دەیان مامۆستای ئایینی کورد دژی سزای لەسێدارەدانی محەمەد خزرنەژاد دەوەستنەوە

لەنامەیەکی هاوبەشدا دەیان مامۆستای ئایینی کورد دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر محەمەد خزرنەژاد مامۆستای ئایینی خەڵکی بۆکان دەوستنەوە و وێڕای رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە، داوای ئازادکردنی دەکەن.

لە نامەیەکی هاوبەشدا کە لەلایەن ٢٤٢ مامۆستای ئایینی لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کراوە، سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر مامۆستای ئایینی بە ناوی محەمەد خزرنەژاد بە نادادپەروەرانە ناوبراوە.

سەبارەت بەوەی دەسەڵاتی دادی ئێران ئەو مامۆستا ئایننیە کوردەی بە ئەندامێتی لە گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش، تۆمەتبارکردووە و بەو هۆیەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە، ئەو مامۆستا ئایینیانە لە نامەکەیاندا جەختیان لە میانڕەوی محەمەد خزرنەژاد کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، سەپاندنی ئەو تۆمەتە بە سەریدا "درۆیەکی ئاشکرا و بێبنەمایە" و خەڵکی ناوچەکەش شایەتی لەسەر میانڕەوی ئەو مامۆستا ئایینیە دەدەن.

ئەو مامۆستایانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە بە گوێرەی یاسا دەبوایە محەمەد خزرنەژاد لە دادگایەکی تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی و بە شێوەی ئاشکرا دادگایی بکرایە، بەڵام لە دادگایەکی شۆڕش و لە دانیشتنێکی داخراودا دادگایی کراوە، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.

هەرلەو رووەوە ئەو ٢٤٢ مامۆستا ئایینیەی رۆژهەڵاتی کوردستان داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران کردووە، دۆسیەی ئەو مامۆستا ئایینیە بگەڕێنێتەوە بۆ دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی و سەرلەنوێ بە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە، رێگە بۆ ئازادکردنی خۆش بکرێت.

محەمەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی بۆکان کە لە میانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و دوابەدوای پێشکەشکردنی وتار لە پرسەی یەکێک لە گیانبەختکردووانی ئەو سەرهەڵدانە دەستگیرکرابوو، لە ماوەی رابردوودا بە تۆمەتی "خراپەکاری لە سەر زەوی"، زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات" و "پرۆپاگەندە دژی دەسەڵات" لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕش لە ورمێ سزای لەسێدارەدان و ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هـ . ب