تەڤگەری ئازادی لە ٢٥ساڵەی پیلانگێڕیی پانزەی شوباتدا بەبەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و مەدەنی چالاکی مانگرتنی لە خواردن ئەنجامدا و لێدوانێکی بڵاوکردەوە.
ئەبوبەکر مەجید ئەندامی کۆمیتەی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان بەناوی ئەندامانی دەستەی تەڤگەری ئازادی و بەشداربوونی چالاکییەکە لە لێدوانەکەدا وتی:"ئەمڕۆ ٢٥ساڵ بەسەر دەستگیرردن و ڕفاندنی ڕێبەری گەلی کورد و گەلانی جیهان عەبدوڵا ئۆجالان تێپەڕ دەبێت، ئەمڕۆ ئێمە وەک کۆمەڵێک کەسایەتی جیاواز لە شاری سلێمانی دەستمان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە، وەک هەڵوێستێکی شۆڕشگێری ناڕەزایەتی و شەرمەزارکردنێک دژ بەو پیلانگێڕییەی دژ بە ئازادیخوازان و گەلانی جیهان دەکرێت".
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ئازادی عەبدووڵا ئۆجالان، ئاماژەی بەوەکرد کە سەرباری فشار و رێگرییەکان چالاکیەکەیان ئەنجامداوە و راشیگەیاند: کەسایەتی عەبدوڵا ئۆجالان نوێنەری هەموو کەسێکی ئازادیخواز و دیموکراتیک بوو، هەوڵی ئەو بۆ ڕزگارکردنی هەموو گەلانی ستەملێکراو بوو، بۆیە لەدوای دەستگیرکردنی هەموو ساڵێک ئێمە چالاکی مانگرتن لە خواردن لەم ڕۆژەدا ئەنجام دەدەین، چونکە ئەمڕۆژە بە ڕۆژێکی ڕەش دەزانین بۆ گەلی کورد و گەلانی تر، ئەنجامدانی ئەم چالاکییە وێڕای هەموو ئەو فشارانە بوو کە لەسەرمان بوو، ئەگەرچی ویستمان لە شوێنێکی گشتی و بە ئامادەبوونی چەندەها کەس کە دەیانویست بەشدار بن چالاکییەکە ئەنجام بدەین، بەڵام بەداخەوە ڕێگەمان پێنەدرا. هەربۆیە چالاکییەکەمان لە بینای دەستەی تەڤگەری ئازادی ئەنجامدا".
ئەبوبەکر مەجید لە درێژەدا رایگەیاند: لێرەوە بانگەوازی لە هەموو ئازادیخوازان و کەسانی دیموکراتیک دەکەین کە تاکە ڕێگە بۆ ڕزگاری و چارەسەری کێشەکانی گەلی کورد و گەلانی چەوساوە یەکگرتن و بەردەوامی خەباتی مەدەنییە، ئێمە بە خەبات و بەرخۆدان دژی هەموو ئەو پیلانگێڕییانە دەوەستینەوە کە بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت و بێگومانین کە ئەم پارتە ئازادیخوازە دەتوانێ بگاتە ئامانجی خۆیی و کۆتایی بە زووڵم و ستەم بهێنێنت."
لە کۆتایی لێدوانەکەدا سەرجەم بەشداربووانی مانگرتنەکە بە یەک دەنگ دروشمی 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت' ییان وتەوە.
هـ . ب