دوای ئەوەی لە 15ی نیسانەوە شارەوانی شاری کەرکوک كارەكانی پاككردنەوەی شارەکەی راگرتووە، بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست، بەشێوەیەکی مەترسیدار خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لە شاری کەرکوک کەڵەکەبووە و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەوە زیادبوون دەچێت و دۆخەکەش بەرەو خراپتر دەڕوات.
تا كۆتایی 2019 وەزارەتی شارەوانیی عیراق مانگانە بڕی ملیارێك و 200 ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی شارەکە تەرخاندەكرد، بەڵام ساڵێك و شەش مانگە بڕەكەی بۆ 200 ملیۆن دینار كەمكردووەتەوە.
بەپێی ئامارەكانی شارەوانی، بەر لە بڕیاری راگرتنی كارەكانیان، رۆژانە لانیكەم هەزار و 200 تۆن زبڵ و خاشاك هەڵدەگیرایەوە و فڕێدەدرا، بەڵام لە ئێستادا توانای شارەوانی بۆ 200 تۆن كەمبۆتەوە.
پێشتریش بەرپرسانی شارەوانی کەرکوک رایانگەیاندبوو: "ئەو بڕە پارە كەمەی تەرخانکراوە بۆ شارەوانی کەرکوک لە ئێستادا تەنها بەشی پاككردنەوەی یەك كەرتی كەركوك دەكات لە كۆی شەش كەرت، ئەوەش بووەتە هۆی كەڵەكەبونی زبڵ و خاشاك لەناو شار و كۆڵان و شەقامەكاندا".
کێشەیەکی دیکەی خزمەتگوزاری لە شاری کەرکوک نەبوونی کارەبای نیشتمانییە و هەروەها گرانیی نرخی مۆلیدە ئەهلیەکانە، لە ئێستادا کەمیی کارەبای نشتیمانی بووەتە یەکێک لە کێشەکانی رۆژانەی هاووڵاتییانی شارەکەمان بەجۆرێک لە 24 کاتژمێردا تەنها 6 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بۆ هاوولاتیان دابین دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە پارێزگای کەرکوک خاوەنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بەڵام کەس نازانێت کارەبای ئەم شارە بۆ کۆێ دەنێردریت و چی لێدەکرێت.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە گەڕەکی ڕەحیماوا لە شاری کەرکوک، هاووڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی شارەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری لە شارەکە و ئیدانەی بێ هەڵوێستیی حزبە کوردییەکانیان کرد، کە بەرامبەر خراپیی دۆخی هاووڵاتیانی کەرکوک بێدەنگن. هەروەها ئامادەبووانی گردبوونەوەکە دەڵێن: "کەرکوک بووەتە گوندێکی وێرانە و بەرەو وێرانتر دەڕوات".
"دزی و گەندەڵیەکانتان لەسەر ژیانی ئێمەی هاووڵاتیان کەوتووە"
لە گردبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدار، کە تیایدا هەڤاڵ دارا چالاکوانی مەدەنی، بەناوی ئامادەبووانی گردبوونەوەکە بەیاننامەیەکی بۆ ڕایگشتی خوێندەوە، کە تیدا هاتبوو: " ئێمە لەشارێکین پڕە لەسامانی ژێر زەوی و سەرزەوی، کەچی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ ھاووڵاتییانی کەرکوک لەئاستێکی زۆر خراپدایە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی زۆری ھەبووە لەسەر تێکشکاندنی تاک لەم شارەدا، کەچی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک و بەرپرسی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانیش لەئاست تموحی خەڵک نین و وەک ئەوەی کە ئێمەی کەرکوکی لەکەمپی زۆرە ملێی سیستەمە دیکتاتۆرییەکان بژێین، واتە ئەکرێت بڵێین ئێستا کاتی ئەوەیە پێیان بڵێین دزی و گەندەڵیەکانتان لەسەر ژیانی ئێمە کەوتووە و ھیچ بنەمایەکی ھاونیشتمانیبوون و مافی حکومڕانی تەندروست جێبەجێ ناکەن بۆ ئەوەی تەنھا وەک ئینسانێک بژین، واتە شەرمە بۆ ئەو عەقڵییەتەی لەدوای ٢٠٠٣وە کەدەستڕۆیشتووی ئەم شارە بووە ھەتاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەی کارەبا و کێشەی زبڵ و خاشاک بەیەکجاری چارەسەر بکات."
"شەرمە لەجیاتی داوای ئازادی و مافی تاک بۆ ژیانێکی باشتر ئێمە لێرە گردبووینەوەتەوە بۆ کێشەی زبڵ و کەمی کارەبا"
هەروەها هەڤاڵ دارا لە بەیاننامەکەدا پەیامێکی ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی شارەکە کرد و ووتی: " شەرم بتانگرێت ئەی فیرعەونەکانی ئەم شارە ئێوە لەیەک شت ھاوبەشن ئەویش دابەشکردنی کێکی گەندەڵی، کە خۆتان پێکەوە دەیخۆن و پێکەوە سفرەی فەسادتان ڕازاندۆتەوە، شەرمە لەجیاتی داوای ئازادی و مافی تاک بۆ ژیانێکی باشتر ئێمە لێرە گردبووینەوەتەوە بۆ کێشەی زبڵ و کەمی کارەبای حکومی و زۆریی پارەی کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و ناجێگیری نرخەکەی، بژێوی خەڵک ھەردەم بەرەو خراپی دەڕوات، چونکە زۆرینەی پێکھاتەی کوردیی مووچەخۆری ھەرێمە و بازاڕ و ژیانیش زۆر گرانە و لەسەر سڕینەوەی چینی ناوەند دەڕوات واتە یان ھەژاریی یان چینێکی مشەخۆری پارەدار بیت."
"کەرکوک لە ئێستادا لەسەر نەخشەی شارە زبڵ داپۆشراوەکانی جیھانە"
هەروەها لە درێژەی بەیاننامەکەدا ناوبراو دەربارەی خراپی دۆخی هاووڵاتیانی شارەکە ووتی: "مووچەخۆران بەرەو چینی مەژی و مەمرە دەڕۆن، ئێمە دەڵێین لەھەر وڵاتێک مۆلیدەی ئەھلی ھەبێت ئەو وڵاتە، ووڵاتێکی داوەشاوە و پڕە لە مافیا و دز و گەندەڵ، چونکە کەرکووک وەک نموونە وەربگرین پڕە لەسامانی نەوت کە وزەی پێویست دابین دەکات بۆ ئەوەی کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێری بۆ شارەکە دابین بکات، کەرکوک پڕە لە پارەی نەوت کەدەتوانرێت کێشەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک چارەسەر بکرێت و سوود لەو پاشماوەیە وەربگیرێت، بەڵام کەرکوک لە ئێستادا لەسەر نەخشەی شارە زبڵ داپۆشراوەکانی جیھانە."
"شارەکەمان شەوان گۆڕستانە و بە رۆژیش زبڵخانە"
هەروەها لە دەقی بەیاننامەکدا هاتبوو: " لێرەوە دەڵێین مافی گشت پێکھاتەکانە بەیەک دەنگ دژی ئەم شاری بەزبڵخان کراوەبین و دەڵێن بیناکانتان پڕ دەکەین لە زبڵ و خاشاک ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراو چارەسەری نەکەن، دەبێت پاریزگارێک ئیشی چی بێت نەتوانێت لە خاوەن مۆلیدەیەک زیاتر کارەبا پێشکەش بەم وڵاتە وێرانەیە بکات، بۆیە پێیان دەڵێین، شارەکەمان شەوان گۆڕستانە و بەرۆژیش زبڵخانە."
"فشار لەئیدارە و فەرمانگە و حیزبە دەستڕۆیشتووەکانی ئەم شارە بکەن"
هەڤاڵ دارا لە دەقی بەیاننامەکەدا داوای لە کەرکوکییەکان کرد کە بێدەنگ نەبن لەئاستی مافە سەرەکییەکانیان ووتیشی: "داواکارین لە ھەموو ھاوڵاتیانی کەرکووک لەھەر گەڕەکە و دژی نەبوونی ئەم خزمەتگوزارییانە گردببنەوە، چونکە تەنھا ئەم فشارە دەتوانێت کە پێکەوەبن لەگەڕەکە کوردیی و عەرەبی و تورکمان نشینەکان ناڕەزایی دەرببڕن و فشار لەئیدارە و فەرمانگە و حیزبە دەستڕۆیشتووەکانی ئەم شارە بکەن."
"حیزبە کوردییەکان بێدەنگن لە ئاست ئەم وێرانەیە"
هەروەها ناوبراو ئیدانەی بێ هەڵویشتی حزبە کوردییەکانی شارەکەی کرد و ووتی: "داڕزانی گەڕەکە کوردییەکان لەئەستۆی حیزبە کوردییەکاندایە، کە بێدەنگن لە ئاست ئەم وێرانەیە و تەنھا چاوەڕوانی دەنگ لە خەڵکی بەشمەینەتی ئەم کەرکوکە."
"کەرکوک بۆتە گوندێکی وێرانە و بەرەو وێرانتر دەڕوات"
لە کۆتایدا ئەو چالاکوانی مەدەنیە ئاماژەی بەوەکرد، کە دۆخی کەرکوک بەرەو خراپتر دەڕوات و ئەوەشی ووت: "لە کۆتایدا دەڵێین ئێستا کەرکوک بووەتە گوندێکی وێرانە و بەرەو وێرانتر دەڕوات، بۆیە تاکە قوربانیی ئێمەین و تەنھا ئێمە دەبین نەک نەفرەتییە دەستڕۆیشتووەکانی ئەم شارە، ئەم گردبوونەوەیەش ھی خەڵکە و لەپێناوی خەڵکدایە."
ژ.ت