گیان لەدەستدانی گوماناوی لە بنکەی ئاسایش؛ بنەماڵەی بوگرور سەردانی ئیهەدەیان کرد

بنەماڵەی ئەحمەد بوگرور بۆ لێکۆڵینەوە و سکاڵا تۆمارکردن سەردانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە)یان کرد، چونکا ئەحمەد لە دوای ماوەیەک لە دەستگیرکردنی و بردنی بۆ بنکەى ئاسایشی بازید، گیانی لە دەستدا و تەرمەکەی درایەوە بە بنەماڵەکەی.

ئەحمەد بوگرور تەمەن (٣٧) ساڵ و باوکی سێ منداڵ سەرلەبەیانی دوێنێ لە ناوچەی بازیدی ئاگری دەستگیرکرا. بانگەشەی ئەوە دەکرێت، کە گوایە بوگرور خۆی لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازید دا کوشتووە. بنەماڵەکەشی ڕایدەگەیەنن، بوگرور لە کاتی دەستیگرکردن و لێکۆڵینەوەدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، دوێنێ بەیانی بوگرور لەگەڵ مەلایەک لە بەردەم مزگەوتێک دا لە ناوەندی شار بووە بە شەڕی. لە ئەنجامی شەڕەکەدا بوگرور و مەلاکە، کە ناوی نازانرێت لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و براون بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازید.  ڕاگەیەندراوە، بەهۆی ئەو شەڕەوە بوگرور لە ئاسایش زلـلەیەکی لە مەلاکە داوە و بەو هۆیەوە بوگرور خراوەتە شوێنی چاودێری و خراوەتە ژێر لێکۆڵینەوە. دوای ماوەیەک و بە پاساوی ئەوەی خۆی کوشتووە، تەرمی ئەحمەد-یان ڕادەستی بنەماڵەکەی کردەوە.

بنەماڵەی ئەحمەد بورگور پاش مردنی گوماناوی بوگرور لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازید، دەستیان بە هەوڵەکانیان بۆ ڕوونکردنەوە و لێکۆلینەوە لە هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەحمەد کرد و لەو چوارچێوەیەشدا سەردانی لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئاگری کرد. رەسول بوگروری برای ئەحمەد لە سەردانەکەیاندا بۆ کۆمەڵەی مافی مرۆڤ وتی: "تکا دەکەم لێکۆڵینەوە لە گیان لەدەستدانی گوماناویی ئەحمەد بوگروری برام بکەن، بۆ ڕوونەدانی کێشەی کۆمەڵایەتی هەر چیەک پیویستە ئەنجامی بدەن".

ژ.ت