گەریلا هاوار سنە: رژێمی ئێران دەیەوێت بە سیاسەتە چەپەڵەکانی بەسیج بوون ئاسایی نیشان بدات

گەریلا هاوار سنە رایگەیاند، رژێم بە سیاسەتە چەپەڵەکانی دەویەوێت بەسیج ئاسایی نیشان بدات و وتی، "هەوڵ دەدەن کارتی بەسیجی بە خەڵک و بە تایبەتی گەنجان بدەن، بەڵام دەبێت کۆمەڵگە و بە تایبەتی گەنجان هەڵوێستیان لە دژی ئەوە هەبێت".

گەریلای گەنج، هاوار سنە خەڵکی شاری سنەى رۆژهەڵاتی کوردستانە. دوای ئەوەى بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆی ناسی، گۆڕانکاریی زۆری لە خۆیدا بینی و وەک خۆی دەڵێت، بەرەو دونیای مەعنەوی دەڕوات.

گەریلا هاوار لەبارەی فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کوردەوە دەڵێت، "فەلسەفەى رێبەر ئاپۆ تەنها لە کتێبەکەکاندا ناخوێندرێتەوە. پێش ئەوەى من بەشداری ببم، کتێبەکانی رێبەر ئاپۆم دەخوێندەوە، بەڵام بە هاتنە چیا و بینینی ئەو فەلسەفە لە نزیکەوە و ژیانکردن لەگەڵی بۆچوونی من بەرفراوانتر بوو. پێناسەى من بۆ ژیان گۆڕا.  کاتێک من لە ناو سیستم دا بووم، من بە چاوی فیزیکی و ماددی سەیری ژیانم دەکرد. بۆ نمونە، من تەنها دارێکم پێناسە دەکرد و دەمخواست هەموو دارستانی پێ پێناسە بکەم. بەڵام ئەوەش ئەنجامی بە دەستەوە نەدەدا. بۆ نمونە من بڕوام بە هێز و توانایی خۆم نەبوو. ژیانم لە چوارچێوەی رەش و سپی دا یان بە شێوەیەکی وشک گرتبووە دەست، بەڵام لە فەلسەفەى رێبەر ئاپۆدا ژیانێکی کوانتۆمیک هەیە. مەعنەوێت قوڵە. وادەکات مرۆڤێک خۆی لە ناو ئاڵۆزی و کێشەکاندا پێناسە بکات و خۆی بناسێت و دەیکاتە هێزی چارەسەر. فەلسەفەی سەرۆک سات بە ساتی ژیانە و بە جەوهەریکردن و قوڵبوونەوەوە مرۆڤ لێی تێدەگات".

"گەلی سنە گەلێکی بەرخودێر و بەرەنگارن"

گەریلا هاوار سنە لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر ئەو سیاسەتانەى لەسەر سنە بەڕێودەبرێت و وتی، "سنە مێژوویەکی لە بەرخودان و بەرەنگاری هەیە. لەبەر ئەوەى گەلێکی بەرەنگار و بەرخودێری هەیە، هەموو کات لەلایەن دوژمنەوە گوشاری لەسەرە. گەل کۆمەڵکوژکراوە، دوژمن هەموو کات خواستویەتی ئەو پوتانسیل و ماتە وزەیە بکوژێت. گەلی سنە هەرگیز بەرامبەر بە دوژمن سەری دانەنەواندووە. بەرخودانی ٢٤ رۆژەى سنە، ئەو کۆمەڵکوژییەى بەسەر سنەدا هات، نیشانەى ئەو بەرخودان و بەرەنگارییەیە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و کاتێک دوژمن زانیی ناتوانێت بەو شێوەیە ئیرادەی سنە تێکبشکێنێت سیاسەتی خۆی نەرم کرد. ئەمجارە بە شێوازی نەرم دەیەوێت بەسەر گەلی سنەدا بڕوات و لە جەوهەری خۆیان دووریان بخاتەوە. تاوەکو ئێستا بە شێوازێکی وشک دەیخواست بەسەر گەل دا بڕوات، بەڵام کاتێک بینیی ئەنجام بەدەست ناهێنێت دەیەوێت بە رێگای نەرم ئەنجام بەدەست بهێنێت. بۆ نمونە تاوەکو ئێستا بە زمانی فارسی کاری فێرکارییان ئەنجام دەدا، بەڵام ئێستا ئەوە سەربەست کراوە، خەڵک خۆی بە زمانی سۆرانی فێری کولتوری خۆی بکات، بەڵام ئەوە فریودانە و بەو سەربەستکردنە کاردانەوەکان دەکوژن. مافی کولتوری و رۆشنبیریی گەلی کورد لەو رێگەیەوە زیاتر پێشێل دەکرێت. یانی ئەمجارە بە زمانی سۆرانی و بە بەکارهێنانی ئەو زمانە تواندنەوە ئەنجام دەدەن".

"بەسیج و بەسیجی لە دژی شکۆ و کەرامەتی کوردانن"

گەریلا هاوار باسی سیستمی بە جاشکردنی کرد و وتی، ئەوە بۆ شکاندنی شکۆ و کەرامەتی کوردان دەکەن و یەکێک لەم شارانەش، کە ئەو سیاسەتەى بەرامبەر ئەنجام دەدەن شاری سنەیە و وتی، "سیستمی بە جاشکردن لەلایەن سیستمەوە پێشخراوە. دەیانەوێت هەموو کەسێک ببێت بە خاوەنی ناسنامە و کارتێکی بەسیجی، لەو رێگەیەوە بەسیجیان پێشخستووە. بۆ نمونەى بەسیجی ژن، بەسیجی منداڵان، بەسیجی خوێندکاری، بەسیجی زانکۆکان، بەسیجی گەڕەک، بەسیجی گوند و... هتد. یانی لەو رێگەیەوە سیستمی سیخوڕیی پێشخستووە".

گەریلا هاوار سنە باسی ئەوەیکرد، لە ئێران دۆخەکە بە ئاستێک گەیشتوە، کە دەڵێن، 'ئەگەر کارتی بەسیجی نەبێت لە سیستمی ئێراندا ژیان زۆر قورس و ئەستەم دەبێت' و گەریلا هاوار سنە لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتیشی، "هەر لە منداڵیدا کارتی بەسیجییان پێدەدەن، بەڵام ئەوە شتێکی زۆر مەترسیدارە. لەو رێگەیەوە منداڵان لە دژی بەهای کوردان دەخەنەکار و وابەستەى دەوڵەتیان دەکەن. فێریان دەکەن هەر لە منداڵییەوە، ئیخباریی و گوزارش لەسەر دایک و باوکیان بە رژێم بدەن. باشە ئەو منداڵە دەتوانێت ببێت بە پێشەرۆژی کۆمەڵگە و نرخ و بەهاکانی خۆی بپارێزێت؟ ئەگەر بەو شێوەیە گەورە و پەروەردە بکرێت، ئەوا تەنها بۆ دەوڵەت دەبێتە کەسێکی باش و گویڕایەڵ. بۆ ئەوەش پێویستە بنەماڵەکان هۆشیار بن و لە دژی ئەو سیاسەتە بوەستنەوە. ٢٠ ساڵ لەوە پێش بەسیجی لە سنە عەیبەیەکی زۆر گەورە بوو. ئەگەر بە کەسێکیان بگوتایە "تۆ بەسیجیت" ئەو قسەیە بۆ ئەو کەسە زۆر قورس دەبوو، چونکە کۆمەڵگە ئەو کەسەى لە ناوخۆیدا قبوڵ نەدەکرد. بەڵام ئێستا سیستم کاری بە شوێنێک گەیاندووە، کە بەسیجی زۆر ئاسایی و رەوا نیشان بدات. پێویستە و بە تایبەتی ژنان و گەنجان و هەموو کۆمەڵگە لە دژی ئەو یارییەی سیستم هۆشیار بن و نرخ و بەهاکانی کورد و کوردستان بپارێزن".

ژ.ت