گەڕەکێکی کوردی کەرکوک، شکستی بەداگیرکارییەکانی سوپای عێراق هێنا

بەهۆی بەرخۆدانی خەڵکی گەرەکی نەورۆزی شاری کەرکوک، سوپای عێراق شکستیهێنا بە داگیرکردنی گەڕەکەکە و سوپاکەش ناچار بەکشانەوە کرا.

ماوەی چوار رۆژە سوپای عێراق چووەتە سەر ١٧٢ خێزانی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکوک کە دانیشتووانەکەی کوردن، دەیەوێت بە زەبری هێز ماڵەکانیان پێ چۆڵ بکات و بەبیانوی ئەوەی ئەو زەویانە موڵکی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق بوونە لەسەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا.  

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارودۆخەکە گرژیی لێکەوتەوە، کاتێک کە سوپای عێراق دەیویست ماڵە کوردەکان دەربکات و خەڵکی عەرەبی تێدا نیشتەجێ بکات، هاونیشتمانییانی گەڕەکەکە لەنێو کۆڵانەکاندا گردبوونەوە و رەتیانکردەوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و کوردانی گەرەکەکە دووپاتیان کردەوە و ووتیان"ئێمە لێرە ناڕۆین".

جێگای باسە، لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک ١٢٢ خانووی گەورە هەن کە ١٧٢ خێزانی کوردی تێدا دەژین، ئەو خانووانە لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە بۆ کەسانی نزیک لە حیزبی بەعسەوە دروستکرابوون، بەڵام دوای پرۆسەی ئازادی عێراق ئەو خانووانە چۆڵبوون و ئەو خێزانە کوردانەی کە خەڵکی ڕەسەنی شاری کەرکوک بوون و ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بووبوون، گەڕانەوە و لەو خانووانەدا نیشتەجێ بوون.

جێگای باسە، لەماوەی ٦ ساڵی ڕابردوو لە کەرکوک پرۆسەی بە عەرەب کردنێکی بەپلان بەڕێوەدەچێت کە رۆژ لەدوای رۆژ پلانەکان زیاتر دەبن، چاودێران و لایەنە سیاسییە کوردییەکان هەوڵەکانی سوپای عێراق بە بەشێک لە پرۆسەی بەعەرەب کردن تۆمەتبار دەکەن چونکە بەردەوام دژی کورد کاردەکەن و پشتیوانی لە عەرەبی هاوردە دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر ناوچە کوردنشینەکانی شارەکە و داگیرکردنی زەوییەکانی کورد.

هەروەها، لە هاوینی ڕابردووش  سوپای عێراق ویستی دەست بەسەر ١٣٥ هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانی کەرکوکدا بگرێت، ئەمەش بەبیانووی ئەوەی کە لە سەردەمی حکومەتی رژێمی پێشووی بەعس ئەو زەویانە بەبڕیاری (کاروباری باکور)ی سەردەمی بەعس دراون بە وەزارەتی بەرگری عێراقی ئەو کات، کە ئەوکات جوتیارانی کورد و تورکمانی شارەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ ناڕەزایەتی و مانگرتنیان دەستپێکرد دژبە داگیرکردنی زەوییەکانیان لەلایەن سوپای عێراق و عەرەبی هاوردەوە تا لە کۆتایدا پرۆسەکە وەستێندرا.