ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومێد لە میانی بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مێدیا خەبەردا هەڵسەنگاندنی بۆ ئۆپراسیۆنی شۆڕشگێری هێزەکانی هەپەگە لە دژی سوپای تورک کرد.
هێلین ئومێد لە سەرەتای قسەکانیدا وتی، "جارێکی دیکە سڵاو لە بەرخودانی مێژوویی ئیمراڵی دەکەم. ئێمە پێمان ناوەتە ساڵێکی نوێوە، بە کەمپینی شکۆدار لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد دەستمان بە ساڵی نوێ کردووە. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بە چالاکی بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە کوردستان، تورکیا و ناوچە جیاجیاکانی جیهان، سیستمی جینۆساید لە ئیمراڵی گەیشتووەتە بنبەست".
هێلین ئومێد ئەوەی خستەڕوو، کە گرنگە ئەو کەمپینە درێژەی پێبدرێت و بەهێزتر بکرێت و وتی، "لە کەسایەتی ٥٦٤ کەسایەتیدا کە داوای ئازادی رێبەر ئاپۆیان کرد، کۆمەڵگای تورکیا زیاتر لە چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک نزیک دەبێتەوە".
هێلین ئومێد باسی لەوەشکرد، کە داواکاری ئازادیی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و داوای هەڵگرتن و کۆتاییهێنان بە رژێمی قڕکردنی ئیمراڵی بە واتای داوای دیموکراتیککردنی تورکیایە.
'داگیرکەران ناتوانن لە کوردستان بمێننەوە'
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە هێلین ئومێد ئەوەی خستەڕوو، کە ئەوەی رۆژەڤی تورکیا دیاریدەکات، شەڕە و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "ئەمە تەنیا رۆژەڤی ئەمڕۆ نییە. نزیکەی ١٠ساڵە ئێمە لەناو شەڕێکی زۆر دژوارداین. لە ساڵی ٢٠٠٩ بەدواوە هێرشێکی دژوار بۆ سەر هەڕێمەکانی پاراستنی مێدیا لەئارادایە و دەخوازرێت کە گەریلا پاکتاو بکرێت. نزیکەی ساڵێکیشە ئێمە بەردەوام دووبارەی دەکەینەوە و دەڵێین ئەمە بەو جۆرە نییە، گەریلا لە کوردستان دەرناکرێت، ئەوە ئەستەمە، لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئەستەمە، لە رووی زانستییەوە رێی تێناچێت و ناکرێت. ناوەندی پاراستنی گەل، واتە فەرماندەکانمان لەو بابەتەدا هۆشداری گرنگیان دا. وتیان، مەیەن. خۆی زۆر جار ئەوەیان وت. بێگومان ئەوە بۆ خەڵەتاندن نەبوو، تەنیا قسە نەبوو. ئێرە کوردستانە. تۆ دێی خاکی کوردان داگیربکەیت. ئایا داگیرکردنی ئاسانە؟ تۆ هێزێکی داگیرکەری لەم خاکە. گەریلا رۆڵەی ئەم خاکەیە. شارەزای هەموو بستە خاکێکیەتی، پارێزگاری لە نیشتمانی خۆی دەکات. چ مافێکت هەیە بارەگایەکی بەم جۆرە لەم خاکەدا دروست بکەیت؟ پاساوەکەی چی دەبێت با ببێت... چۆن دەتوانیت لێرە بمێنیتەوە؟ چۆن دەتوانیت شەڕێکی بەو جۆرە بەڕێوەببەیت؟ لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ناکرێت.
' دەوڵەتی تورک زیانە گیانیەکانی لە رای گشتی دەشارێتەوە'
کارێکی دژوارە کە مشتومڕ لە سەر مردنی مرۆڤەکان بکرێت. ئێمە لە راگەیاندنەوە چاودێری دەکەین. حکومەتێک هەیە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی منداڵانی زەحمەتکێشان و هەژاران بە برسێتی پەروەردە دەکات، دواتریش وەک سەربازێک کە بۆ پارە شەڕ دەکات، رەوانەیان دەکات. بینیمان بنەماڵەکانیان لە ژێر خێمەدا دەژین. بەم جۆرە ناچارکراون و چۆکیان پێدادراوە. بەراستیش حەیفە، بە شێوەیەکی ناڕەوا ئەو گەنجانە، ئەو مرۆڤانە لەم شەڕەوە تێوەگلێنراون. ئاخۆ ئەو گەنجانە ئاگادارن بۆچی لەم شەڕەدا بەشدارییان پێدەکرێت و تێوەدەگلێندرێن؟ لەسەدا ٨٠یان ئاگادار نین. ئێرە کوردستانە و تۆ لە کوردستان و بۆ داگیرکردنی جوگرافیای کوردستان کۆمەڵگای تورکیا رادەهێندرێت. لەسەدا یەکی راستی شەڕیش بە کۆمەڵگای تورکیا نیشان نادرێت. راستی دەشاردرێتەوە. بە گوێرەی بەرژەوەندی خۆیان نیشانی دەدەن. ئێستا دەپرسم ئایا بۆچی دەوڵەتی تورک ئەو زیانە گیانیانەی بەرکەوت؟ ئەنجامەکان ئەم ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕییانە زۆر زۆرە. ئەوان دەڵێن ٩، ئەگەر ئەوان دەڵێن ٩، کەواتە ١٠ دیکەیان پێزیاد بکەن. وەک هێزێک کە لە شەڕەکەداین ئەوە دەزانین. ئێمە بڵێین بە بەرچاومانەوە ١٠ سەرباز مردن، ئەوان دەڵێن یەک سەرباز مردووە. تەنیا هەواڵی یەک سەرباز بڵاودەکەنەوە. دەمەوێت ئەوە بڵێم، دەوڵەتی تورک و ئاکەپە-مەهەپە میکانیزمێکی شاراوەیان هەیە. ئێستا بۆ دەیشارنەوە، دەیانەوێت جی بکەن؟ ئامانجیان چییە؟ دەوڵەتی تورک ئەوەندە تەنگەتاو بووە کە لە بەڕێوەبردنی شەڕدا تووشی دژواری دەبێت. دەیەوێت کە لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی پشتیوانی وەربگرێت".
'لە بەرامبەر گەریلا ناتوانن خۆیان بگرن'
هێلین ئومێد ئەوەی خستەڕوو کە لە ئاستی هەنوکەیی شەڕدا سوپای تورک ناتوانێت لە بەرامبەر هێزی لێدان و گورزوەشاندنی گەریلا خۆی بگرێت و بەرامبەر بوەستێتەوە و وتی، "لە ئێستادا ئەو هۆشدارییانەی، کە پێشتر لەلایەن گەریلاکانمان، لەلایەن هێزەکانی پاراستنی گەلەوە درابوون، لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا دەبنە کردار و جێبەجێ دەکرێن. وتیان 'ئێوە برۆن'، وتیان 'ئەگەر نەڕۆن ئێوە لەناو دەچن، ئێمە هۆشداریتان پێدەدەین'. ئێستا ئەو هۆشدارییە جێبەجێ دەکرێت. سوپای تورک ناتوانێت بەرامبەر بەوە بوەستێتەوە".
هێلین ئومێد ئاماژەی بەوەشکرد کە دەوڵەتی تورک لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی گەیشتووەتە بنبەست و چەقین، بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ داوای هێز و پشتیوانی دەکات و رایگەیاند، "هاوکات شەڕ دەکات کارت و کەرستەیەکی سیاسەت لە ناوخۆ. بەم جۆرە شەڕ لە رۆژەڤدا دەهێڵێتەوە و بەرمابەر کێشە ئابووریەکانی تورکیاش دەڵێن 'شەڕ لەئارادایە، بە هۆی شەڕی ئێستاوە دۆخەکە بەم جۆرەیە".
هێلین ئومێد باسی لەوەشکرد کە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە بەم جۆرە وادەکات کە کۆمەڵگای تورکیا دەنگ هەڵنەبڕێت.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە راشیگەیاند، "دەوڵەتی تورک شەڕێکی ناڕەوا بەڕێوەدەبات، شەڕی قڕکردن بەڕێوەدەبات. کورد شەڕی مان و نەمان و شەڕی ئازادی دەکات. کورد خاکی خۆی دەپارێزێت. لەبەر ئەوە سوپای تورک مەحکومە بە لەناوچوون".
'پەکەکە توانای ئەوەی هەیە کە لە هەموو بارودۆخێکدا ئەو شەڕە بەڕێوەببات'
هێلین ئومێد وتی، "سڵاو لەو هەڤاڵانەمان دەکەم کە ئەم ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕیانەیان ئەنجامدا. لەناو ئەم بەفرەدا، بەم زستانە بە ئیرادەی گەورەی شۆڕشگێڕانەیان وادەکەن کە کۆمەڵگای تورکیا راستی شەڕ ببینێت. بە ئازارە، بەڵام ناچارە کە رووبەڕووی ببێتەوە. لەبەر ئەوەی دوژمنەکەمان لە زمانێکی دیکە تێناگات. هاتووە کوردستان داگیربکات، لە هەموو ناوچەیەکی کوردستان بارەگای دروست کردووە. نەک لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە باکووری کوردستانیش هەبوونی تورکیا رەوا نییە".
'لە دژی تاوانەکانی شەڕ لە رۆژئاوا دەبێت سوریا بکەوێتە جموجۆڵەوە'
لە درێژەی قسەکانیدا هێلین ئومێد سەرنجی بۆ سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا راکێشا و وتی، "دەوڵەتی تورک لە رۆژئاوا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات. بە بەرچاوی جیهانەوە ئەو تاوانانە دەکات. ئەگەر شوێنێک بە ناوی لاهای بوونی هەبێت، ئەگەر لەوێ دادگایەکی تاوانەکانی جەنگ بوونی هەبێت، ئەگەر دادگای نێونەتەوەیی بوونی هەبێت دەبێت بکەوێتە جموجۆڵەوە. ئەفریقای باشوور لە بەرامبەر ئیسرائیل سکاڵای تۆمار کرد. ئێستا ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات.
رژێمی بەشار ئەسەد، رژێمی سوریا ئەگەر کەمێکیش وڵاتەکەیان خۆش دەوێت، ئەگەر رۆڵی تورکیا لە گەمەکانی ناو سوریا دەبینن و دەیانەوێت لە بەرامبەر ئەوە شتێک بکەن، دەتوانێت لە لاهای دۆز لە دژی بکەنەوە. بۆچ؟ لەبەر ئەوەی تورکیا چووەتە ناو خاکی سوریاوە، داگیری کردووە. یاری بە دیموگرافیاکەی کردووە. گەلی رەسەنی ئەو جوگرافیایە واتە گەلی کوردی لە زێدی خۆی هەڵتەکاندووە. لە جێگەی ئەوانیش چەتەکانی داعشی نیشتەجێ کردووە. هێشتا پارێزگاری لە ئیخوان موسلمین دەکات، وەک بەڕێوەبەری داعش و بەڕێوەبەری حەماس دەجوڵێتەوە. ئێمەش ئەوە دەبینین. ئایا ئەوانەی سیاسەتی جیهان بەڕێوەدەبەن ئەوە نابینن؟ ئەو پرسیارە لە هەمووان دەکەن.
ئەو جوگرافیایە بێ خاوەن نییە. رۆژئاوای کوردستان هی کوردەکانە. جوگرافیای کوردانە. لەوێ تاوان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت، تاوانی جینۆساید ئەنجام دەدرێت، دەمەوێت ئەوە بڵێم. کۆچبەرکردنی مرۆڤەکان لە زێد و نیشتمانی خۆیان ئەگەر لە غەززە تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی، لە عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپیس تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی".
هـ . ب