هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب بۆ ئازادی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد ڕێپێوانیان كرد

به‌ پێشه‌نگایه‌تی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی ناوچه‌ عه‌ره‌ب نشینه‌كانی شه‌نگال، له‌ پێناو ئازادی جه‌سته‌یی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیك ئه‌نجامدرا.

ئێواره‌ی دوێنێ هاوڵاتیانی عه‌ره‌ب له‌ شه‌نگال، بۆ ئازادی جه‌سته‌یی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانێكی جه‌ماوه‌ریان ئه‌نجامدرا. له‌ ڕێپێوانه‌كه‌دا به‌ پێشه‌نگایه‌تی ئه‌نجومه‌نی گه‌ل سه‌دان كه‌س به‌شدار بوون.

ڕێپێوانه‌كه‌ به‌ دروشمی "به‌ سیستمی نه‌ته‌وه‌یی دیموكراتیك، گۆشه‌گیری ئیمراڵی تێكده‌شكێنین" له‌ گوندی خه‌له‌ف ده‌ستی پێكرد و تاكوو گوندی بارێ به‌رده‌وام بوو. له‌ ڕێپێوانه‌كه‌دا به‌شداربووان پۆسته‌ری ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان هه‌ڵگرتبوو.

له‌ گوندی بارێ ڕاگه‌یه‌ندراوێك خوێندرایه‌وه‌، كه‌ تێیدا هاتووه‌، "به‌ناوی هاوڵاتیانی عه‌ره‌بی دانیشتووی شه‌نگال، گۆشه‌گیری سه‌ر ڕێبه‌ر ئۆجالان شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین. ئه‌و نادادپه‌روه‌رییه‌ به‌رامبه‌ر ڕێبه‌ر ئۆجالان به‌ پێی یاسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان تاوانه‌. پێویسته‌ ئازادی ڕێبه‌ر ئۆجالان مسۆگه‌ر بكه‌ین. هه‌روه‌ك ڕێبه‌ر ئاپۆ ده‌ڵێت: "جیهان باخچه‌یه‌كه‌، ئه‌م باخچه‌یه‌ ته‌نیا به‌ گوڵێك ناگه‌شێته‌وه‌"، ئه‌و ئه‌م په‌یامه‌ ده‌دات، ئه‌گه‌ر پێكه‌وه‌ژیانی هه‌موو گه‌لان نه‌بێت، جیهان شوێنێكی گه‌شاوه‌ و گونجاو نابێت بۆ ژیان.

ژ.ن