گوشاری سەر زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی ورمێ چڕتر دەبێتەوە

لە دژی گوشاری کاربەدەستانی زیندانی ورمێ، زیندانییەکی سیاسیی کورد هەوڵی خۆکوشتنیدا و زیندانییەکی سیاسی دیکەش ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە مانی لەخواردن گرتووە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی سێ شەممە عەبدولعەزیز گوڵ محەمەدی زیندانی سیاسی لە دژی رەتکردنەوەی داواکاری مۆڵەت لەلایەن کاربەدەستانی زیندان لە رێگەی خواردنی حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

ئەو زیندانیە بە هۆی کێشەی خێزانی و هەروەها نەخۆشی شەکرە داوای مۆڵەتی کردبوو، بەڵام پەیمان خانزادە لە دژی ئەو داواکارییە وەستابووە و دوای دەمەقاڵێی نێوانیان، عەبدولعزیز گوڵ موحەمەدی لە رێگەی خواردنی حەبەوە هەوڵیدابوو کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، بەڵام لەلایەن زیندانیانی دیکەوە رزگار کرابوو.

عەبدولعەزیز گوڵ محەمەدی تەمەن ٥٣ ساڵ کە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی دۆسیەیەکی ناسیاسیەوە لە زیندانبوو، گواسترایەوە بۆ ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و خرایە ژێر لێپێجینەوە و دواتر بە تۆمەت هوکاری لەگەڵ حزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن سزای ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤یش زیندانیەکی دیکە بە ناوی شاهین گەلەدا خەڵکی گوندی حەکی ورمێ لە دژی گوشارەکانی کاربەدەستانی زیندان و بێبەشبوونی لە مۆڵەت و خزمەتگوزاری پزیشکی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

ئەو زیندانیە تائێستا چەند جارێک لە دژی گوشاری کاربەدەستانی زیندان و ناوەندە ئەمنییەکان مانی لە خواردن گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە هەر لە زیندانی ورمێ کەیوان رەشوزادە زیندانی سیاسی کورد کە زیاتر لە هەفتەیەکە مانی لە خواردن گرتووە، تائێستاش لە ژووری تاکەکەسیدایە و سەرباری ئەوەی بە هۆی ئەشکەنجەی پاسەوانەکانی زیندانەوە بریندارە، بەڵام هیچ چارەسەریەکی پزیشکی بۆ ناکرێت.

لە رۆژانی رابردوودا چەند جارێک بنەماڵەی ئەو زیندانیە سیاسیە هەوڵیان دابوو بە شێوەی رووبەڕوو بیبینن یاخود بە تەلەفون قسەی لەگەڵ بکەن، بەڵام بەرپرسانی زیندانی ورمێ رێگەیان پێنەدابوو.

کەیوان رەشوزادە لەگەڵ عەبدولعەزیز گوڵ محەمەدی و دوو کەسی تر بە ناوەکانی نائیب حاجی زادە و کامەران قاسمی بەتۆمەتی هاوکاری و ئەندامبوون لە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی سزای ١٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ماوەی چەند ساڵێکە گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ورمێ چڕبووەتەوە و لە دژی ئەو گوشارانە چەندین زیندانی مانیان لە خواردن گرتووە.

دوای ئەوەی ٨٠٠ زیندانیکراو لە زیندانی ورمێ لە نامەیەکدا داوای لەکارلادانی پەیمان خانزادە بەڕێوەبەری زیندانەکەیان کردبوو، پاسەوانەکانی زیندان لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵ هێرشیان کردبووە سەر زیندانیان و ئەشکەنجەیان دابوون، لە دژی ئەو مامەڵەیە دوو زیندانی بە ناوەکانی حەسەن عومەر پور و ئەشکان عوسمان نەژاد هەوڵی خۆسوتاندنیان دابوو، بەڵام لەلایەن زیندانیانی دیکەوە رێگرییان لێکرابوو.

هـ . ب