فەرهاد شەعبانی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی کۆمەڵە کۆچی دوایی کرد
فەرهاد شەعبانی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی کۆمەڵە و لە ئەندامانی دەستەى بەڕێوەبەری کۆڵبەر نیوز و کارگر نیوز بەیانیی ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیران / ٣٠ی جۆزەردان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
فەرهاد شەعبانی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی کۆمەڵە و لە ئەندامانی دەستەى بەڕێوەبەری کۆڵبەر نیوز و کارگر نیوز بەیانیی ئەمڕۆ ٢٠ی حوزەیران / ٣٠ی جۆزەردان بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
بەپێی راگەیاندراوی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران فەرهاد شەعبانی ئەندامی کۆمیتەى ناوەندیی کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە و لە دوای ٣ مانگ بەرەنگاری لەگەڵ شێرپەنجەى گەدەدا کۆچی دوایی کرد. فەرهاد شەعبانی پێشمەرگە و ئەندای کۆمیتەى ناوەندیی کۆمەڵە لە یەکەم رۆژەکانی دەسەڵاتی رژێمی داگیرکەر و چەوسێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دا چەکی تێکۆشانی گرتە دەست و لەناوچەکانی هەورامان، مەریوان، کامیاران، سنە، دیواندەر و سەقز تێکۆشانی شۆڕشگیڕیی بەڕێوەبرد.
لە راگەیاندراوەکەى کۆمەڵەدا هاتووە، "هاوڕێ فەرهاد شەعبانی لە ١٧ی رەشەممەى ١٣٣٧ی هەتاوی بەرابەر بە ٨ی مارسی ١٩٥٨ی زاینی لە گەڕەکی کوێرئاوای سنە لە بنەماڵەیەکی هەژار لە دایکبوو. لە تەمەنی ١١ ساڵیدا ناچار بووە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان و خەرجی خوێندن دەست بەکرێکاری بکات. دژوارییەکانی ژیان ناچاری کرد لە قۆناغی ئامادەیدا دەست لە خوێندن هەڵگرت و بە تەواوی دەستی بە کارکردن بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی بنەماڵەکەى کرد. بۆ ماوەیەک بووە ئەندامی رێکخراوێکی تازە دامەزراو لە ناو هێزە چەکدارەکانی رژێمی شادا بە ناوی "رێکخرای لاوان". لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی خەڵکی ئێران لە دژی رژێمی شا لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانیدا لە ناو سوپادا "خانەى ئامانجی سوپای گەل"یان دروستکرد و هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕش لە ئێراندا خستەکار. ئەو خانەیە لە ماوەی بەرخودانی ٢٤ رۆژەى شاری سنەدا هاتنە ریزەکانی کۆمەڵە. لەو کاتەوە ژیانی هاوڕێ فەرهاد ئاوێتەى هەوراز و نشێوەکانی بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی خەڵکی کوردستان و رەوتی پەرەسەندن و رەگداوکوتانی پایەکان و پێگەى کۆمەڵە لە کۆمەڵگەى کوردستاندا بوو. لەو کاتەوە تاوەکو دوا ساتەکانی ژیان لە هەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشانی کۆمەڵە و دواتریش بە دروستکردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئیران وەک پێشمەرگەیەکی دلێر، کرێکارێکی تێکۆشەر، رەوانبێژ و ئاژیتاتۆرێکی رووناکبین و سەرکردەیەکی بە ئەزموون و لێهاتوو تێکۆشا".
کۆمەڵە راشیگەیاندووە، "هاوڕێ فەرهاد لەکاتێکدا دوایین هەناسەکانی دەدا، پێبەندیی خۆی لەگەڵ ئامانجەکانیدا لە چوارچێوەی چەند رستەیەکی کورتەدا هێنایە زمان و لە ئاکامدا بە وتنی "بژی سۆسیالیزم" چاوەکانی لێکنا و کۆچی دوایی کرد. لە رۆژانی سەختی نەخۆشی و لە کاتێکدا بە روونی دڵنیابوو لەوەی لە دوا رۆژەکانی ژیاندایە، هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ هێورکردنەوە و ئارامیی هاوسەر و منداڵەکانی خستبووە کار و لە رێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئومێدی سەرکەوتنی بۆ ریزی تێکۆشانی هاوڕێیانی دەخواست. بێگومان لەدەستدانی هاوڕێ فەرهاد زیانێکی گەورەیە بۆ رەوتەکەمان، بزووتنەوەى کۆمۆنیستی، بزووتنەوەى کرێکاری و بزووتنەوەى شۆڕشی شۆڕشگێڕانەى خەڵکی کوردستان".
فەرهاد شەعبانی لە کاتی هێرشی داعش و گروپە چەتە تیرۆریستییەکان بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان لە یەکەم کەسەکان بوو، کە لە چوارچێوەی ئەرکی رێکخستندا رۆیشت بۆ کۆبانێ و قامیشلۆ. لە رۆژئاوا بە هەمان ورەی بەرەنگاری سەردەمی گەنجێتی و بەرخودانی قارەمانانەى خەڵکی سنە لە دژی رژێمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی تێدەکۆشا.
ژ.ت