هەپەگە بە رێزەوە یادی ئازێ ئەرداڵی بەرزڕاگرت

هەپەگە رایگەیاند: "هاوڕێمان ئازێ لە هێرشە نامەردانەکانی دوژمندا شەهید بووە. بە هەڵوێستی ژنی ئازاد، بە هاوڕێیەتی راست و دروستی، هەموو کات لە تێکۆشانی ئێمەدا یادی دەکرێتەوە".

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند: "هاوڕێمان ئازێ ئەرداڵ لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەکاری کە تیایدا لە دژی داگیرکەری تورک بەرخودانێکی ئەفسانەیی ئەنجام دەدرێت، تا دوا هەناسەی خۆی سازشی لە سەر فەلسەفەی ژیانی ئازاد نەکرد، خۆڕاگری کرد و لە ئابی ٢٠٢٢ شەهید بوو".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای تورکی داگیرکەر لە بەرامبەر بەرخودانی ئەفسانەیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان کە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای زاپ ئەنجام دەدرێت، گەیشتبووە بنبەست و چەقین. بۆ ئەوەی بە بنبەست گەیشتنی خۆی تێپەڕێنێت، هەوڵیدا کە گۆڕەپانی نوێ داگیربکات. لەو چوارچێوەدا ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ هێرشی کردە سەر گۆڕەپانی شاخی هەکاری. لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، هاوڕێیانمان لە گۆڕەپانەکە بە گیانبازیەوە خۆڕاگرییان کرد و گورزی قورسیان لە دوژمن وەشاند. سەرەتا بە تاکتیکی تیمی شارەزا و پسپۆڕ لە سەر بنەمایە گۆڕەپان و سەزەوی، دواتریش بە تاکتیکەکان لە تونێلەکانی بەرخوداندا گورزی گەورەیان لەو خەون و ئاواتە داگیرکەرییانەی دەوڵەتی تورک وەشاند و نەیانهێشت ئامانجەکانی بهێنێتەدی.  هاوڕێمان ئازێ ئەرداڵ لەو بەرخودانە مێژووییەدا بە پێشەنگایەتی فەرماندەی ئازا و بەنرخمان نوری یەکتا بەشداربوو. لە سەنگەرەکانی بەرخوداندا تا کۆتایی نوێنەرایەتی میراتی بەرخودانی مێژوویی ژنانی کوردی ئازادی دەکرد و بە بەرخودانی خۆی گورزی گەورەی لە دوژمن وەشاند. بە ئیرادەی پتەو و بەهێز کە لە رێبەر ئاپۆی وەرگرتبوو، سەرباری هەموو هێرشەکانی دوژمنیش کە بە چەکی کیمیایی و بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی ئەنجامی دەدان، بە رۆحی گیانبازی تا کۆتا هەناسەی پابەندبوو بە خواستی ژیانی ئازادەوە. هاوڕێمان ئازێ لە تەواوی ژیانی گەریلایی خۆیدا بە هەڵوێستی پێداگرانەی خۆی لە سەر بنەمایە ژنی ئازاد و بە توڕەیی بەرامبەر دوژمن، گەریلایەتی سەرکەوتنی لە کەسایەتی خۆیدا خوڵقاند و بەو تایبەتمەندیانەوە بووە گەریلایەکی یەژاستار کە نموونەبوو بۆ هەموو هاوڕێکانی.

سەرەخۆشی لە گەلە ستەملێکراوەکەمان لە کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی، گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و بەتایبەتی بنەماڵەی بەنرخی دەکەین کە جەنگاوەرێکی ئاپۆیی وەک هاوڕێ ئازێیان گەورەکرد و پێشکەش بە تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردیان کرد. بەڵێن دەدەین کە هێڵی بەرخودان کە هاوڕێمان ئازێ رادەستی ئێمەی کرد، لە کەسایەتی ئەودا هەوڵ دەدەین ببینە شایەن و شایستەی هەموو شەهیدانمان و درێژە بە هێڵی سەرکەوتن بدەین.

زانیاری لە بارەی ناسنامەی هاوڕێمان ئازێ ئەرداڵ بەم جۆرەیە:

ناسناو: ئازێ ئەرداڵ

ناو و پاشناو: کوردستان سیدار

شوێنی لەدایکبوون: ئەتروش

ناوی دایک- باوک: قومری- محەمەد ساڵح

کات و شوێنی شەهیدبوون: ئابی ٢٠٢٢/ مەتینا

هاوڕێمان ئازێ وەک ئەندامێکی خێزانێکی وڵاتپارێز و دڵسۆزی بەهاکانی ئازادی لە بۆتان لە دۆڵی قیامەتی سەر بە ئەتروش لەدایکبوو. بنەماڵەی هاوڕێمان بە هۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکەوە ناچار بوو بەرەو باشووری کوردستان کۆچ بکات، هەربۆیە لە مەخمور گەورەبوو. هەر لە منداڵیەوە تێکۆشانی پەکەکەی ناسی و هەر لە کەمپی شەهید رۆستەم جودی بەشداری لە خەبات و تێکۆشانەکاندا کرد، لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە تێکۆشانەکەی فراوانتر بکات و لە ساڵی ٢٠١٢دا رووی کردە چیا ئازادەکانی کوردستان و بەشداری لە ریزەکانی گەریلادا کرد.

هاوڕێمان تا ساڵی ٢٠١٥ زیاتر لە گڕەپانەکانی گارە و زاپ پراتیکی بەڕێوەبرد، لەو قۆناغانەدا ئەزمونێکی گرنگی بە دەستهێنا و لە ساڵی ٢٠١٥ دا بۆ ئەوەی زیاتر خۆی لە رووی بیردۆزییەوە قووڵبکاتەوە روویکردە ئەکادیمیان حەقی قەرار و بەشداری لە پەروەردەی بیردۆزی و سەربازیدا کرد. دوای پەروەردە روویکردە هەرێمی هەفتانین و پێنج ساڵ بە سەرکەوتوویی لەوێ خەباتی کرد و بەشداری لە چەندین چالاکی لە دژی دوژمندا کرد. وەک جەنگاوەرێکی پەکەکە-پاژک درکی بەوەکردبوو کە دەبێت بە دڵنیاییەوە وەڵامی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گەلەکەمان بدرێتەوە. بەو وشیارییەوە بەشداری لە هەموو چالاکییەکدا دەکرد.

لە ساڵی ٢٠٢٠ هاوڕێمان ئازێ لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دوژمن بۆ سەر هەرێمی هەفتانین بە هەموو ئازایەتی خۆیەوە لە سەنگەرەکانی پێشی پێشەوە خۆڕاگری کرد و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە تاکتیکی تیمی گەڕۆکی بە ئەنجام گەیاند. ساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە رووی کردەوە ئەکادیمیای حەقی قەرار و بەشداری لە پەروەردەدا کردەوە. هاوکات لە تاکتیکەکانی گەریلای سەردەمی نوێدا زۆر خۆی پێشخست. دوای پەروەردە روویکردە هەرێمی مەتینا، کە لەوێ لە دژی هێرشەکانی دوژمن بەرخودانێکی بێ هاوتا ئەنجام دەدرا. هاوڕێمان ئازێ بووە شایەتی بەرخودانی مێژوویی بە پێشەناگیەتی هاوڕێیانمان رێبەر و هێژار لە شاخی زەندورا و بۆ ئەوەی ببێتە شایستەی بەرخودانی ئەوان بەردەوام خۆڕاگری دەکرد. لە گۆڕەپانی مەتینا و بەتایبەتی شاخی هەکاری زیاتر بەشداری چالاکییەکانی کرد. لە دروستکردنی تونێلەکانی شەڕەوە تا کارەکانی بیناسازی و هەموو جۆرە خەبات و کارەکانی دیکە بەشداری هەبوو و بە بەشداربوونی لە کار و چالاکیەکاندا بەردەوام هێز و ورە بە هاوڕێیانی دەبەخشی. کاتێک دوژمن لەپێناو شاردنەوەی شکستەکەی لە زاپ و ئاڤاشین لە ٢٥ی ئایاری ٢٠٢٢ لە دژی گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی هەکاری دەستی بە هێرش کرد، شەڕێکی گەورە هاتە ئاراوە. هاوڕێمان ئازێ لەو شەڕە دژوارەدا بەرپرسیارێتی گەورەی لە ئەستۆ گرت و لەگەڵ فەرماندەی بەنرخمان نوری یەکتا و هاوڕێ ئامارا ئامەد بەرخودانێکی بێ هاوتای لە دژی هێرشەکانی دوژمن نیشاندا. هاوڕێمان ئازێ لە تونێلەکانی شەڕدا هەڵوێستی بەنرخی ژنانی کورد لە دژی سیاسەتی داگیرکەری و قڕکردنی بە ئیرادەی ئاپۆیی، بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە نیشانی دوژمندا. هاوڕێمان ئازێ لە ئەنجامی هێرشە دڕندانەکانی دوژمندا چووە ناو کاروانی شەهیدان و بە هۆی هەڵوێستی خۆی لە سەر ژنی ئازاد و هاوڕێیەتی بێگەرد و دروستی خۆی، بەردەوام لە ناو تێکۆشانماندا یادی دەکرێتەوە".

هـ . ب