هەدەپە لە ئامەد میتینگێکی گەورە بە دروشمی 'ئێمە چارەسەرین' ئەنجام دەدات

رێکخستنی هەدەپە لە ئامەد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسی ئەنجامدا و رایگەیاند، ٦ی ئاب بە دروشمی ' ئێمە چارەسەرین، نا بۆ شەڕ و داگیرکاری!' میتینگێک ئەنجام دەدەن.

رێکخستنی ئامەدی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ٦ی ئاب لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی شارەکە بە دروشمی ' ئێمە چارەسەرین، نا بۆ شەڕ و داگیرکاری!' میتینگێک ئەنجام دەدات.

ئیمام تاشتیئەر پەرلەمانتاری هەدەپە، گوڵستان ئاتاسۆی و زیاد جەیلان هاوسەرۆکانی هەدەپەی ئامەد و ئەندامانی پارتەکە بەشداریان لە کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیدا کرد.

زیاد جەیلان هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەد رایگەیاند کە ئەوان چاوەڕێی بەشداریەکی گەورە دەکەن و وتی، " حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە بە ئیرادەی گەل لەسەر دەسەڵات نین. ئێمە لەژێر بارودۆخێکی سەختدا تێدەکۆشین. ئێمە دەتوانین چەندین کاتژمێر باسی ناحەقیەک بکەین کە لە گەلی کورد و دۆستەکانی و سیاسەتی دیموکراتی دەکرێت. میتینگی ئێمە دەبێتە وڵامێک بۆ دوارۆژمان."

جەیلان باسی لە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و وتی، " سیاسەتی ئاکەپە و مەهەپە سیاسەتی گۆشەگیریە." جەیلان ئاماژەی بە سیاسەتی شەڕ کرد و رایگەیاند کە دەسەڵات دەیەوێت 'لۆزانی دووەم' بەسەر کورددا بێنێت و وتی، " وەک لۆزانی یەکەم دەیانەوێت بە لۆزانێکی دیکە هێرش بکەنە سەر کورد. بە هێرشی سەر کورد و هەدەپە دەیانەوێت سەربکەون."

جەیلان وتی، " ئێمە هیچ کاتێک، گۆشەگیری، شەڕ، هێرش، دەستبەسەرداگرتن و تاڵان قبوڵ ناکەین. ئێمە هەموو کاتێک بەرخۆدان دەکەین. ئەمە دەستکەوتی گەلانی دیموکرات، هەدەپە و گەلی کوردە. ئێمە لە ٦ی ئابدا لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن هاوار دەکەین و پێکەوە بە گۆشەگیری و شەڕ دەڵێین 'نا'."

گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆکی هەدەپەی ئامەدیش داوای کرد گەل بەشداری لە ٦ی ئاب بکات و وتی، " شەڕ شەڕی گەلان نییە، شەڕی ئاکەپە و مەهەپەیە کە دەیانەوێت بەردەوامی بە دەسەڵاتەکەیان بدەن. لە دهی شەڕ جارێکی دیکە لە گۆڕەپانەکان دەبین. میتینگی نوێ ئەنجام دەدەین، ئێمە چاوەڕێی هەموو کەسێک دەکەین."

ف.ق