هاوسه‌رۆكی كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ( كۆدار) "فوئاد بێریتان" له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دۆخی هه‌نووكه‌یی ئێران، پرس و ئاسته‌نگییه‌كانی سه‌ر رێگای هێزە دیمۆكراسیخوازه‌كان، بژاره‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران له روبەڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داخوازه ئازادیخوازانه‌كانی گه‌لان، رێكار و ئەڵتەرناتیڤی كۆدار بۆ تێپه‌ڕ بوون، ئێستراتژیی "هێڵی سێهه‌م" و چه‌ند بابه‌تی دیكه تاوتوێ و شرۆڤه ده‌كات. ده‌قی وتووێژه‌كه:
به‌گشتی دۆخی هه‌نووكه‌ی ئێران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
فوئاد بێریتان: ره‌وتی رووداو و گۆڕانكارییه سیاسیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه له‌ناو شه‌ڕی سێهه‌می جیهانیدایه، خێراتر بۆته‌وه. هه‌نووكه، له لایه‌ك قه‌یرانه‌كان و له لایه‌كی دیكه‌وه، ده‌رفه‌ته‌كانی چاره‌سه‌ری و ده‌ركه‌وتن، زیاتر له هه‌ركات بۆمان روون بوونه‌ته‌وه و خۆیان ده‌نوێنن. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ له ئاكامی ململانێی هێزه سیاسی _ كۆمه‌ڵایه‌تیه جیاوازه‌كانه‌وه، به ئاراسته‌ی بیچم و فۆرمێكی نوێ‌دا ده‌چێ. له‌م نێوه‌دا، به‌هۆی روانگه و هه‌ڵوێسته هژمۆنی خوازانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، پلان و به‌رنامه‌گه‌لێك كه هێزه جیهانیه‌كانی سه‌رمایه‌داری بۆ ده‌ستێوه‌ردان له رۆژه‌ڤیاندایه و هه‌روه‌ها؛ جموجۆڵی به‌ره‌ی هێزه دیمۆكراتیكه‌كانی ناو ئێران، تا ده‌چی ئێران ده‌بێ به ناوه‌ندی گه‌رمی گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
كه‌وابوو له وه‌ها قۆناخێكدا، دروست بوونی دۆخ و هه‌وایه‌كی دیمۆكراتیك له‌پێناو گه‌نگه‌شه و ئاڵوگۆڕی بیروڕا سه‌باره‌ت به پرسه سیاسی – كۆمه‌ڵایه‌تیه گرینگه‌كانی ناو ئێران، به‌تایبه‌ت پرسی گه‌لان و شوناسه جۆراوجۆره‌كانی ناو ئه‌م جوگرافیایه، بایەخێكی مێژوویی هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه له ئه‌گه‌ری هاتنه‌ئارای وه‌ها دۆخ و هه‌وایێكه كه ده‌كرێت به هێنانه‌به‌رباسی راوبۆچوون و ئێستراتژیگه‌لێكی جیاواز، له‌پێناو ده‌ركه‌وتن و قوتاربوون له‌م قه‌یران و كێشه‌گه‌له دژوارانه، هه‌نگاوێكی هه‌ره‌قه‌تی هه‌ڵبگیردرێت.
به‌چاوخشانێك به سه‌ر دۆخی ئێران‌دا، ده‌بینین كه سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه‌ی كه خوازیاری گۆڕانی دیمۆكراتیكن، له‌وانه؛ گه‌لی كورد، عه‌ره‌ب، به‌لووچ، ئازه‌ری و گه‌لانی دیكه، ئه‌و ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرانه كه ده‌چه‌وسێنه‌وه، وه‌ك؛ یارسان، به‌هایی، مه‌سیحی و زه‌رتشتی، هه‌روه‌ها؛ هێزه سوسیالیست، چه‌پ، فمێنیست، ئانارشیست و هه‌موو ئه‌و لایه‌نه سیاسی و كۆمه‌لایه‌تییانه كه خوازیاری ئازادی، به‌رابه‌ری و دیمۆكراسین، رووبه‌ڕووی توندترین سیاسه‌ته ئه‌منییه‌تییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوونه‌ته‌وه. نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی پێویست و چه‌ترێك كه سه‌رجه‌م ئه‌م هێزانه، له هه‌ر نه‌ته‌وه، فه‌رهه‌نگ و باوه‌ڕێك له‌ده‌وری یه‌ك كۆبكاته‌وه، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامی به ده‌ستكراوه‌یی و به‌بێ پارێز كردن، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه و به‌رژه‌وندیخوازانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه گرینگ و هه‌ستیاره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناو ئێران بكات. ئه‌نجام و لێكه‌وته‌ی ئه‌مه‌ش، ئه‌و دۆخه‌یه كه ئه‌وڕۆكه گه‌لانی ئێران تێیكه‌وتوون. ره‌چه‌كوژی فه‌رهه‌نگی گه‌لان، نه‌بوونی ئازادی راده‌ربڕین و به‌رێكخستن كردن، له‌سێداره‌دانی گیراوانی سیاسی، تیرۆر و میلیتاریزمی بێ سنووری ده‌وڵه‌ت له دژی كۆمه‌ڵگا، به‌تایبه‌ت له دژی گه‌لانی خۆڕاگر، ته‌نیا وێنه و سووچێكه له‌و دۆخه‌ی كه گه‌لانی ئێران تووشی هاتوون و تێیكه‌وتوون.
به‌ڕای ئێوه ره‌گ و ریشه یان به‌واتایه‌كی دیكه، هۆكاره بنه‌ڕه‌تییه‌كانی قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كانی ئێران كامانه‌ن و بۆ هه‌تا ئێستا تێكۆشانی هێز و لایه‌نه دیمۆكراسی خوازه‌كان نه‌گیشتووه به ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆ؟
فوئاد بێریتان: ئه‌گه‌ر ئامانجمان بنكۆڵ و لێكۆڵینه‌وه‌ی قووڵ له‌سه‌ر پرسی گه‌لانی ئێران و دیارده‌گه‌لێكی زۆری به‌م چه‌شنه‌یه، ئه‌وا ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌كی راستمان له سیسته‌می جیهانی و جه‌وهه‌ره‌كه‌ی هه‌بێ. له‌م سه‌رده‌مه‌دا، سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی له سه‌رجه‌م گۆڕه‌پانه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، خۆی زاڵ كردووه؛ به‌ڵام ئه‌وه به واته‌ی ئه‌وه نیه كه هیچ خاڵی لاواز و شوێنی زیان پێگایندنی نیه. پێویسته له هۆكاره‌كانی ئه‌نجام نه‌گرتن له تێكۆشانه‌كانی هێزه دیمۆكراتیكه‌كان له ساڵانی رابڕدوو تێبگه‌ین و له‌پێناو تێپه‌ڕكردنی، هه‌نگاوگه‌لێكی بونیادنه‌رانه و به‌كاریگه‌ر هه‌ڵبگیردرێت. یه‌ك له‌و هۆكارانه، كاریگه‌رییه‌كانی نه‌ته‌وه‌گه‌رایی شه‌ڕانگێز و قه‌یراناوییه كه ته‌نیا خزمه‌تی سیاسه‌تی " پارچە بکە و حكومه‌ت بكه" ی هێزه ئه‌مپریالیستیه‌كانی كردووه. له‌رۆژی ئه‌وڕۆشدا، هێندێك له ره‌وته پان ئێرانیست، پان توركیست و بگره پان كوردیسته‌كان له‌م ئاراسته‌یه‌دا چالاكن. هۆی دیكه، نه‌بوونی میكانیزمی پاراستنی هێزه دیمۆكراسی و ئازادیخوازه‌كانه كه زۆربه‌ی كات له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی میلیتاریسمی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، سه‌ركوت كراون.
یه‌كی دیكه له هۆكاره‌كان، رێك نه‌كه‌وتن له سه‌ر مودێلێكی ئاڵترناتیوه كه له چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌دا، كۆمه‌ڵگا بۆخۆی راسته‌وخۆ چالاكی سیاسی بكات و له دۆخی پاشكۆبوون به ره‌وت و لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتخوازه ده‌وڵه‌تیه‌كان رزگاری بێت. به‌م پێی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه كه سیسته‌مێكی پاوانخوازه، به‌رده‌وام پیرۆز و به‌رزكراوه‌ته‌وه و به‌و ئه‌ندازه‌ش كۆمه‌ڵگا له هێزی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بێ به‌ش كراوه.
به‌مه‌ترسی زانینی هه‌ر جۆره ره‌وتێكی دیمۆكراسی خواز و شوناس خوازی گه‌لان كه هه‌م له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هه‌م له لایه‌ن زۆرێك له لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌كان كه نه‌ته‌وه‌گه‌رایی به‌بنه‌ما ده‌گرن، هۆكارێكی دیكه‌ی لاوازیی هێزه دیمۆكراسی خوازه‌كانه كه بۆ خۆدوورگرتن له تانه و ته‌شه‌ر و هه‌ڕه‌شەی ئه‌و هێزانه، له كاروانی تێكۆشانی دیمۆكراسی خوازی جیا ده‌بنه‌وه. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه ره‌وته دیمۆكراسی خواز و شوناس خوازه‌كانی گه‌لانی ئێران، له كورد و عه‌ره‌ب و به‌لووچ، هه‌تا توركمه‌ن، گیله‌ك، مازه‌نی و هتد، به‌ستێنی دیمۆكراسی هه‌رێمی پێكده‌هێنن و ده‌توانن رێگای به‌ڕووی سیاسه‌تی دیمۆكراتیك له ئێران بكه‌نه‌وه.
هێرشه راسته‌وخۆكانی كۆماری ئیسلامی به ئامانجی سڕینه‌وه‌ی ره‌وته گۆڕانخوازه دیمۆكراتیكه‌كان له گۆڕه‌پانی سیاسی ئێران و هێرشه‌كانی لیبرالیزم به هزر و ئه‌ندێشه‌ی سوسیالیستی، هۆكاری دیكه‌ی لاوازیی ئه‌م هێزانه‌یه. لیبرالیزم به بڵاوكردنه‌وه و په‌ره‌پێدان به‌م فكره هه‌ڵه‌یه كه گوایا به رێگای مافی تاكه‌كه‌سی و دیمۆكراسی لیبراڵ ده‌كرێت پرسه گرینگ و هه‌ستیاره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، له‌هه‌وڵی بێ هێز كردن و سڕینه‌وه‌ی بزاڤه سوسیالیستی و گۆڕانخوازه‌كانه. ئه‌مە له حاڵێكدایه كه مودێلی دیمۆكراسی كۆمه‌ڵایه‌تی، جه‌وهه‌رێكی سوسیالیستی هه‌یه. روون و ئاشكرایه كه پێویستی به مودێلێك هه‌یه كه هاوسه‌نگی له‌نێوان تاك و كۆمه‌ڵگای تێدا گونجا بێت و له‌به‌رچاو گیرابێت؛ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه تاك و كۆمه‌ڵگا ته‌واوكه‌ری یه‌كترن و به‌بێ هه‌بوون و ئازادی یه‌ك له‌وانه، هه‌بوون و ئازادی ئه‌وه‌ی دیكه مسۆگه‌ر نابێت.
دژایه‌تی ژن یه‌كی دیكه له خسڵه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هه‌ر ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێرانه. هه‌رچه‌ن ژن له بزووتنه‌وه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئێران رۆڵی هه‌بوو؛ به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه به‌و پێگه و شوێنه‌ی كه لایقی بووه. مودلێك كه تێیدا ژن نه‌بێ به كه‌سێكی بكه‌ری خاوه‌ن هزر و چالاك، ناتوانێت ببێت به مودێلێكی دیمۆكراتیك، كارامه و خاوه‌ن چاره‌سه‌ری. دیمۆكراسییه‌كی رادیكاڵ كه بیهه‌وێت پرسه كۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسیه گرینگه‌كانی ئێران چاره‌سه‌ر بكات، ناچاره كه به‌دوور بێ له هه‌رچه‌شنه ره‌گه‌زپارێزی و جیاوازی چینایه‌تی.
كۆدار چ مودێلێكی له‌به‌رچاوه یان پێشكه‌شی كردووه؟
فوئاد بێریتان: ئێمه وه‌ك كۆمه‌ڵگای دیمۆكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كۆدار) و هه‌روه‌ها "پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)" یش ، مودێلی ئاڵترناتیومان بۆ چاره‌سه‌ری پرسی گه‌لانی ئێران پێشنیار و پێشكه‌ش كردووه. ئه‌م مۆدێله له بواری تیۆریه‌وه له سه‌ر تێزی "نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك" دارێژراوه و خاوه‌ن پێكهاته‌یه‌كی كونفێدراڵی دیمۆكراتیكه. سیسته‌می كۆدار كه پژاك له پاش یه‌ك ده‌یه تێكۆشان، پێشه‌نگایه‌تی بۆ دامه‌زراندنی كرد و ئێستاكه وه‌ك حزبێك له‌ژێر ئه‌م چه‌تره به‌رفراوانه‌ی كۆداردا درێژه به خه‌بات و تێكۆشانی خۆی له‌پێناو پێشخستنی ئازادی و دیمۆكراسی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران ده‌دات، ئه‌نجام و نموونه‌ی كرداری ئه‌م مۆدێله‌یه.
ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ی ناوه‌ندی له ئێران به‌رده‌وام ده‌یهه‌وێت له رێگای سه‌ركوت و زه‌خته‌وه، ره‌نگ و فره‌چه‌شنیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، شووناسه فه‌رهه‌نگی – ئایینیه‌كان و ره‌وته سیاسی و باوه‌ڕییه زۆره‌كان بخاته چوارچێوه‌ی پێكهاته‌یه‌كی یه‌ك نه‌ته‌وه‌یی. واته نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه له‌ناو ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا تواوه‌ته‌وه، ئیراده‌ی سیاسی له‌ده‌ست داوه و هێزی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری لێ زه‌وت كراوه. به‌ڵام ئه‌و نه‌ته‌وه دیمۆكراتیكه كه ئێمه وه‌ك ئاڵترناتیو باسی لێوه ده‌كه‌ین، نه‌ته‌وه‌یه‌كی ناده‌وڵه‌تیه كه له فره‌چه‌شنی و ره‌نگه كۆمه‌ڵایه‌تیه جۆراوجۆره‌كان پێكهاتووه و هه‌ر نه‌ته‌وه و لایه‌ن و ره‌وتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌ناویدا خاوه‌ن هێزی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریه. كۆنفیدراڵیسمی دیمۆكراتیك، فۆرمی به‌ڕێوه‌به‌رییه‌كی سیاسییه كه نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك بۆ خۆی بونیادی ده‌نێت.
كۆنفێدڕالیسمی دیمۆكراتیك چه‌ترێكی به‌رین و كراوه‌یه بۆ هاوئاهه‌نگی و پێكه‌وه بوونی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییه‌كان و ره‌وت و لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وه‌ك: هێز و لایه‌نگرانی ژینگه، ته‌عاونییه‌كانی كرێكاری، رێكخراوه دیمۆكراتیكه‌كانی ژنان و هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی دڵخواز و له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كگرتووییه‌كی زهنییه‌تی له‌ده‌وری به‌هاكانی ئازادی و به‌رابه‌ری كۆده‌بنه‌وه. ئه‌م ئازادی و به‌رابه‌رییه، له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتنه له جیاوازییه‌كان. هه‌رچه‌شنه جیاوازی فه‌رهه‌نگی، ئایینی، زمانی و نه‌ته‌وه‌یی به‌جۆرێك له ده‌وڵه‌مه‌ندی و فه‌كته‌رێكی به‌بایەخ ده‌زانین بۆ به‌رزكردنه‌وه و به‌هێزكردنی دیمۆكراسی. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و شته‌یه كه گه‌لانی چه‌وساوه‌ی ئێران پێویستیان پێی هه‌یه. ئه‌م گه‌لانه، ساڵهای ساڵه كه برینی ئاسمیلاسیۆن (تواندنه‌وه)، حاشا، له‌ناوبردنی فه‌رهه‌نگی و نه‌بوونی پێگه‌یه‌كی سیاسی دیمۆكراتیك له‌سه‌ر له‌شیانه. ئێمه دیمۆكراسی رادیكاڵی گه‌لان به مه‌رهه‌م و ده‌رمانێك ده‌زانین بۆ ئه‌م برین و ئازارانه. له به‌رامبه‌ر ناوه‌ندگه‌رایی ره‌های ده‌وڵه‌ت كه بۆ په‌راوێزخستن، یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك ده‌ست كردن و له‌ناوبردن، به‌رده‌وام كۆمه‌ڵگا و شارۆمه‌نده جیاواز و فره‌شوناسه‌كان وه‌ك" ئه‌وانه‌ی دیكه" پێناسه ده‌كات، مۆدێلی كۆنفێدراڵیسمی دیمۆكراتیك ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی به‌شداربوونێكی ئازاد، به‌رابه‌ر و به‌دڵخواز ده‌دات به هه‌مووان. ئه‌م مۆدێله، سیسته‌مێكی كارامه و گونجاوه بۆ پێكه‌وه ژیانی فه‌رهه‌نگ و شووناسە كۆمه‌ڵایه‌تیه جیاوازه‌كان كه به درێژایی هه‌زاران ساڵ پێكه‌وه بوونه و له زۆر بواردا، خاوه‌ن خاڵی هاوبه‌شن. له به‌رامبه‌ر ئه‌ونه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تیه‌ی كه لایه‌ن ده‌سه‌ڵات و رژێمه سه‌ره‌ڕۆكانی ئێرانه‌وه كز و لاواز كراوه، پێكهاتنی نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك ئه‌و تین و توانایه ده‌دات به كۆمه‌ڵگا كه به‌هه‌موو فه‌ره‌چه‌شنی و جیاوازییه ناوخۆییه‌كانیه‌وه خۆی به‌ڕێوه‌ببات. له‌به‌رامبه‌ر دۆخی بێ به‌شی گه‌لانی ئێران له مافه‌كانی شارۆمه‌ندی، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری و پاراستنی جه‌وهه‌ری، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیمۆكراتیك ده‌توانێت هه‌بوون و ئازادی گه‌لانی ئێران بپارێزێ و مسۆگه‌ر بكات. ئێمه پێشتریش له‌پێناو گه‌یشتن به وه‌ها مودێلێك، جه‌ختمان له‌سه‌ر رێبازی چاره‌سه‌ری دیمۆكراتیكی پرسی گه‌لانی ئێران له رێگای كرانه‌وه‌ی سیاسی و جێبه‌جێ كردنی داخوازه كه‌ڵه‌كه كراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێران، كردۆته‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات هه‌روه‌ها سوور بێت له‌سه‌ر سیسته‌می حوكمڕانی هه‌یی و به‌تایبه‌ت سه‌باره‌ت به پرسی گه‌لان نه‌رمی نه‌نوێنێت، چ دۆخێك دێته ئاراوه؟
فوئاد بێریتان: بێ گومان، پێداگری سیسته‌می حوكمڕانی ئێران له‌سه‌ر به‌رده‌وامی دان به ناوه‌ندگه‌رایی و پێكهاته‌ی دۆگماتیكی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه هه‌یی، هه‌روه‌ها نه‌رمی نه‌نواندن له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه‌كان و كێشه‌ی گه‌لان، به واتای پێداگری كردنه له‌سه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنی پرس و گرفته‌كان. له‌ئه‌گه‌ری پێداگیری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێران له‌سه‌ر چاره‌سه‌رنه‌كردنی پرسی گه‌لان، مودێلی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیمۆكراتیك، به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ كردنی هه‌مان بناغه‌ی "مافی ده‌ستنیشانكردنی چاره‌نووسی گه‌لان به ده‌ستی خۆیانه "له رێگای دیمۆكراتیك و ناده‌وڵه‌تی". له‌م حاڵه‌ته‌دا، له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی زاڵ، په‌نا بۆ پاراستنی ره‌وای جه‌وهه‌ری ده‌برێت.
به‌ڕای ئێوه كۆمه‌ڵگای ئێران ئاست و ئاماده‌یی پێویستی بۆ دۆخێكی وه‌ها هه‌یه؟
فوئاد بێریتان: بابه‌تی گرینگ ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئاماده‌كاریمان هه‌بێ بۆ هه‌ر دوو حاڵه‌تی ئاماژه پێكراو كه رێبازێكی دیمۆكراتیكن له‌پێناو چاره‌سه‌ری پرسه‌كان. پژاك له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه ئاستی زانیاری و سیاسی گه‌لانی ئێران ئه‌وه‌نده هه‌یه كه بزووتنه‌وه، رێكخراو و حزبه‌كان بتوانن وه‌ها رێكارێك له‌بواری كرداریه‌وه بگرنه به‌ر. ئێمه رێكاری نه‌ته‌وه‌ی دمۆكراتیك له چوارچێوه‌ی كۆدار، له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جێبه‌جێ ده‌كه‌ین و ئه‌م مۆدێله‌ش بۆ گه‌لانی دیكه‌ی ئێران پێشنیار ده‌كه‌ین. ئه‌مه به مۆدێلێكی ئاڵترناتیو ده‌زانین و له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه سووربوون له‌سه‌ر رێكارگه‌لێكی نه‌ته‌وه‌گرایی و كلاسیك، ته‌نیا گه‌لان تووشی زه‌ره‌ر و زیان ده‌كات.
رێكاری نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك كه ئێمه باسی لێوه‌ده‌كه‌ین، به روانگه و ئامێزێكی كراوه‌وه ته‌ماشای شوناس و جیاوزییه‌كان ده‌كات. ده‌كرێت ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه بكه‌ین به به‌شێك له كاره‌كته‌ری بزووتنه‌وه تێكۆشه‌ره‌كانی گه‌لانی ئێرانیش. ئێمه له‌و باوه‌ڕه‌داین كه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م پڕش و بڵاویه‌ی هه‌یی و گه‌یشتن به هاوئاهه‌نگی و پێكه‌وه‌بوونی پێویست بۆ تێكۆشانی دیمۆكراسی خوازانه‌مان، ده‌توانین به‌ستێنه‌كه‌ی دابین بكه‌ین.
ئایا هه‌تا ئێستا پرۆژه یان گه‌ڵاڵه‌یه‌ك له لایه‌ن هێزه ده‌ركییه‌كان یا ده‌سه‌ڵاتی ئێران بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی له قه‌یرانه‌كان باسی لێكراوه یان پێشكه‌ش كراوه؟ ئێستراتژی ئێوه چیه؟
فوئاد بێریتان: رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گۆڕه‌پانی ئاگر و خوێن و شه‌ڕه. هه‌تا ئێستا نه هێزه جیهانییه‌كانی سه‌رمایه‌داری و نه ده‌وڵه‌ت _ نه‌ته‌وه بناژۆخوازه‌كانی هه‌رێمی، به‌تایبه‌ت ئێران، خاوه‌ن هیچ پلان وبه‌رنامه‌یه‌كیان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان پێشكه‌ش نه‌كردووه و كرده‌وه‌كانیان ته‌نیا پرسه‌كانی ئاڵۆزتر و قووڵتر كردۆته‌وه. قه‌یرانه‌كان رۆژبه‌رۆژ به‌ربڵاوتر ده‌بن و پێویستی به ئێستراتژییه‌كی نوێ هه‌یه كه توانای گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری و ده‌ركه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌بێ. ئێمه ئه‌م ئێستراتژیه سیاسیه وه‌ك "هێڵی سێهه‌م" پێناسه ده‌كه‌ین. واتا، نه سه‌ردانه‌واندن له‌به‌رامبه‌ر سه‌ره‌ڕۆیی، هژمۆنی خوازی و سه‌ركوتی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و نه، خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی شه‌ڕئه‌نگێزانه و شه‌ڕفرۆشانه‌ی هێزه‌كانی سه‌رمایه‌داری. به‌دیاری كراوی، ئێمه وه‌ك كۆدار و پژاك له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران ئه‌م ئێستراتژیه به بنه‌ما ده‌گرین.
ئه‌نجام و به‌رهه‌می هژمۆنی خوازی له هه‌رێمی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، دروست بوونی تیرۆریسمێكی ناوده‌وڵه‌تی له چه‌شنی داعش و شه‌ڕگه‌لێكه به رووپۆشی ئایینی_ نه‌ته‌وه‌گه‌رایانه كه هه‌موو ده‌وڵه‌ت و گه‌لانی كێشاوه‌ته ناوخۆ. له ئه‌گه‌ری پێشنه‌خستنی چاره‌سه‌ری دیمۆكراتیك له ئاست ئێران، هه‌ر ئان و سات مه‌ترسی ئه‌وه‌ی كه ئێران تووشی دۆخێكی وه‌ك عێراق و سووریه ببێت، له ئارادایه. كه‌وابوو، خێراتركردنی تێكۆشانه دیمۆكراتیكه‌كان له ئێران گرینگییه‌كی ژیانی په‌یدا كردووه.
زۆر روون و ئاشكرایه كه كۆماری ئیسلامی به پێداگری له‌سه‌ر سیاسه‌تگه‌لێكی فاشیستی و دژه‌گه‌لی كه هه‌تا ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ئێرانش بڵاوه‌ی پێكردووه، بۆته مه‌ترسییه‌كی جیدی بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی ئێران و هه‌رێمه‌كه. به‌وچه‌شنه‌ی كه تاقه رێگای رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تیرۆریسمی ناوده‌وڵه‌تی له جۆری توركیا، پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی دژه فاشیستی و به‌رخۆدانێك له‌چه‌شنی به‌رخۆدانی كۆبانیه، له به‌رامبه‌ر فاشیسمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش، پێویسته به‌ره‌ی یه‌كگرتووی دیمۆكراتیكی گه‌لان ئێران پێشبخرێت و به‌هێز بكرێت. دژه‌ژه‌هری بونیادگه‌رایی، فاشیسم و سه‌ره‌ڕۆیی، ته‌نیا و ته‌نیا "مۆدێلی دیمۆكراسی ناوچه‌یی، هه‌رێمی و جیهانی" یه. له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه هه‌م رئاڵیته‌ی مێژوویی و هه‌م ئه‌زموونی به‌شكۆی تێكۆشانی سیاسی گه‌لانی ئێران، ده‌توانێت مۆدێلێكی دیمۆكراسی ناوازه و سه‌ركه‌وتوو بخولقێنێت و ده‌سته‌به‌ر بكات. به‌سه‌رنجدان به مه‌ترسی ده‌ركه‌وتنی جۆره‌كانی دیكه‌ی نوێی داعش، حزبۆڵا و مۆره‌كانی دیكه‌ی شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆ، كوشت و بڕ و تراژدیه‌كانی به‌رهه‌م و ئه‌نجامی شه‌ڕی سێهه‌می جیهانی، پێوسته ده‌رفه‌تی هه‌نووكه به‌باشی به‌كاربهێنرێت تا هه‌نگاوێكی جیدیی له‌پێناو یه‌كگرتوویی له تێكۆشانه دیمۆكراتیكه‌كانمان هه‌ڵبگرین.
كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌میشه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه كه كێشه ناوخۆییه‌كانی خۆی بشارێته‌وه. ده‌یهه‌وێت پرسی كورد، پرسی عه‌رب، پڕسی به‌لووچ، پرسی به‌هایی، پرسی ژن، پرسی ژینگه، پرسی كرێكاران، ئه‌وانه‌ی مه‌عاش وه‌رده‌گرن، خانه‌نشینان و زۆر جۆره‌ی دیكه‌ی كێشه و گرفت بشارێته‌وه یان حاشای لێبكات. ده‌موچاوی فاشیستی و سه‌ره‌ڕۆی خۆی له‌ژێر ده‌مامكی ره‌وایی په‌یداكردن له دیپلۆماسی ئێمتیازدانی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌شارێته‌وه و به‌م شێوه‌یه هه‌وڵ ده‌دات تا ئۆپۆزسیۆن و هێزه گۆڕانخوازه‌كان بێ كاریگه‌ر بكات. له‌به‌رامبه‌ر وه‌ها دۆخێكیدا، بانگه‌وازی له هه‌موو لایه‌ن و ره‌وته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێران ده‌كه‌ین تا یه‌كیێتیه‌كی دیمۆكراتیك پێكبهێنن.
كۆدار له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه كه ئه‌و مۆدێله دیمۆكراتیكه كه باسی لێوه‌ده‌كه‌ین، چه‌ترێكی هاوبه‌شه بۆ ئاماده‌بوونی ئازادانه‌ی هه‌موو گه‌لان، له كورد و عه‌رب و به‌لووچ وه بگره تا ،ئازه‌ری، توركه‌مه‌ن، گیله‌ك، مازه‌نی و فارس. ئه‌و مۆدێله‌ی ئێمه، ماڵی هاوبه‌شی یارسان، به‌هاییی، مسیحییه‌كان، كه‌لیمییه‌كان، زه‌رتشتییه‌كان، سونه و شیعه‌یه. ئه‌و مۆدێله‌ی ئێمه، ماڵێكی ئه‌من و ئارامه بۆ ئه‌رمنی، ئاشوری، كه‌لدانی، سائێبی و سه‌رجه‌م شوناسه مێژوویه‌كانی ئێران كه ئه‌وڕۆكه له ژێر ناوی "كه‌مینه بوون" رووبه‌ڕووی مه‌ترسی له‌ناوچوون كراونه‌ته‌وه. ئه‌م مۆدێله‌ی ئێمه، وه‌ڵامێكی مێژوویه به ئازادیخوازی ژنانی ئێران، گۆڕه‌پانێكی به‌شكۆیه بۆ ئاماده‌بوون هه‌موو ئه‌ندام و پێكهێنه‌رانی مودڕنیته‌ی دیمۆكراتیك، له سوسیالیست، فێمینیست و ئێكۆلوژیسته‌كانه‌وه بگره هه‌تا، بزووتنه‌وه فه‌رهه‌نگیه‌كان و ره‌وت و لایه‌نه ئایینی و باوه‌ڕییه‌كان كه خاوه‌ن جه‌وهه‌رێكی دژه داگیركاری و دژه‌سه‌رمایه‌داری بن. ئه‌و مۆدێله‌ی كه كۆدار و پژاك وه‌ك رێگاچاره پێشنیاری ده‌كه‌ن، به‌ڕووی فه‌ره‌ڕه‌نگی و فه‌ره‌چه‌شنیدا (پلۆرالیسم) كراوه‌یه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی دیمۆكراتیك یه‌ك ده‌خوێننه‌وه و هاوئاهه‌نگه؛ كه‌وابوو ده‌كرێت رێكخراو و رێكخستنه جیاوازه سیاسی و مه‌ده‌نیه‌كان له‌ناویدا به‌جێ بكرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه جیاوازییه ره‌چه‌یی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، زمانی و فه‌رهه‌نگییه‌كان ببن به هۆی دووبه‌ره‌كێ و كێشه. واتا ئه‌و سیاسه‌ته دیمۆكراتیكه كه باوه‌ڕمان پێی هه‌یه، ده‌رفه‌ت و ئێمكانی یه‌كگرتوویی وێڕای جیاوازییه‌كان به‌هه‌موومان ده‌به‌خشێت. وه‌ك گه‌لانی ئێران هه‌م، شوناسی یه‌كه یه‌كه‌مان ده‌پارێزرێت و هه‌م، ده‌گه‌ین به یه‌كیێتییه‌كی دیمۆكراتیك بۆ تێكۆشانی هاوبه‌ش له‌پێناو چاره‌سه‌ری كێشه و گرفته‌كانمان.
له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی به‌رخۆدان و تێكۆشانی ماندوونه‌ناسانه‌ی گه‌لانی ئێران، پێویسته سه‌ره‌تا رۆح و خواستی هاوئاهه‌نگی و یه‌كیێتی له‌ناو بزووتنه‌وه و رێكخستنه پێشه‌نگه‌كان پێكبهێنرێت. به‌باوه‌ڕی ئێمه، ئه‌و رێكخستنه سیاسی _ مه‌ده‌نییانه كه به‌شوێن وه‌رگرتنی ماف و داخوازییه دیمۆكراتیكه‌كانی نه‌ته‌وه، شوناس و فه‌رهه‌نگه جۆراوجۆر و جیاوازه‌كانی ناو ئێرانه‌وه‌ن، پێویسته زیاتر له جاران ئه‌و توانا و ده‌رفه‌تانه‌ی كه له‌به‌رده‌ستیاندایه، بكه‌ن به یه‌ك. ته‌نیا به روانگه‌یه‌كی وه‌هاوه ده‌كرێت له‌ناو دڵی قه‌یران، ئێش و ئازار و ئه‌و تراژدییانه‌ی كه گه‌له‌كانمان تووشی بوونه، مزگێنی ده‌ركه‌وتن و سه‌ركه‌وتنی دیمۆكراسی و ئازادی بده‌ین.
ژ.ت