هەپەگە: گوێ بۆ درۆ و شەڕی تایبەت رامەگرن

هەپەگە رایگەیاند، کە دوای چالاکی فیدایی لە ئەنقەرە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاد کردووە و داوای لە هەموان کرد کە لە بەرامبەر بانگەشە ناڕاستەکانی ئاکەپە- مەهەپە وشیار بن، گوێ بە لێدانی درۆ نەدەن، کە دەیەوێت سیاسەتی جینۆساید لە کوردستان بەڕێوەببات.

راگەیەندراوی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەم جۆرەیە:

"راگەیەندراو و لێدانی کەسانی ناو وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی شەڕی رژێمی ئاکەپە-مەهەپەی قڕکەر کە دوای چالاکی مێژویی ئەنقەرە دران، هەوڵدانن بۆ هەڵگێڕانەوەی راستی. لەلایەکەوە بە وتنی 'لە دژی شانە نوستووەکان ئۆپراسیۆن دەکەین' لە ١٨ شاری تورکیا و کوردستان ئۆپراسیۆنی بەرفراوان لە دژی دامەزراوە و سیاسەتمەدارانی رەوا و یاسایی گەلی کورد دەستیان بە رەشبگیری کردووە، لەلایەکی دیکەوە بە درۆی ' ئەو فیداییانەی چالاکییەکەیان لە ئەنقەرە ئەنجامداوە لە باکووری سوریا پەروەردەکراون و لەوێوە هاتوون' خۆبەڕێوەبەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکەنە ئامانج. بێگومان ئەو راگەیەندراو و لێدوانانەی دراون وتەی دوور لە راستین و پشت بە هیچ بەڵگەیەک نابەستن و بۆ ئەوەی پاساو بۆ هێرش ئامادە بکەن، وەک درۆ خراونەتەڕوو.

دەبێت بزانرێت هیچ ئەندامێکی تابووری نەمران بە پێچەوانەی بانگەشەی ئەو هێزە شەڕە تایبەتەوە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاوە نەچووەتە ئەنقەرە. لە هەمان کاتدا هاوڕێ قارەمانەکانمان کە چالاکییان کردووە بە هیچ جۆرێک پەیوەندییان لەگەڵ هیچ کەسێکدا کە سیاسەتی یاسایی بەڕێوەدەبات نییە.

ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات گورز و ئێشی ئەو چالاکیە مێژووییەی کە بەریکەوتووە بە هێرش بۆ سەر چواردەور و خەڵەتاندنی رای گشتی لە سەر خۆی سووک بکات. لەبەرامبەر گورە قورسەکان کە لەم شەڕە ناڕەوایەدا لە دژی گەلی کورد بەریکەوتووە، بەڕێوەبەری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست بە گوشار، ئەشکەنجە، گرتن و کۆمەڵکوژی مرۆڤە بێ تاوانەکان دەیەوێت خۆی رزگار بکات. لە رێگەی ئەو درۆیانەوە هەوڵ دەدات کە زەمینە بۆ کۆمەڵکوژی سازبکات. بەڕێوەبەری دەوڵەتی تورک وەک نەخۆشی دەرونی هەوڵ دەدات پەکەکە و یەپەگە پێکەوە ببەستێتەوە و ئەوەش درۆیەکی گەورەیە. ئەو مامەڵە چەوتە جگە لە درۆی دوژمنانی کورد و کوردستان هیچ شتێکی دیکە نییە و ئەو دوژمنە سوێندخواردووە نایەوێت گەلی کورد لە هیچ شوێنێک ببێتە خاوەنی دەستکەوت.

دەولەتی تورک هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد، کە دوای چالاکییەکەی ئەنقەرە، لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردوومانی زۆرێک لە ھەرێمەکانی پاراستنی مێدیای کردووە و زیانێکی زۆری بە هێزەکانی گەریلامان گەیاندووە. لەو هێرشانەدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانی گەریلامان نەکەوتووە. ئەو لێدوان و ڕاگەیەندراوانەی دەوڵەت و سوپای تورک لەو بارەیەوە دەیدەن، سەرجەمیان درۆن و دوورن لە ڕاستییەوە و بەمەبەستی شەڕی دەروونییە.

داوا لە گەلەکەمان و ڕایگشتی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، لە بەرامبەر ئەو لێدوان و ڕاگەیەندراوە دوور لە ڕاستیانەی ڕژێمی نەژادپەرستی ئاکەپە-مەهەپە ھۆشیار بن، کە سیاسەتی جینۆساید و شەڕ لە دژی دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەڕێوەدەبات و گوێ بەو لێدوانە درۆیانە نەدەن، کە پشت بە هیچ بەڵگەیەک نابەستن.

زانیاری ورد لەبارەی چالاکییەکان و هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر بەم شێوەیەیە:

لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛

٤ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١٢:٠٠ و ١٧:٣٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، کاتێک داگیرکەران دەستیان بە جموجۆڵ کرد، بە چەکی قورس کرانە ئامانج و جموجۆڵی داگیرکەران ڕاگیرا. چالاکییەکان لەلایەن هێزەکانی یەژا ستارمانەوە ئەنجامدرا.

٤ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ١١:٢٥ و ٢١:٥٠، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی، بە نیشانەشکێن داگیرکەران کرانە ئامانج و ٢ داگیرکەر سزا دران.

هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر؛

٤ی تشرینی یەکەم، ھەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٢ جار، گۆڕەپانی گوندی کانیسارک، گوندی بڵندباز، گوندی گۆزێ، شاخی ڕەشید و دەشتی کافیەی سەر بە ھەرێمی گارە ٨ جار، گۆڕەپانەکانی سەری مەتینا، گوندی بێشیلی و گۆلکای سەر بە مەتینا ٣ جار، بە گشتی ١٣ جار لەلایەن فڕۆکەی شەڕەوە بۆردومان کران.

ھەرێمەکانی زاپ، شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و مەتینا تۆپباران کران.