژینگەیی لەشارەكانی سنە و مەریوان دەستگیر كران و لەئێستادا چارەنووسیان نادیارە.

دەستگیركردن، دەستبەسەركردن و ئەشكەنجە و كۆشتنی سیستەماتیكی چالاكانی مافەكانی مرۆڤ، چالاكوانانی ژینگەیی، وڵاتپارێز، كۆڵبەران و چالاكوانانی مەدەنی لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەلایەن رژێمەوە بەشێوە و فۆرمی جیاواز بەردەوامە. بێدەنگی رای گشتی ناوخۆیی و دەرەوە لەسەر شەپۆلی بەرفراوانی سەركۆتكردن و داسەپاندنی كەشی بێدەنگی باڵی بەسەر كۆمەڵگە كێشاوە.

بەگوێرەی زانیاریە بڵاوكراوەكان لەلایەن رێكخراوی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی كوردستان، رۆژی دووی ئاب، چالاكێكی ژینگەیی لەشاری مەریوان بەناوی"نەوید كۆنەپۆشی" لەلایەن ئێدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیركراوە. نەوید كۆنەپۆشی دوابەدوای بانگهێشتی بۆ ئەو ئیدارە دەستبەسەركراوە. هاوكات "ئارام ئەفزەلی"چالاكی تری ژینگەیی لەشاری سنە لەهەفتەی رابردووەوە لەلایەن ئیتلاعاتی سۆپای پاسدارانەوە لەو شاری سنە دەستگیركراوە.

جێگای ئاماژەیە، تا ئێستا لەشوێنی مانەوەیە هیچ زانیاریەك بەدەستنەخراوە و چارەنووسیان نادیارە.

ژ.ت