دیبەیتی عەفرین لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو
دوای شەش ساڵ لە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دیبەیتی عەفرین لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
دوای شەش ساڵ لە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دیبەیتی عەفرین لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی لە ژێر ناونیشانی "عەفرین لەنێوان داگیرکاری تورکیا و پێشکەوتن لە ڕۆژئاوای کوردستان" لەلایەن نوێنەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا بە هاوبەشی لەگەڵ بەرەی پشتیوانی ڕۆژئاوا بە بەشداری ڕۆشنبیران و ئاندامانی پارتە دیموکراتەکان و میدیاکاران و ئەندامی ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوو.
سەرەتای دیبەیتەکە بەخێرهاتنی ئامادەبووان کرا و هەمووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان وەستان و سرودی 'ئەی ڕەقیب' پێشکەشکرا.
دواتر ڕاپۆرتێکی ڤیدۆیی لەسەر بارودۆخی عەفرین پێشکەشکرا و تێیدا باس لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین و یارمەتی گروپە چەکدارە جیهادییەکان بۆ دەوڵەتی تورک و بۆردومانەکان و هەروەها بەرخۆدانەکانی گەریلاکان کرا.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە درا کە دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی لە عەفرین و تێیدا 55 منداڵ و 30 ژن و بەگشتی 590 هاوڵاتی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە هێرشەکاندا کوژراون، هەروەها ئاماژەش بەوە درا کە هێزەکانی گەریلا بەرخۆدانێکی مێژوویان تۆمارکرد بە هاوکاری گەلی عەفرین، وێڕای ئەوەی ڕای جیهان و مافی مرۆڤ بەرامبەر بەم هێرشانە بێدەنگ بوون.
تێیدا ئاماژەش بەوە درا کە وێڕای بڕیاری ئاگربەست بەڵام دەوڵەتی تورکیا لە هێرشەکانی خۆیان نەوەستان و لە بەرامبەردا هێزە شەڕڤانییەکان بوونە هێڵی ئازادی عەفرین.
هەروەها باسیش لەوە کرا کە گەلی عەفرین بە هیچ شێوەیەک نەچونە کەمپەکانی دەوڵەتی تورک و پلانەکانیان هەوڵوەشاندنەوە و پاشان لە هەموو ناوچەکانی تردا پێشوازییان لێکرا و گورزێکی کەمەرشکێنیان لە دەوڵەتی تورک دا.
لە دوای ئەوە وتارێکی ڤیدیۆیی لە لایەن بەڕێز بەکر عەلۆ هاوسەرۆکی کانتۆنی (عەفرین-شەهبا) پێشکەشی ئامادەبووان کرا، تێیدا هەڤاڵ بەکر ئاماژەی بەوەدا کە دۆز و دۆخ و چارەسەری کورد هەمووی یەکە و پێویستیان بە یەک چارەسەرە و ئێمە گرێدراوین بەیەکەوە، هەروەها ویشی:"خەڵکی ئێمە لەباشوری کوردستان پەنابەر نین و شوێنی خۆیانە، گرێدانێک لە بەینی خەڵکی عەفرین و باشوری کوردستان دروستبووە، کە هاوبەشن لە چارەسەری سیاسی بۆ دۆزی کورد".
له پانێڵی یەکەمدا، زەهیە ئەلڕاشی ئەندامی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشووری کوردستان سەبارەت بە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیی عەفرین قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئەوەی لە 20ی 1ی 2018 کە دەوڵەتی فایشستی تورک عەفرینی داگیرکرد هەوڵی بە تورککردنی کوردانی لەوێدا دا و وتیشی: "چیای کرمانج و عەفرین لە حەوت ناوچە پێکدێت و 366 گوند پێکیهێناوە و 3705 کم چوارگۆشە پێکهاتووە، ئاماژەی بەوەدا کە عەفرین خۆبەڕێوەبەر بوو وە بەرەو پێشکەوتن بوو، بەڵام هێرشەکان وایان کرد کە خەڵکەکەی ئاوارەی ناوچەکانی حەلەب و شوێنی تر ببن، وە ئەوان توانییان کار بکەن و دار بچێنن و کاری بەرهەمهێنانی سابوون بکەن و دووبارە خۆیان بەڕێوەبەن و سەروەری خۆیان بپارێزن، لە ژێرسایەیی خۆبەڕێوەرەی ئازادانەی عەفریندا خوێندن لە سەرەتایی تا زانکۆ هەبوو، یەکەم زانکۆ لە عەفرین لە ساڵی 2015 دامەزرا و بەشی کوردی و ئەندازیاری تێدابوو، شەش ساڵە کە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست لەسەر عەفرین بەردەوامە و دەیانەوێ ناسنامەکەی بە تورکی بکەن، دەوڵەتی تورک پلان بۆ عەفرین دادەنێ لەبەر کۆمەڵێ هۆکار، یەکێک لەوانە نزیکی عەفرینە لە دەریای سپی، کە دەوڵەتی فاشیستی تورک نایەوێ کورد لەو ناوچەیە بێت، چونکە ئەترسێ عەفرینیش وەک حەلەب ببێتە دڵی بەرهەمهێنان و خۆبەڕێوەبەری و بازرگانی، بۆیە عەفرینی تاڵان کرد و کۆمەڵێ سیاسەتی جێبەجێ کرد لەوانەش کوشتنی خەڵکی سڤیل کە زیاد لە 500 سڤیل بوونە قوربانی و خەڵکی دانیشتووی عەفرینی لە شوێنی خۆیان دەرکرد و دەستی گرت بەسەر ماڵ و موڵک و خاک و کاری ئەوان."
هەروەها باسی لەوەش کرد کە پێش داگیرکردنەکانی دەوڵەتی تورک ڕێژەی لەسەدا ۹٥ ی خەڵکی عەفرین کورد بوون و ئێستا لە سەدا ۲۳ کوردن.
ئاماژەشی بە گۆڕینی ناوی گوند کوردییەکان و قەدەغەردنی زمانی کوردی دا لە عەفرین لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورک و وتی ناهێڵن جەژنە نەتەوەییەکانیان وەک نەورۆز بگێڕن و وە دەیەوێ ناسنامەکانیان لە کوردیەوە بکەن بە تورکی.
لە پانێڵی دووەمدا جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە باشووری کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە میکانیزمی ئەوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە داگیرکارییەکان ئەوەیە کە: یەکگرتنی هەموو گەلانی کورد و خۆبەڕێوەبردنیانە هەموو پێکەوە، یەکێکیش لەوانە ئاواکردنەوەی ناوچەکانی عەفرینە و بەهێزکردنی دەستی کارە لەناو گەلانی عەفریندا.
لە پانێڵی سێیەمدا بەڕێز جەزا ئەحمەد فارس م/ لە زانکۆی سلێمانی بەشی زانستە ڕامیارییەکان باسی لە گرنگی داگیرکردنی عەفرین کرد لە ستراتیژیەتی دەوڵەتی تورکدا کە پێیوابوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان هەرێمی کوردستانە وتی:"لە دوای ئەوەی پەدەکە نەوتی بە نرخێکی زۆر هەرزان ڕەوانەی تورکیا کرد و ئابووری تورکیای بەهێز کرد، هەروەها بەشێکیشی سیاسەتی خۆیان بوو کە ئابووریان پێ بەهێز کرد، و توانیان لەڕێی پڕچەککردی گروپە جیهادییەکان و یارمەتیدانیان عەفرین داگیربکەن."
لە دواتردا ئامادەبووان پرسیار و ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی پانێڵیستەکان کرد و لە ناویاندا یەکێک لە ئامادەبووان گوتی پەدەکە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی دەوڵەتی تورک و ئەو کارەی پەدەکەی شەرمەزار کرد.
کۆتایی دیبەیتەکە بەوە هات کە وەڵامی ڕەخنە و پرسیارەکانی ئامادەبووان درایەوە و باس لەوە کرا کە تاکە چارەسەر کۆنگرەیەکی کوردییە کە هەموو لایەنەکانی تێدابێت و ستراتیژیەتمان هەبێ دژی داگیرکارییەکان.