حەسەن حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ رایگەیاند، نابێت خەڵکی ئێزدی هیوا و ئومێدی خۆیان بە دەوڵەتی عێراقەوە ببەستنەوە و راشیگەیاند، "هەندێک حیزب لە ناوچەکەدا ئاشتییان ناوێت. ئێمە لایەنگری جەنگ نین. ئێمە ڕێگە نادەین سەقامگیری شەنگال لەناوببرێت".
حەسەن حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیەکان (پادێ / PADÊ) لەبارەی ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی حکومەتی عێراق لە شەنگال ڕایگەیاند، عێراق لاوازە و ناتوانێت خاوەنداری لە خەڵکی عێراق بکات. راشیگەیاند، ئێزدیەکان لە بەرنامەی عێراقدا نین، بۆیە هیچیان بۆ ناکات و هەر چییەک بکرێت دەبێت ئێزدیەکان خۆیان بۆ خۆیانی بکەن.
حەسەن حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەوە شیکاریی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
"عێراق ناتوانێت نوێنەرایەتی گەلانی عێراق بکات، هەندێک بڕیاری بۆ دەردەکەن، عێراقیش جێبەجێی دەکات"
حاجی تیشکی خستە سەر لاوازیی حکومەتی عێراق و دەستتێوەردانی هێزە دەرەکییەکان لە کاروباری عێراق و وتی: عێراق لاوازە و ناتوانێت نوێنەرایەتیی گەلی عێراق بکات و خواستەکانی جێبەجێ بکات. خاڵی سەرەکی ئەوەیە، کە دەستی دەوڵەتە بیانییەکانی تیادایە. چەندین هێز لە ناو یەکتردان. ئەو هێزانە بڕیار دەدەن و عێراقیش جێبەجێی دەکات. حکومەتی عێراق نەبووەتە خاوەنی هیچ قسە و بڕیارێکی خۆی، هەموو هێزێک لە عێراقدا هەیە، هەرچی کورد، عەرەب، شیعە و سونە هەیە دەوڵەتێکیان لە پشتەوەیە، بۆیە لە ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠١٤دا کۆمەڵکوژی لە شەنگال ئەنجامدرا. ئێمە زۆرجار دەنگی خۆمان گەیاندووەتە هەموو لایەنەکانی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. بەڕاستی تا ئێستا هیچ کام لەو دەزگایانە بەجدی سەردانی شەنگالیان نەکردووە و نەشیان وتووە، کە شەنگال ماف و حەقی هەیە. بە تایبەتی خەڵکی ئێزدی و ئەوانەی دەرەوەی ئێزدین مافیان هەیە".
"حکومەت خۆی بۆ شەنگال بە بەرپرسیار نازانێت تاوەکو چارەسەرییەک بۆ ئێزدییەکان بدۆزێتەوە"
حەسەن حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ ڕایگەیاند، عێراق هێشتا بە جدی لەسەر کاروباری شەنگال رانەوەستاوە و وتی: "شەنگال لە بەرنامە و رۆژەڤی عێراق دا نییە، کە خاوەنی شوێن و مافە. حکومەت خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، ئەی چۆن دەتوانێت چارەسەرێک بۆ ئێزدیەکان بدۆزێتەوە؟".
"نە عێراق، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە"
حاجی تیشکی خستە سەر پلان و گەمە نێونەتەوەییەکان، تورکیا، عێراق و هێزە ناوخۆییەکانی بۆ سەر شەنگال و ئێزدییەکان و وتی: "بەڵام ئێستا دەبینین شەنگال بە پرۆژە و پیلانی نێونەتەوەیی لە بەرنامە و رۆژەڤدایە. دەبینین چەندین پیلان لەسەر شەنگال دەگێڕدرێت. هۆکاری ئەوانە، هەموو سیاسەتی عێراق و شکستخواردنێتی لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا. ئەگەر ئەمڕۆ عێراق نەتوانێت گەل و خاکەکەی بپارێزێت، ئەی میللەتی شەنگال چ هیوایەکیان پێ هەبێت، کە مافەکانیان بۆ دابین بکات. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هیوایەک، کە ٨ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، شوێنەواری کۆمەڵکوژی هەیە، شەنگال دیلی هەیە. ئێزدیەکان هەموویان کۆچبەر و ئاوارە بوون. عێراق هەرگیز ویژدانانە هەڵسوکەوتی نەکردووە، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، هیچیان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە. هەموویان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و ڕێکخراوەکانیان کار دەکەن. نەک تەنها مافی ئێزدیەکان، مافی تورکمانەکان، شەبەک و مەسیحییەکانی عێراقیش دەخورێت. هەرچەندە لە یاسادا مافیان هەیە، بەڵام لەسەر زەوی و لە راستیدا مافیان نییە".
"پێویستە ئێزدیەکان داوای مافەکانیان بکەن"
حەسەن حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ وتی، داوا لە گەلی شەنگال دەکەین، کە دەبێت بە دەنگ و هێزەوە داوای مافەکانیان بکەن. حاجی وتیشی: "هیچ بەرنامە و ئەجێندایەکی نوێی لە رۆژەڤی حکومەت دا نییە، کە کار بۆ گەل بکات، بەتایبەتی بۆ ئێزدییەکان. ئەگەر ئێمە داوای مافەکانمان نەکەین، ئێمە داوای شەنگال نەکەین، ئەوان هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لێی نییە. کۆمەڵکوژیی شەنگال پیلانێکی نێونەتەوەیی بوو و عێراق و هێزە ناوخۆییەکانیش هاوکارییان کرد. ئەگەر لە دادگاکانی لاهادا لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدرێت، دەبێت هەموو کەسێک حساب بدات و بەرپرسیار بێت، بەڵام ئێستائ ئەوان بە دوای پیلانەوەن.
"ئێزدیەکان هەرگیز گوشاریان لە کەس نەکردووە و هەمیشە لایەنگری پێکەوە ژیان بوون"
ئێزدیەکان هەزاران ساڵە لێرە دەژین، ئێزدیەکان وەک ئێزدی و ئایین هەرگیز ڕێگر نەبوون لە بەردەم پێکهاتەکانی تر دا، کە ناتوانن پێکەوە بژین. ئێزدییەکان هیچ کات جیاوازییان لە نێوان کۆمەڵگا و ئایینەکانی شەنگال دا نەکردوە. ئەمڕۆ ئەو سیاسەتە لەسەر شەنگال دەگێڕدرێت، سیاسەتێکە، کە دەیانەوێت شەنگال لاواز بکەن. دوژمن ڕێگە نادات شەنگال بە هێز بێت، ڕێگە نادات یەکێتی ناوخۆیی، کۆمەڵایەتی، سەربازی و سیاسیی خۆی ئەنجام بدات. ئێمە لێرە لاوازیمان هەیە. کاتێک بزانین پیلانی حیزبی لەسەر شەنگال جێبەجێ دەکرێت، ئەو هێزە بە دوای لاوازیی ئێزدییەکاندا دەگەڕێت و نابێت ببنە بەشێک لە بەرنامە و پیلانەکانیان بۆ سەر شەنگال. پێویستە ئێمە بە پێی ئێزدیەکان، حەق و مافەکانی ئێزدیەکان و پێکهاتەکانی هەڵسوکەوت بکەین. نابێت بچینە ناو گەمەی دوژمن و ئەو هێزانەوە. دوژمن هەرگیز چاکەی ئێزدییەکانی ناوێت. نابێت مرۆڤ گلەیی لە دوژمن بکات. دەبێت تۆ سوودت بۆ خۆت هەبێت و رێگە بە دوژمن نەدەیت. پێش لە ساسەت و پیلانەکان بگریت. ئەمڕۆ هەموو شەنگالیان دەوێت".
"ئێمە گەلی خۆمان بە سیاسەتەکەمان بەڕێوە دەبەین"
حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، هەمیشە پیلان و پیلانگێڕی لە دژی ئێزدیەکان ئەنجام دراوە و وتی: "ماوەی هەشت ساڵە پیلان لەسەر پیلان دادەنێن. پیلانی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ، ئێستاش ئاژاوەگێڕی دەکەن، ئەوان یەک پیلانگێڕین و وەک یەکن. هەموویان سیاسەت لەسەر ئێزدیەکان دەکەن. ئێمە بە سیاسەتی خۆمان گەلەکەمان بەڕێوە دەبەین، بۆ گەلەکەی خۆمان کار دەکەین. دەبێت هیچ سیاسەتێک بۆ نەکرێـ، کە مافی ئێزدیەکان بخورێت و لاوازیان بکات. ئەوە سیاسەت نییە، بۆیە پێی دەڵێین، پیلانگێڕی. سیاسەتی ئەمڕۆی عێراق لەبەرژەوەندیی گەلانی عێراقدا نییە. دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ عێراق، کە سیاسەت دەکەن، هەموویان کار بۆ ئایین، هێز و عەقڵییەتی خۆیان کار دەکەن. هەموویان دەیانەوێت پشکی گەورەیان لە حکومەت دەست بکەوێت و بۆ ماوەی ٤ ساڵی دیکە بەرپرس بن و لەسەر کار بن. هەر چۆن خۆیان گەیاندە پەرلەمان و خۆیان جێگیر کرد، ئیدی خەمی میللەتیان نامێنێت. خەڵک لە رۆژەڤ و بەرنامەی عێراقدا نییە. ئێمەی کۆمەڵگەی ئێزدی چ هیوایەکمان پێیان هەبێت، بۆیە دەخوازرێت ئێمە ئەمڕۆ بەکەڵکی خۆمان بێین و سوودمان بۆ خۆمان هەبێت.
پێویستە ئێمە کۆمەڵگاکەمان ئاگادار و هۆشیار بکەینەوە. دەبێت ئێمە کۆمەڵگاکەمان ڕێکبخەین. دەبێت خەڵک ئاگاداری ئەو سیاسەتە بن و نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو هێز و لایەنانە. بەسە دەبێت ئیدی میللەتەکەمان دوای پلان و سیاسەتێک نەکەوێت، کە لەسەر زەوی بەرژەوەندیی هەندێک هێزی سیاسیی دەوێت و پێکیدەهێنێت. ئەوە لاوازیی ئێمەیە. تۆ چەند کۆمەڵگا یەکبخەیت ئەو سیاسەتە بەو ئەندازەیە لاواز دەبێت. کۆمەڵگا بێ ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتن بێدەسەڵات و بێ هێز دەبێت. ئەگەر بڕیار و خواستەکانی کۆمەڵگا وەک یەک بێت و یەک شت بێت ئەوا دەتوانیت داوای مافەکانی خۆی بکات و لەسیاسەتدا جێگەی خۆی بکاتەوە و ڕێگە نەدات کۆمەڵگا لەسیاسەت و پەلامارەکانی سەری کاریگەریی لەسەر دروست ببێت. ئەمڕۆ هەموو ئەمانە لە ناوچەی عێراق و بە تایبەتی لە شەنگالدا ئەنجام دەدرێت. ئەوە سیاسەتی ناوخۆیی تێپەڕاندووە و و بووە بە سیاسەتی نێونەتەوەیی. پێشتر ڕامانگەیاندبوو، ئێرە عێراقە و هەموو ئەو هێزانەی لێرەن حساب و لێپرسینەوەیان لە یەک دەوێت، ئەمڕۆش هاتونەتە ناو شەنگال.
سیاسەتی ئەمریکا، دەرەوە و تورکیا، هەروەها دەوڵەتە عەرەبیییەکان، بەرژەوەندییان لە شەنگالدا هەیە و هەریەکەیان دەیانەوێت لە شەنگال جێگیر ببن، بەڵام ئەوان لە خەمی خەڵکی شەنگال دا نیین و گرنگییان پێنادەن. خەڵکی شەنگال قوربانیی سیاسەت و پیلانەکانیانن. خەڵکی شەنگال باجی ئەو ناکۆکی و ئاڵۆزییانە دەدات".
"وریا بن نەکەونە ناو تەڵەکانەوە"
حەسەن حاجی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ هۆشداریی دا بە گەل و وتی: "پێویستە ئێمە هۆشیار بین، نەکەوینە ناو یاریەکانیان. ئێمە دەمانەوێت، هەبوونمان و ئێزدیبوونمان، حەق و مافەکانی شەنگال بەدەست بهێنین. ئێمە هەرگیز داوای دەوڵەتمان نەکردووە، ئێمە داوای ئەوەمان نەکردووە، ئەو شوێنانەى دەستی ئێمەیان پێدەگات با لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا بێت. ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین، لەگەڵ هەموو گەلاندا دەژین، لە دژی ئایین و باوەڕی کەسن نین. تۆ بۆ ئەو دۆخەى ئێستا ناتوانیت وەڵامدەر بیت، تۆ دەکەوێت ژێر کاریگەریی سیاسەت و لاواز دەبیت. هەرگیز سیاسەتێک نەکراوە، کە لە بەرژەوەندیی ئێزدییەکاندا بێت. هەروەها سیاسەتێک نەکراوە هاوڵاتیانی ئێزدی کۆچبەر و ئاوارە بگەڕێندرێنەوە سەر خاک و شوێنەکانیان.
بۆچی بەرامبەر بە ئێزدیەکان هەڵوێست وەردەگرن؟
بۆچی عێراق ڕێگەی نەدا پەیکەری شەهید زەدەشت شەنگاڵی لە شەنگال دابنرێت. زەردەشت شەنگالی بۆ خاک و کەرامەتی خۆی شەڕی کرد و شەهید بوو، بۆچی ڕێگە بە دانانی پەیکەرەکەی لە شەنگال نەدراو. بۆچی بۆ کەسەکان، ناوەندەکان، وڵاتانی تر و پەیکەرەکان لە عێراق دەنگ ناکەن، بەڵام بۆ بەرامبەر بە ئێزدییەکان هەڵوێست وەردەگرن".
'ئێوە نوێنەری شەنگال نین، ئەوانەی نوێنەرن خزمەتی دەکەن'
حاجی ئاماژەی بەوەدا، هەندێک کەس وەک نوێنەرانی ئێزدی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن و راگەیاندنەکان قسە دەکەن و لەو بارەیەوە وتی: "هەندێک کەس لە رێگەى راگەیاندنەکانەوە بە کاری راگەیاندن هەڵدەستن، کە زیان بە شەنگال و ناوچەکە دەگەیەنن. ناکۆکیی لە نێوان پێکهاتەکانی شەنگال و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دا دروست دەکەن. ئێمە دەڵێین، ئێوە نوێنەری شەنگال نین، ئێوە نوێنەری ئیرادەی شەنگال نین، ئەو کەسەی خزمەتی ئێزدیەکان دەکات ئەوە نوێنەریی ئێزدییەکانە. ئەگەر ئێوە خزمەتی لایەنەکانی تر بکەن و فیتنە دروست بکەن، ئەمە قبوڵ ناکرێت. شەنگال ئەمڕۆ شەنگالیان کردووەتە گۆڕەپان و ناوچەیەکی سەربازی".
"ڕێگە نادەین ناخۆشی و نائارامی بکەوێتە شەنگال"
لە دوایدا حەسەن حاجی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پادێ وتی: "هەندێک لایەن نایانەوێت لە شەنگال ئاشتی هەبێت. ئێمە لایەنگری جەنگ نین. ئێمە ڕێگە نادەین ناخۆشی لە شەنگال دروست ببێت".
ژ.ت