٨ ساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا جارێکی تر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی تری کۆمەڵگاکەمان ڕووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوویەوە.
لە رۆژی ٣/٨/٢٠١٤ دوای ئەوەی سوپای عێراق لەناوچەکە بەگشتی کشابووەوە، ئەرکی پاراستنی شەنگالیش بەدەستی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) بوو، بەڵام سەرلەبەیانیەکی زوو لە رۆژی ٣ی ٨، هێزەکانی پەدەکە بەبێ هیچ بەرگرییەک و چەند کاتژمێرێک پێش هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ شەنگال، بەبێ ئاگادارکردنەوەی گەلی ئێزدی ١٢ هەزار پێشمەرگەی پەدەکە کە لەناوچەکەدا هەبوون، ناوچەکەیان چۆلکرد بۆ تیرۆریستانی داعش کە قەزای شنگال و دەوروبەریان داگیر کرد و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو ناوچە تێکۆشەرە دووچاری ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و کوشتنی بە کۆمەڵ و ڕفاندن و جینۆساید بوونەوە،
لە رۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ ئۆپراسیۆنی کۆنترۆلکردنەوەی قەزای شەنگال دەستی پێکرد بە بەشداری شەرڤانانی یەبەشە، یەپەگە، یەپەژە، گەریلاکانی هەپەگە و پێشمەرگەکانی یەنەکە، پاشا ئەو کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە، گەلی ئێزدی گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە تەنها خۆیان دەتوانن خۆیان بپارێزن، بۆیە خۆیان بەڕێکخستن کرد خۆبەڕێوەبەری شەنگالی لە چوارچیوەی حکومەتی عێراق ڕاگەیاند هێزێکی تۆکمەی بۆ پارێزگاری لە گەلی ئێزدی پێکهێنا، بەڵام سەرکەوتنەکانی گەلی ئێزدی بەسەر هەوڵی سڕینەوەیان، تورکیای داگیرکەری نیگەران کرد و هەمیشە هەڕەشەی هێرش کردنە سەر شەنگال و گەلی ئێزدی دووبارە دەکاتەوە.
لە ٨هەمین ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، حزبە کوردستانیەکانی باشوری کوردستان، سەبارەت بەپرسەکانی، هەڕەشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بۆسەر تەواوی کوردستان بەگشتی و شەنگالیش بەتایبەتی، کارەساتی جینۆسایدی ئێزدییەکان، کەمتەرخەمی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەئاست پاراستنی ئێزدییەکان، پرسی ڕەوایی خۆپاراستنی ئێزدییەکان لایەن هێزەکانی خۆیان و خۆبەڕیوەبردنی ناوچەی شەنگال لەچوارچیوەی یاسا و دەستوری دەوڵەتی عێراق و چەند پرسێکی دیکە، بۆ ئاژانسی هەوالی فورات دوان.
لەچەندین ڕووەوە ستەم و نادادپەوەری بەرامبەر گەلی ئێزدی کراوە
سەبارەت بەهۆکاری بەردەوام کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئێزدی بەدرێژایی مێژوو، شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند: "لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام شەر و ململانێ بوونی هەیە و لایەنی ئەو ململانێیانە بەردەوام بیر لە بەکارهێنانی هێز دەکەنەوە، گەلی ئێزدی کە بەشێکن لە گەلی کورد، کە لەدێر مێژووەوە ئاینی و بیروباوەڕی ڕەسەنی خۆیان پاراستووە، و ئێزدییەکان لەچەندین ڕووەوە ستەم و نادادپەروەری بەرامبەریان کراوە، بۆنموونە لەڕووی ئاین و بیروباوەڕەوە چەندین جار کۆمەڵکوژ کراون، تا ئیستا نزیکەی ٧٤جار کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان ئەنجامدراوە، لەدواین کۆمەڵکوژی جینۆسایدی ئێزدییەکان بوو بە دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش کە خۆی وەکو ڕێکخراوێکی ئیسلامی توندڕەو ناساندبوو و بەبیانوی لادان لە ئاین گەلی ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کرد".
توانیویانە مەردانە پارێزگاری لە ئاین و کلتوری ڕەسەنی خۆیان بکەن
هەروەها دەربارەی هەوڵی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سڕێنەوەی کوردانی ئێزدی، شوان محەمەد ووتی: "هۆکارێکی دیکەی ئەو کارەساتانەی بەسەر گەلی ئێزدی ڕوویداوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەڕووی نەتەوەییەوە کوردن بۆیە بەردەوام چەوسێندراونەتەوە، لەدوای هاتنی تیرۆرستانی داعش بۆ ناوچەکە ئێزدییەکان ناوچەکانی خۆیان پاراستووە کە ئەمەش بۆ داگیرکەرانی کوردستان قورس بوو، داگیرکەرانی کوردستان دەیانویست کە تیرۆرستانی داعش تەواوی ئێزدییەکانیان لەناو بردایە، ئەو ئێزدیانەی کە لەتەواوی هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی و کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدی ڕزگاریان بووە، توانیویانە مەردانە پارێزگاری لە ئاین و کلتوری ڕەسەنی خۆیان بکەن".
دەوڵەتی تورک هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەکانی ناوچەکەی داوە
سەبارەت بە هەڕەشە بەردەوامەکانی دهوڵهتی تورك بۆ داگیرکاری شەنگال، ئەو بەرپرسەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەوەی چاوی بەسەرکەوتنی ئێزدییەکان بەسەر داعش هەڵنایە و قەبوولی نیە ئێزدییەکان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و خۆیان بەڕێوەبەرن، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە بەسەرپەرشتی ئەردۆگانی تاوانبار بە تاوانی جەنگ و کوشتنی خەڵکی سڤیل، لەئیستاشدا دەوڵەتی فاشستی تورکیا خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسێۆنی داگیرکردنی تەواوی رۆژئاوای کوردستان، بەردەوامی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر شەنگال مەترسیدارە چونکە چاوەڕوان کراوە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەڕەشەکانی بکاتە پراکتیک، لەئیستادا دەبینین کە عێراق ووڵاتێکی بێ سەروەرییە دوای هەڵبژاردن تا ئیستا نەتوانراوە حکومەت پێکبهێرێت و ئاڵۆزی هەیە، وە ماڵی کوردیش پەرتەوازەیە، دەوڵەتی تورکیش وەکو کاری هەمیشەیی چاوی لە داگیرکردن و لەناوبردنی نەتەوەکانی دەوروبەریەتی".
پێویستە کورد هەڵوێستێکی یەکگرتووی نشتیمانی دژی داگیرکاری هەبێت
سەبارەت بەبێ دەنگی لایەنەکانی لەئاست داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشستی تورکیا، ناوبراو ووتی: "دەوڵەتی تورکیا بە هێرشە داگیرکارییەکانی بۆسەر رۆژئاوا یان شەنگال هەوڵدەدات کێشەکانی ناوخۆی خۆی بۆ دەرەوە بگوازێتەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەگەر بۆیبکرێت تەواوی ناوچەکە داگیردەکات چونکە تا ئیستا باوەڕیان بەخەونی دەوڵەتی عوسمانیەوە ماوە و باسی پەیماننامەی میلی دەکەن، پێیوستە کۆمەلگای نێونهتهوهیی پشتیوانی لە گەلی ئێزدی و شەنگال بکات، هەروەها پێویستە لایەنە کوردییەکان یەکگرتووبن و هەڵوێستێکی نشتیمانیانەیان هەبێت لەدژی داگیرکاری.
ئێمە وەکو حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەردەوام هەڵوێستی توندمان هەبووە لەدژی داگیرکاری، پێمان وایە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دوور لە هەموو بەها ئەخلاقی و پراسیبی نێودەوڵەتی هەوڵی داگیرکردنی ناوچەکە دەکات، بەتوندیش دژی هەموو داگیرکارییەک دەوەستینەوە".
ئێزدییەکان هێزی چەکدارییان هەیە پێویستە خۆیان بەڕیوەبەرن و خۆیان بپارێزن
لە کۆتایدا سەبارەت بە خۆبەڕێوەبردن و پاراستنی ناوچە ئێزدی نشینەکانی وەکو شەنگال لەیاەن رۆڵەکانی شەنگال، شوان محەمەد ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ووتی: " لەدوای ڕووداەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەژیر دەستی حکومتی عێراقە خۆیان بپارێزن، بەپلەی یەکەم پاراستنی ئێزدییەکان لەئەستۆی حکومەتی عێراق لەئیستاشدا حکومەتی عێراق بێ سەروەرییە، بێگومان دوای ٧٤جار هەوڵی کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییەکان مافی خۆیانە، لەئیستادا ئێزدییەکان خۆیان ڕێکخستۆتەوە و هێزی چەکدارییان هەیە پێویستە خۆیان بەڕیوەبەرن و خۆیان بپارێزن وە پێویستە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پشتیوانی ئێزدییەکان بکەن لە بهڕێوەبردن و پاراستی خۆیان".
شەنگال، کەرکوک و باشوری کوردستان بەردەوام مەترسی هێرشی داگیرکەرانی لەسەرە
لەلای خۆیەوە، ڕەسوڵ ڕەئوف ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالستی کوردستان، سەبارەت بە پێشەڵکارییە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر سەروەری عێراق، ووتی: " بەداخەوە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ دەوڵەتی عیراق بۆتە ووڵاتێک کە سەروەری نیە و ناتوانێت بەرگری لە سنورەکانی خۆی بکات، هەردوو ووڵاتی تورکیا و ئێران لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەردەوام سنورەکان دەبەزێنن بۆ لێدان لەو هێزە کوردیانەی کە ئۆپەزسێۆنن لەدژی داگیرکەران، شەنگالیش بەردەوام مەترسی هێرشی داگیرکەرانی لەسەرە، تورکیا دەبینین بەردەوام بیانوی ڕێکەوتنێکی کۆن بەکاردەهێنت لەکاتی بەزاندنی سەروەری عێراق کە لەگەڵ رژێمی پێشووی بەعس ئەو هاوپەیمانیەی کردووە، پێویست بوو دەسەڵاتدارانی عیراق و دەسەڵاتی کوردی دوای رووخانی رژێمی بەعس، ڕاگرتنی ئەو ڕێککەوتنەیان ڕاگەیاندبایە، تورکیا بەردەوام هەوڵی داوە پارچەکانی کوردستان لەیەک دابڕێنێت کە ناوچەی شەنگالیش ناوچەیەکی ستراتیجیە لەنیَوان باشور و رۆژئاوای کوردستان، نەک تەنها شەنگال دەبینین مەترسی لەسەر کەرکوک و تەواوی باشوری کوردستان هەیە کە دەوڵەتی تورکیا بە ئاشکرا باسی داگیرکردنی ولایەتی موسڵ دەکات".
عێراق لاوازبووە و نەیتوانیوە سەروەری سنورەکانی بپارێزێت
هەروەها سەبارەت بەهەوڵەکانی تورکیا بۆ فراوان بوونی داگیرکارییەکانی لەناوچەکە، ڕەسوڵ ڕەئوف ووتی: "بەردەوام بەرپرسانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە سەردانی شاری کەرکوکیان کردووە وەکو شارێکی تورکی لەقەڵەمی دەدەن، لەمێژەوە پاشخانێکی داگیرکاری بۆ ئەم ناوچانە هەیە، لە هەموو ئەو قۆناغانەی حکومەتی عێراق لاوازبووە و نەیتوانیوە سەروەری سنورەکانی بپارێزێت، دەوڵەتی تورکیا هەولی داوە داگیرکاری زیاتر ئەنجام بدات بۆ فراوانکردنی شوێن پێ دەوڵەتی عوسمانی نوێ"،
ئەو هێزە چەکدارەی لە شەنگال دروستبووە، هێزێکی ڕەوان و مافی بەرگری کردنیان هەیە
لە کۆتایدا سەبارەت بەهێزەکانی یەبەشە و ڕەوایی خۆپاراستنیان وەکو هێزێکی تایبەت بە گەلی ئێزدی، ڕەسوڵ ڕەئوف ئەندامی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالستی کوردستان ووتی: "ئەو هێزانەی لە شەنگال دروستبوونە هێزی ناوخۆیین، لەوانەیە وەکو هزر لایەنگری لایەنێکی ئۆپەزسێونی تورکیا هەژماربکردێن ، هەر هێزێکی ناوخۆیی دروستبکرێت ئەوە ڕەوایی ناوخۆیی هەیە، هەر هێزێکی لەناو گەلەکەی خۆیە هەڵقولێت ئەوە مافی خۆیانە بەرگری لەخۆیان بکەن، گەلی ئێزدی بەردەوام ڕبەڕووی کۆمهڵكوژی بوونەتەوە و پەنایان بردۆتە بەر هێزێک بۆ ئەوەی بیانپارێزێت بەڵام هێچ لایەنێکی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان نەیتوانی بیانپارێزێت بۆیە ڕەوایە کە خەڵکی شەنگال خۆیان چەکدار بکەن و بەرگری لە گەلی خۆیان بکەن و گەلەکەیان بپارێزن و خۆیان بەڕەیوەبەرن، پێیوستە بەهیچ بیانویەک ڕێگە نەدرێت دوژمنان سنورەکان ببەزێنن، چونکە ئەوەی بەلای داگیرکەران پاراستنی سنورە لای ئێمە کورد هێرش کردنە سەر هێزە کوردییەکانە".
ئەوەی داعش نەیتوانی بیکات لە سڕینەوەی ئێزدییەکان تورکیا هەوڵی ئەنجامدانی دەدات
هەروەها، کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان، سەبارەت بە داگیرکارییەکانی تورکیا بەگشتی و هەڕەشەی داگیرکردنی شەنگال بەتایبەتی، ناوبراو بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەنها هەڕەشە لە شەنگال ناکات بەڵکو هەڕەشە لە تەواوی کورد دەکات بەتایبەتی لە رۆژئاوا و باشوری کوردستان، هەمووان ئاگادارن ماوەیەکی درێژە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هەڵمەتێکی داگیرکاری و هێرشی لە باووری کوردستان بەگشتی دەستپێکردووە، هێرش کردنە سەر گەلی ئێزدی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە دوو هۆکاری هەیە، یەکەمیان نزیکبوونەوەی لە موسڵ بەئامانجی داگیرکردنی بەحوکمی ئەوەی شەنگال ناوچەیەکی ستراتیژییە، دووەمیش تەواوی کردنی کاری داعش کە کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی تەواوی گەلی ئێزدییە".
ئێزدییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە تەنها خۆیان دەتوانن خۆیان بپارێزن
سەبارەت بە گرنگی خۆپاراستن و بۆبەڕێوەبردنی شەنگال لەلایەن گەلی ئێزدیەوە، کۆمەڵ سەرمەد ووتی: "گەلی ئێزدیی لە ڕابردوودا ٧٣ کۆمەلکوژی بەسەریاندا هاتووە، هیچ کات گەلی ئێزدی وەکو ئەمڕۆ بەهێز و یەکگرتوو نەبوونە، بەخوێندنەوەی ڕابردوویان ئێزدییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە تەنها خۆیان دەتوانن خۆیان بپارێزن، لەسالی ٢٠١٤ لەکاتی هێرشی داعشدا، هێزی عێراق لەو ناوچانە نەما و هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش(پەدەکە) کە ئەرکیان پاراستنی شەنگال بوو، ناوچەکەیان بەبێ بەرگری بەجێ هێشت و لەماوەی ٤ کاتژمێرا گەلی ئێزدی بەیێ چەک بۆ داعش بەجهێلدران لەلایەن (پەدەکە)وە، کە لەئەنجامدا ئەو کارەساتی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی گەلی ئێزدی لێکەوتەوە".
جارێکی دیکە گەلی ئێزدی ڕێگە بە کۆمەلکوژییەکی دیکە نادەن
هەروەها ئەو هاوسەرۆکەی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تهڤگهری ئازادی ووتیشی: "لەگەڵ هەرەشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ هێرشکردن و داگیرکردنی شەنگال، دووبارە شەنگال بەتەنها بەجێدەهێلرێت بەڵام ئەم جارە گەلی ئێزدی هێزێکی تۆکەی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ خۆپاراستن لە هەر هێرشێک، وە ڕێگە بە کۆمەلکوژییەکی دیکە نادەن بەسەر گەلەکەیان بێت".
فاکتەرەکان وایکرد گەلی ئێزدی خۆی بەڕێکخستن بکات
هەروەها ناوبراوی باسی لە ڕەوایی هێزەکانی یەبەشە کرد ڕایگەیاند: "هێزەکانی یەبەشە لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عێراقدایە کە سەر بە حەشدی شەعبیش بن لە پەرلەمانی عێراق حەشدی شەعبی کرا بە بەشێک لە سیستەمی بەرگری عێراق، بەپی تەواوی چاودێران کە تەنها هێزێک گەلی ئێزدی پاراستبێ لە هێرشەکانی داعش، ئەو هێزە بوو کە ئیستا گەلی ئێزدی لە شەنگال کردووە بەخاوەن هێز و چەک و ئیرادە، فاکتەرەکان کە گەلی ئێزدی لەچوارچێوەی ئەو هێزەدا خۆی بەڕێکخستن بکات و خۆی پر چەک بکات".
خۆبەڕیوەبردنێکی دیموکراتی لەچواچێوەی عێراق بۆ گەلی ئێزدی پێویستە
لە کۆتایدا کۆمەڵ سەرمەد هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان، سەبارەت بە پێویستی خۆبەڕێوەبردنی شەنگال لەلایەن گەلەکەیەوە، ووتی: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، خۆبەڕیوەبردنێکی دیموکراتی(نامەرکەزیەکی دیموکراتی) بۆ گەلی ئێزدی پێویستە کە ئەمەش لە یاسای عێراقدا دەکرێت ئەنجام بدرێت، یان دەکرێت شەنگال کە خاوەنی بیروباوەڕیکی ئاینی جیاوازن بکرێتە پارێزگایەکی فیدڕاڵی دیموکراتی سەربەخۆ لەچوارچیوەی عێراقدا، کە گەلی ئێزدیی بتوانن لەچواچێوەی یاسا و دەستوری عێراق خۆیان بەڕێوەبەرن و خۆیان بپارێزن لەڕێگەی هێزەکانی خۆیان".
هـ . ب