گەل لە دژی بڕینەوەى دارەکان ناڕەزایەتیی نیشان دا

دوابەدوای بانگەوازیی کۆمەڵەی پارێزەرانی شرنەخ بۆ ڕاگرتنی بڕینی دارەکانی شارەکە، ١٨٠ کەس سەردانی پارێزگا و قائیمقامیان کرد.

ماوەی دوو ساڵە دارستانەکان لەلایەن جاش و جەردەوانانی گوندەکانەوە لە ناوچەی بەستای سەر بە شرنەخ و لە چیاکانی جودی و گابار بە سەرپەرشتیی سوپای تورک دەبڕێندرێنەوە و پاکتاو دەکرین. لەماوەی ٢ ساڵدا دەیان هەزار تۆن دار بڕدراوەتەوە و بۆ فرۆشتن براوە بۆ شارەکانی وەک ڕحا، دیلۆک و مەرەش. بۆ ڕاوەستاندنی بڕینەوەى دارەکان تاوەکو ئێستا چەندین بانگەواز بڵاوکراونەتەوە.

لەم دواییانەدا کۆمەڵەی پارێزەرانی شرنەخ ڕاگەیاندراوێکیان بەناونیشانی "بانگەوازمان بۆ هاوڵاتیان" بڵاوکردەوە و داوایانکرد، هاوڵاتیان بۆ وەستاندنی پاکتاوکردن و کۆمەڵکوژکردنی دارستانەکان سەردانی پارێزگا و قائیمقامی شرنەخ بکەن. لە دوای ئەو بانگەوازە زیاتر لە ١٨٠ کەس لە شرنەخ، جزیر و سلۆپی بۆ ڕاوەستاندنی بڕینەوەى دارەکان سەردانی پارێزگا و قائیمقامیەتیان کرد.

بانگەوازەکە ماوەی ٢ رۆژە بڵاوکراوەتەوە لەو ماوەیەدا لە ناوەندی شرنەخ ١٥٠ کەس و لە سلۆپی زیاتر لە ٢٠ کەس و لە جزیر  زیاتر لە ١٠ کەس بۆ ڕاوەستاندنی بڕینەوەى دارەکان و بە پێشکەشکردنی داخوازینامە سەردانی پارێزگا و قائیمقامیەتیان کردووە.

کەسێک بەناوی محەمەد دارگا داخوازینامەى ئامادە کردبوو و خواستی پێشکەشی قائیمقامی جزیری بکات، بەڵام قائمقامیەت بە پاساوی ئەوەى ناتوانێت ئەو داخوازینامەیە قبوڵ بکات، بۆیە دارگا ڕووی لە پارێزگای شرنەخ کرد و ئەو داخوازینامەیەی ئامادەی کردبوو، بە پۆست بۆ پارێزگای شرنەخی ڕەوانە کرد.

هەروەها، کۆمەڵەی پارێزەرانی شرنەخ جارێکی دیکە داوای لە هاوڵاتیان کرد، ڕەشنووسی داخوازینامەکە واژۆ بکەن و ڕەوانەی پارێزگا و قائیمقامیەتی بکەن.

ژ.ت