هاوكاریی پەدەكە ـ كازمی و ئەردۆغان دژ بە خۆبەرێوەبەریی ئێزیدیەكان

بنەماڵەی بارزانی سەرەڕای ئەوەی هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدیەكانی خستە ناو چنگی چەتەكانی داعشەوە، بەڵكۆ دەیانەوێت برەو بەو كردەوە پیسەیان بدەن.

ئەرتەشی عێراق و هێزەكانی پەدەكە كە لە ٣ ئابی ٢٠١٤ لەكاتی هێرشی گروپە چەتەكانی داعش لەشەنگاڵدا هەڵهاتن، نەتەنیا لەرادەستكردنی هەزاران ئێزیدی، كە وەكو كۆمەڵكۆژیەكی وەحشیانە لەدژی مرۆڤایەتی بوو، شەرم ناكەن، بەڵكۆ چاوەچنۆكیان ئەوەندەیە دەیانەوێت جارێكی تر شەنگاڵ داگیربكەنەوە. بەرپرسانی پەدەكە و مستەفا كازمی لەم پلانەیاندا هاوكاری ئەردۆغان و میتی توركیا دەكەن.

پەدەكە بەدرێژایی ٢٣ كیلومەتر لەگەڵ سنوری رۆژئاوازی كوردستان ٦٦ بنكەی چاودێری و سیخۆڕیی سەربازی دامەزراندوە.

تا ساڵی ٢٠١٢ هەشت بنكەی سەربازی لەسنوری سوریا هەبوون كە لەكاتی دەسەڵاتداریەتی سەددام حسێن مابوونەوە. واتا لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، ٥٨ بنكەی نوێ لەو سنورانەدا درۆست كردوە. پەدەكە لەنێوان سنوری دێرك لەرۆژئاوای كوردستان لەگەڵ باشوری كوردستان خەندەقی لێداوە.

دوای هێرشی داعش بۆ سەر موسل، ئەرتەشی عێراق لەسنورەكانەوە كشایەوە. ٣ی ئابی ٢٠١٤ هاوكات لەگەڵ هێرشی چەتەكانی داعش بۆ سەر شەنگاڵ، ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەكە "پارتی بنەماڵە"، بەپەلە لەهەرێمەكە هەڵهاتن و خەڵكی ئێزیدیان خستنە ناو چنگی داعشەوە و بەتەنیایان هێشتنەوە.

لەو كاتەدا یەكێنەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەپەلە بۆ رزگاری ئێزیدیەكان لە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە بەرەو شەنگاڵ كەوتنە رێ و رێگەیان لەكۆمەڵكۆژیی دەیان هەزار ئێزیدیان گرت.

چەتەكانی داعش لەیەكەمین رۆژەكاندا، كۆمەڵكۆژی بەرفراوانیان لەشەنگاڵدا پێكهێنابوو، پیاوەكان كۆژران و ژنان و منداڵانیان یەخسیر كرد، چارەنووسی رفێندراوەكان رووداوێكی كارەساتباری مرۆڤایەتیە. زۆرینەیان تا ئێستاكەش بێ سەروشوێنن.

ئەو بیرەوەریانە، كە ئێزدییە رزگاربووەکان باسیان لێوە دەكەن، پڕن لە دەستدرێژی، ئەشكەنجە و كڕین و فرۆشتنیان وەكو كوێلەی جنسی. نە بارزانی و نە بەرپرسانی عێراق هیچكامیان لەم تراژیدیا مرۆڤییە كە بووەنە هۆكاری روودانی تا ئێستاكە نەشەرمیان كردوە و نەش داوای لێبوردنیان كردوە. بەتەواوەتی بەپێچەوانەی ئەوانەوە، دەیانەوێـت ئەو شەنگاڵەی كە ئێستاكە بەخوێنی هەزاران شەهید ئازاد كراوە و گەلەكەی خۆبەرێوەبەری و هێزی پاراستنیان بۆ خۆیان دامەزراندوە بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە.

دەوڵەتی عێراق و پەدەكە لەم روەوە هاوكاری دەوڵەتی تورك  دەكەن و رێنمایی خۆیان لەمیتەوە وەردەگرن. دانانی دیواری سنور لەنێوان شەنگاڵ و رۆژئاوای كوردستان و دروستكردنی دەیان بنكەی سیخۆری و سەربازی لەسەر سنورەكان تەنیا دڵی ئەردۆغانی خۆش كردوە، كە دەتوانرێت وەكو باوكی داعش پێناسە بكرێت. ئەو پیاوەی، كە لەنێوان لقەكانی ئەلقاعیدەدا خۆشەویستیەكی زۆری  هەیە.

بارزانی و كازمی بەگەمارودانی شەنگاڵ و رۆژئاوا خزمەت بەكێ دەكەن. دیارە ئەوانە هەر خەمێكیان هەبێ، خەم و چارەنووسی ئێزیدیەكان نییە.

ژ.ت