هۆڵندا بە هۆی رۆڵی لە کۆیلەداری داوای لێبوردنی کرد

سەرۆکوەزیرانی هۆڵندا مارک روتە بە هۆی رۆڵی وڵاتەکەیان لە کۆیلەداری داوای لێبوردنی کرد.

روتە رایگەیاند، کە بە سەدان ساڵ وڵاتەکەی و نوێنەرایەتییەکانیان کۆیلەدارییان دروست کردووە، هانیان داوە و سودیان لەوە وەرگرتووە. روتە لە کەناڵی ئەرشیڤی نەتەوەیی هۆڵندادا قسەی کرد و وتی، "من ئەمڕۆ داوای لێبوردن دەکەم".

روتە لە قسەکانیدا وتی، " ئەو کەسانەی لەم سەردەمەدا دەژین بە هۆی کۆیلەدارییەوە هیچ تاوانێکیان نییە، بەڵام دەوڵەتی هۆڵندا بەرپرسە لەو ئازارەی کەسانی بە کۆیلەکراو و نەوەکانیان کێشاویانە".

سەرۆکوەزیرانی ئاروبا ئیڤلیان وەیڤر –کراس کە یەک لە کۆلۆنیەکان هۆڵندابوو لە لێدوانێکدا سەبارەت بە لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی هۆڵندا وتی، "ئەوە لە مێژووی پاشایەتیدا هەنگاوێکی گرنگە".

سەرۆکی قەرەبووکردنەوەی نەتەوەیی سورینام ئارماند زونداریش وتی، ئەگەر ئێوە قەبوڵی دەکەن کە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی تاوان کراوە، دەبێت جارێکی تر بڵێن ئێمە بەرپرسیارین..لە راستیدا من باسی قەرەبووکردنەوە دەکەم".

بە گوێرەی مێژوونوسان بازرگانانی هۆڵندی لانیکەم نیو ملیۆن کۆیلەیان لە ئەفریقاوە بردووەتە کیشوەری ئەمریکا و رەوانەی بەرازیل و کارائیبیان کردووە. هەمان ژمارەش لە ئاسیا و لە دوورگەکانی هیندی رۆژهەڵات و ئیندەنوسیا کۆیلەکراون.

هـ . ب