٨ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوویەوە.
لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش قەزای شەنگال و دەوروبەریان داگیر کرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو ناوچە تێکۆشەڕە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە، سەرباری ئەو شاڵاو و هێرشە دڕندانەیەی داعش، ئێزدییەکانی شەنگال و دەورووبەری وەک هەمیشە بەرگرییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان کرد، تاکو دواجار داعش بەزێنڕا و سەرجەم ناوچەکانیش ئازاد کران و ئێزدییەکانیش وەک بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد مانەوە، لە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، هەزاران هاونیشتمانی ئێزدی بوونە قوربانی و سەرنگوم و کۆمەڵکوژکران و بە هەزاران کەسی تریشیان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنران، سەدان هەزاری دیکەیان ئاوارەی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان بوون.
دوای داگیرکردنی قەزاکە کوردانی ئێزدی پەنایان بۆ چیای شەنگال برد و دوای ١٠ رۆژ مانەوەی بەهاوکاری هێزەکانی هەپەگە و شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە، توانرا ڕێگەی دەربازبوون بۆ ئەو هاووڵاتیانە بکرێتەوە بۆ گەیشتین بۆ رۆژئاوای کوردستان و پاشان گەڕانەوەی بەشێکیان بۆ باشوری کوردستان لەڕێگەی دەروازەی سیمیلکاوە.
لە رۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ئۆپراسیؤنی کۆنترؤلکردنەوەی قەزای شەنگال دەستی پێکر بە بەشداری شەڕڤانانی یەبەشە و یەپەگە و گەریلاکانی هەپەگە و پێشمەرگەکانی یەنەکە و هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی دژ بە پاش دوو رۆژ ناوەندی قەزاکە لە دەستی داعش دەرهێنرا و بەمەش ١٥ مانگی حوکمی داعش لەشەنگال کۆتایی هات.
لە ٨هەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینوساید، سەبارەت بەپرسی جینۆسایدی کەمینەکان، کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکان، کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق لەئاست کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان، ململانیەی لایەنەکان دەوڵەتانی هەرێمی لەسەر شەنگال و چەند پرسێکی دیکە، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەوالی فورات (ANF) دوا.
بۆیە کەمینەکان ڕووبەڕووی شالاوی پاکتاوکردنەوە بوونە
سەبارەت بەجینوسایدی کەمینەکان بەگشتی و کوردانی ئێزدی بەتایبەتی، هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینوساید ووتی: "بەدرێژایی مێژوو تەواوی ئەو کەمینانەی کە خاوەنی کلتور، زمان، نەتەوە و ئاینێکی جیاوازن، بەردەوام ڕووبەڕووی شاڵاوی پاکتاوکردنەوە بوونە لەلایەن نەتەوە و ئاینە سەردەستەکان، کوردانی ئێزدیش کە خاوەن ئاینێکی تایبەت بە خۆیانن لەبەر ئەوەش زۆرجار ڕووبەڕووی کۆمەلکوژی بوونەتەوە لەلایەنی ئاینی سەردەست کە ئاینی ئێزدییەکانی بە لادراو لەئاین لەقەلەمداوە، زۆر جاریش کەمینەکان دەبنە قوربانی هەندێک ڕێکەوتنی سیاسی بۆ نموونە کەمینەیەک دەکەنە قوربانی تا نەتەوەکانی دیکە بترسێت، کە لەڕابردوودا عوسمانیەکان ئەرمەنییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد تا نەتەوەکانی دیکەی پێ بترسێنێت، بۆیە ئێزدییەکانیش لەم چوارچیوەیەدا بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە کە دواینیشیان بەدەستی تیرۆرستانی داعش بوو".
ئێزدییەکان بوونە قوربانی بەرژەوەندیی ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی
سەبارەت بە هۆکاری ڕوودانی ئەو کارەساتە گەورەیەی هێمن حەسیب ووتی: "بە بڕوای من ئێزدییەکان کرانە قوربانی بەرژەوەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە، لەگەڵ ئەوەی داعش هێرشی کرد و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە کشانەوە، بەڵام دەرفەت هەبوو کە ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بکرێت، بۆیە پێم وایە ئێزدییەکان بوونە قوربانی بەرژەوەندیی ووڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی".
حکومەتی عێراق ڕێگەی نەداوە دادگایەکی تایبەت بەتاوانەکانی داعش دابمەزرێت
هەروەها ناوبراو ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی ناوخۆ گرت لەبەرامبەر کەیسی بەجینوسایدی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکەی عێراق و ووتی: "بەداخەوە کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکان ئەوەندەی لەدەرەوەری ووڵات کاردانەوە و دەنگدانەوەی هەبووە لەناوخۆ ئەوەندە کاردانەوەی نەبووە، حکومەتی عێراق کەمتەرخەمبووە لە ئاستی کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان، لەدوو ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێم هەوڵیداوە کە دادگایەکی تایبەت بە کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان و تاوانی داعش دابمەزرێنێت، بەڵام حکومەتی عێراق ڕێگەی نەداوە و هەروەها خۆشی ئەو دادگایەی دانەمەزراند و تاوانبارانی داعشی بەیاسای تیرۆر لەسێدارەدا، دەبوو لەدوای ئازادکردنی تەواوی ناوچەکان دادگایەک دابمەزرایە تایبەت بە جینۆسایدی ئێزدییەکان و مەسیحیەکان و شەبەکەکان و پێشمەرگە دیلەکان، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق کەمتەرخەم بوو".
تورکیاش تاوانبارە لەو تاوانە
سەارەت بەهەوڵەکان بۆ بە جینۆساید ناساندنی کارەساتی شەنگال، ئەو چالاکوانەی بواری جینۆساید ووتی: " لەدەروەی وولات دوو هەنگاوی باش نراوە کە کۆمیتەی دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان لە ووڵاتی بەریتانیا، دوای چەند ساڵێک ڕاپۆرتێکیان ئامادەکردووە کە تیدا دان جینۆسایدی ئێزدییەکان دادەنێن و کۆمەڵێک ووڵاتیش تاوانبار دەکەن لەو کەیسەدا کە تورکیاش یەکێک لەو ووڵاتانە، وە داواش دەکرێت دادگایەکی تایبەت دابمەزرێت.
هەروەها نەتەوەیەکگرتووەکان لیژنەیەکی باڵای دامەزراندووە بەناوی(یونیتاد) بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، هیوادارین لەکۆتایی کاری لیژنەکەدا دادگایەکی تایبەت لەسەر تاوانەکانی داعش دابمەزرێت لەنێویشیاندا کەیسی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، لەئاستی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کەمتەرخەمی هەبووە لە ناساندنی ئەم کەیسە بەجینوساید لەڕووی یاساییەوە".
حکومەتی ئەڵمانیای پابەند کرد بە قەرەبووی قوربانیانی ئێزدی
سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی دەستی داعش، ئەو چالاکوانە ووتی: " قەرەبووکردنەوەی دوو لایەنی مادی و مەعنەوی هەیە، لەڕووی مادی حکومەتی عێراق پابەنەدە بە قەربووکردنەوەی مادی قوربانیانی جەنگی داعش، لە ڕووی مەعنەویشەوە ئەرکی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، کە هاوکاری قوربانییەکان بکەن، هەر ووڵاتێکێش کەیسی کۆمەلکوژیی ئێزدییەکان بەجینۆساید بناسێنێت ئەوە پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەی قوربانیان، لە چەند رۆژی ڕابردوو دادگای (هەمبۆرگ) دوو داعشی بەتاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان دادگایی کرد و ئەمەش حکومتی ئەڵمانیا پابەندکرد بە قەرەبووی مادی و مەعنەوەی قوربانیانی ئیزدیی بکات".
ئێزدییەکان بوونەتە قوربانی نێو کۆمەڵگای عێراقیش
سەبارەت بە کۆچکردنی ئێزدییەکان بۆ ئەو ووڵاتانەی ئامادەیی دەڕبڕی کە مافی پەنابەرییان پێ بدات، هێمن حەسیب ووتی: "ئەم هەنگاوەی پێدانی مافی پەنابەری بۆ ئێزدییەکان لە وولاتانی رۆژائاوا کارێکی مرۆییە لەگەڵ ئێزدییەکان ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی ژیانیان، چونکە ئێزدییەکان نەک تەنها لەسەر دەستی داعش بوونەتە قوربانی، بەڵکو لەناو کۆمەلگای عێراقیش قسەی نەشیاویان پێ دەکرێت و بوونەتە قوربانیی نێو کۆمەلگای عێراقیش، بەڵام لایەنی نەرێنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە ئێزدییەکان وەکو مەسیحیەکان ڕوو لە نەمان دەکەن لەخاکی عێراق، پێویستە لەبری دانی مافی پەنابەری پێویست بوو ئەو ووڵاتانە هاوکاری تەرخان بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەی ئێزدییەکان، تا ئیستاش ناوچەکانیانی خزمەتگوزاری تێدانیە و هەست بەئارامی ناکەن تا بگەڕێنەوە ۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان".
ئەوەی لە شەنگال دەگوزەرێت بابەتێکی گرێدراوی ململانێیی سیاسییە
لەکۆتایدا سەبارەت بەدۆخی ئەمنیی شەنگال و ناوچەکانی کوردانی ئێزدی، هێمن حەسیب نووسەر و چالاکوانی بواری جینوساید ووتی: "ئەوەی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویداوە لە شەنگال بابەتێکی گرێدراوی ململانیەی سیاسیە، بەداخەوە شەنگال بۆتە قوربانیی بەرژەوەندیی وولاتانی هەرێمی لە ناوچەکدا، بۆ پاراستنی شەنگال و گەلی ئێزدیی پێویستە تەواوی هێزەکان لە شەنگال و ناوچەی ئێزدییەکان دەربچێت و هێزێکی تایبەت لە کوردانی ئێزدیی ئەرکی پاراستنی ناوخۆی خۆیان لە ئەستۆ بگرێت و لەدەورو پشتی شەنگالیش هێزی عێراقی جێگیربکرێت، یان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکرێت بیانپارێزێت".
ژ.ت