حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک: پێویستە سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی سوپا دابنرێت
سەرجەم حزب و لایهنه كوردستانییهكانی کەرکوک پشتیوانی خۆیان بۆ دانیشتوانی گهڕهكی نهورۆز دووپاتکردەوە.
سەرجەم حزب و لایهنه كوردستانییهكانی کەرکوک پشتیوانی خۆیان بۆ دانیشتوانی گهڕهكی نهورۆز دووپاتکردەوە.
رۆژی ٢ی ئەم مانگە لەلایەن قائیمقامی کەرکوکەوە هێزێکی سوپای عیراق گەیشتنە گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک و داوایان لە دانیشتوانی گەڕەکەکە کرد، کە خانووەکانیان چۆڵ بکەن و بیدەن بە ئەفسەرانی سوپای عێراق. خەڵکی گەڕەکەکەش ئەو داگیرکارییەی سوپای عێراقیان دژ بە کوردانی گەڕەکەکە قەبووڵ نەکردو ئاڵۆزی دروست بوو، وە ماوەی دوو هەفتەیە خەڵکی گەرەکەکە مانگرتنیان ڕاگەیاندووە، بۆ ئەم مەبەستەش ١٤ حزب و لایەنی کوردستانیی لەنێوانیاندا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان بۆ پشتگیریکردنی دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و دڵنیاییان دایە دانیشتوانی گەڕەکەکە کە لەگەڵیان دەبن و بەجێیان ناهێڵن، و هەروەها حزبە کوردستانییەکان ڕایانگەیاند کە بێدەنگی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی سوپای عێراق دەبێتە هۆی درێژەپێدانی ئەم پرۆسەیە.
جێگای باسە سەرجەم حزب و لایەنە کوردستانییەکانی شاری کەرکوک کە ١٤ حزب و لایەنن بۆ پشتگیریکردنی دانیشتوانی گەڕەکی نەورۆز بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند: "پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک پەلە بکەن لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە، تا کۆتایی بەم دۆخە سەربازییەی کەرکوک بهێنرێت".
رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەنەکە بەناوی سەرجەم حزبە کوردستانییەکانەوە لە بەیاننامەکەدا رایگەیاند: "داواکارین بەزووترین کات ئەو هێزەی سوپا کە گەمارۆی گەڕەکی کوردنشینی نەورۆزی داوە بکشێتەوەو کۆتایی بە ترس و تۆقاندن لەگەڕەکەدا بهێنێت، داواش لە نوێنەرانی کورد دەکەین لەبەغدا بە جددی کار بۆ ئەم مەبەستە بکەن و لەڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە سنورێک بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای عێراق لە شاری کەرکوک دابنێن ".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "پێویستە لایەنە براوەکانی شاری کەرکوک پەلە بکەن لەپێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تا کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و ئێمەش وەک حزب و لایەنە کوردستانییەکان خەڵکی خۆڕاگری کەرکوک دڵنیادەکەینەوە لەگەڵیان دەبین و هەرگیز بەجێیان ناهێڵین".
جێگای ئاماژەیە ئەو ١٤ حزب و لایەنە کوردستانیەی بەشداربوون بریتیبوون لە: تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، یەنەکە، پارتی سۆسیالستی کوردستان، بزوتنەوەی دیموکراسی گەلی کوردستان، هاوپەیمانی نیشتیمانی، حزبی پێشکەوتووخوازی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان ، یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێ و پەدەکە".