گەلی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) چوار ڕۆژە دژی هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدان و تەلبەندکردنی کەمپەکە بەرخۆدان دەکەن، هەروەها سەبارەت بە هێرشەکەی سەر شەنگال ڕاگەیاندراوێک بڵاودەکەنەوە.
ڕاگەیاندراوەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەستیپێکرد، ڕاگەیاندراوەکە لەلایەن هاووتەبێژی کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخمور، سوڵتان یەڵدیزتان خوێنرایەوە.
سوڵتان هێرشەکەی سەر شەنگالی شەرمەزارکرد و گوتی: «ئێمە وەک گەلی پەنابەر لە کەمپی شەهید ڕۆستەم جودی، چوار ڕۆژە بەرخۆدانێکی مەزن بەڕێوەدەبەین. ئەو بۆردوومانەی کرایە سەر شەنگال، هیچ دوور نییە لە هێرشەکانی سەر مەخمور و ڕۆژئاوای کوردستان. بەرخۆدانی ئەم چوار ڕۆژە لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور دژی فشارەکانی سوپای عێراق، گرێدراوە بە هێرشەکەی سەر شەنگالەوە. کەس ناتوانێت فریومان بدات؛ چونکە ئازاری هەموو گەلی کورد یەک ئازارە، چونکە ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەرمان، پێکەوەبەستراو و هاوکاتن. ئەوەتا لە دوێنێوە فڕۆکە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەسەر شەنگال و مەخمور و ڕۆژئاوا و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەسوڕێنەوە».
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکە سوڵتان هەڵوێستی گەلی مەخموری سەبارەت بە هێرشەکەی سەر شەنگال ئاشکرا کرد و گوتی: «ئێستە وەک گەلی کورد توڕەین، ئێستە هەموومان لە بەرخۆدانێکی مەزنداین، ئازاری شەنگال ئازاری ئێمەیە، هاوبەشی ئێش و ئازاری گەلەکەمانین لە شەنگال، ئێمەش هەڤاڵی ئازارەکانیانین. هەر شەهیدێک جێگەیەکی تایبەتی لە دڵماندا هەیە. دۆز و داوامان یەکێکە، ئەمڕۆ هەموومان لەژێر ئەم تۆز و تۆفانەدا بەرخۆدان دەکەین. ئێمە وەک بنەماڵەی شەهیدان و گەلی مەخمور لەپێناو شکۆ و ئیرادەمان پشتیوانی ئێوە دەکەین. بمرێت ڕەنجخۆریی و داگیرکاری».
لەکۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا درووشمەکانی «بژی سەرۆک ئاپۆ»، «بژی بەرخۆدانی مەخمور»، «بژی بەرخۆدانی شەنگال» بەرزکرایەوە.
ف.ق