گەنجانی شەنگال لە دژی پیلانگێڕی و داگیرکەری رێپێوانیان ئەنجامدا

گەنجانی شەنگال لە دژی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، کە لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گارە، رێپێوانێکیان رێکخست.

رێپێوانەکە بە پێشەنگایەتیی یەکێتیى گەنجانى ئێزدی (یەجەئێ - YCÊ) و یەکێتیى ژنانى گەنجی ئێزدی (یەژەجەئێ - YJCÊ) رێکخرا و لە گەڕەکی هەینیسەری شەنگال بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی ئێزدی دەستیان بە رێپێوانەکەیان کرد.

جەماوەری رێپێوەر لە بەردەم ناوەندی ئاسایشی ئێزدخان کۆبوونەوە و بە ناوی یەجەئێ و یەژەجەئێ راگەیاندراویان خوێندەوە.

راگەیاندراوەکە لەلایەن خەمگین شەنگالی ئەندامی یەجەئێ خوێندرایەوە و پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتی تیادا ئیدانە کرابوو و هاوکات سڵاویان بۆ بەرخودانی گەریلا لە گارە نارد.

گەنجان لە راگەیاندراوەکەیاندا هێرشە داگیرکەرییەکەى دەوڵەتی تورک-یان بۆ سەر گارە و شەنگال  بە بەردەوامیی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات لێکدایەوە و راشیانگەیاند، دەبێت گەنجانی ئێزدی لە بەرامبەر هەموو هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شەنگال لە ئامادە باشیدا بن.

لە راگەیاندراوەکەدا داوا لەهەموو گەنجانی ئێزدی کرا، کە پشتیوانی لە بەرخودانی ئێزدخان و گارە و لە هەمان کاتدا خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ بکەن.

ژ.ت