گۆنای: ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپە ـ مەهەپە لەپرسی كورددا وەكو یەك بیردەكەنەوە

وتەبێژی (هەدەپە)، رایدەگەیەنێت؛ ژمارەی دەنگەكانی شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكە لەلایەك و ئاكپارتی و مەهەپە لەلایەكی دیكەوە بەشی ئەوە ناكات، بەتەنها حكومەت پێكبهێنن، باس له‌وه‌شده‌كات ئۆپۆزسیۆن و ئاكەپە ـ مەهەپە لەپرسی كورددا وەكو یەك بیردەكەنەوە.

ئەبرو گونای، وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، رایدەگەیەنێت؛ ژمارەی دەنگەكانی شەش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكە لەلایەك و ئاكپارتی و مەهەپە لەلایەكی دیكەوە بەشی ئەوە ناكات، بەتەنها حكومەت پێكبهێنن، سەرەڕای ئەوەی كە دەسەڵات دەسەڵاتی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا ئۆپۆزسیۆن هێزێكی یەكگرتوویی پێكنەهێناوە. لەتوركیا هەم حكومەت و هەمیش ئۆپۆزسیۆن لەزۆر پرسدا هاوشێوەن، بەتایبەتی لە رووی چارەسەری پرسی كوردەوە و هەدوولا لەیەكدەچن. هیچ بەرنامە و پلانێكیان بۆ چارەسەری پرسی كورد نییە.

ئەبرو گونای راشیدەگەیەنێت، بەم نزیكانە هاوپەیمانیمان لەگەڵ لایەنە كوردیەكان رادەگەیەنین.

لەچاوپێكەوتنێكی ماڵپەڕی خەندان لەگەڵ وتەبێژی پارتی دیموكراتی گەلان؛ ئەبرو گونای، تیشك دەخاتە سەر زۆر بابەت و پرسی گرنگ سەبارەت بە، هاوپەیمانی لایەنە كوردیەكان و پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی توركیا و نزیكبوونەوەی حكومەت و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەپرسی كورد و مەرجەكانی هەدەپە بۆ رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا.

ئەبرو گونای لەسەر هاوپەیمانی لایەنە كوردیەكان دەڵێت؛ پێشتر هاوپەیمانیمان لەگەڵ حیزبە كوردستانیەكانیەكان لەباكوری كوردستاندا هەبوو، ئێمە هاوپەیمانیەكەمان لەگەڵیاندا نوێ و بەهێز دەكەینەوە. لەگەڵ دام و دەزگا و كەسانێك كۆدەبینەوە كە پارێزگاری لە دیموكراسی دەكەن و ناوی هاوپەیمانیەكەمان"هاوپەیمانی دیموكراسییە" و لە ٢٥ی ئابدا بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین.

هاوپەیمانیەكەمان، خاڵی گرنگ بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكانی توركیا دەخاتە روو. و هاوپەیمانیەكەشمان، هیچ پەیوەندییەكی بەهاوپەیمانی شەش پارتەكەی ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە نییە. شەش لایەنەكەی ئۆپۆزسیۆنیش لەدەوری مێزی سیاسەتی شەڕ كۆدەبنەوە. سیاسەتی شەڕخوازیش لەسەر بنەمای سیاسەتی گۆشەگیری دامەزراوە. هەر لەداگیركاری و قەیرانی ئابورییەوە بگرە تا گۆشەگیری توندی ئێمراڵی و هەموو توركیا، لەبێ دەرەتانی ژنانەوە تا كێشەكانی گەنجان، كرێكاران. ئەو كێشانە لەهیچ سیاسەتێكی ئەو شەش لایەنەدا بوونی نییە و هیچ چارەسەریەكیان لەلا نییە.

وتەبێژەكەی هەدەپە لەسەر نزیكبوونەوەی پارتەكەی لەبابەتی شەڕیش دەڵێت؛ ئێمە بەتەواوەتی دژی سیاسەتی شەڕخوازیین و ئەو خەڵكەی پشتگیریمان دەكەن، شەڕ و هەژاریان ناوێت. تەنانەت نامانەوێـت سەرچاوەكانی توركیا بۆ شەڕ و ململانێ تەرخان بكرێت.

وتەبێژەكەی پارتی دیموكراتی گەلان"هەدەپە"، ئەبرو گونای لەسەر گوشەگیری توندی سەر رێبەری گەلی كورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان لەزیندانی ئیمرالیش دەڵێت؛ ئێمە گۆشەگیری قەبوڵ ناكەین، هەربۆیەش لەگەڵ ئەو شەش پارتە لەسەر مێزێك دانانیشین.

لەبەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەدا، ئەبرو گونا راوەستە لەسەر شێوەی سیاسەتی هەدەپە دەكات و دەڵێت؛ ئێمە لەسەر هێڵی سێیەم، رێگای سێیەم، بنیاتنانەوە و فراوانكردنەوەی یەكێتی دیموكراتی سیاسەت دەكەین و ئامانجی سەرەكی سیاسەتی نوێمانە و لەبەرامبەر بەداواكاری داخستنی هەدەپە، بەهێزتركردنی هەدەپە هەنگاوی ستراتیژی ئێمەیە دژی هێرشەكان، هەموو كارەكانمان و ئامادەكارییەكانمان بۆ ئەمەیە، بەتایبەتی بەهێزتركردنی خەبات بۆ ئاشتی دژی سیاسەتی شەڕ، دژی سیاسەتەكانی زیندان و گۆشەگیری، بەهێزتركردنی خەبات بۆ دادپەروەری و ئازادی و لەدژی تەسككردنەوە و سنورداركردنی سیاسەتی دیموكراسین.

هـ . ب