چیرۆکی من و ئەم نووسینە، چیرۆکی تۆ و چاوە سەوزەکانی تێکۆشانتە! چیرۆکێک نییە بۆ ستایشکردنی تۆ، بەڵکو نووسینی ڕاستیی بوونتە، هەڤاڵی هەمیشە جاویدان و زیندوو! چیرۆک، چیرۆکی دایکێکە، کە شێعر دەخوێنێتەوە و سەری بە بەرزی ڕاگرتووە و فەرمانمان پێدەکات، چیرۆکی ئەو دایکەیە، کە رێگای گەیشتنی بە رێزانی ئەم نیشتمانە نیشان داوە، کە ئێستا بەو وشە و وتانە وەسفی دەکات... چیرۆکی من و ئەم نووسینە، چیرۆکی ئەو دایکەیە، کە تۆی بە خاک نا، بەڵکو بە مێژوو و یادەوەری و یادگەى ئەم نەتەوەیە سپاردووە، چیرۆکی دایکێکە، کە گریانەکەى لە گۆشەی چاوەکانیدا دەشارێتەوە، کە رەنگە ببێتە ئاوێک بۆ سەر ئاگرى دڵی. چیرۆکی ئێمە، هەمان قەڵغانی شینی ئاسمانییە، کە نرکەى هەوری خەیاڵەکانی لە ئامێز گرتووە. چیرۆکی من و ئەو نووسینە، چیرۆکی ئەو بارە قورسەیە، کە خستووتەتە سەر شانمان و ئەو بەڵێنە و پەیمانەشمان بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە... ئەمەش واتە، بۆ هەمیشە شوێنی پێی هەنگاوە سورەکانت بەسەر خاکی ئەم نیشتمانەوە دەمێنێتەوە...
هەڤاڵی رێگا دوور و نزیکەکان
ئێرە کوردستانە، قورسایی و چڕیی تێکۆشانە ئازادیخوازانەکەى بە رۆح، بیر و شێوازی هەموو شۆڕشگێڕییەکەوە هەستی پێدەکرێت. تێکۆشانێک بە باکگراوندێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری زنجیر دروست دەکات، زنجیرێک، کە لە تەوری خیانەت پارێزراو نییە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هاتوە. زنجیرێک، کە ئەڵقە ئەڵقەکانی بۆنی شۆڕش و ئومێدیان لێ دێت! زنجیرێک، کە لەو دیو سنوورەکانی شوێن و کاتەوە تۆ بە دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتو دەبەستێتەوە. سەیرکە، پەیامی تۆ لەم ڕەوتە مێژووییەدا چەند قورسە؟ سەیرکە ئاڵاهەڵگریی ئەم رێگایەت چەند جوان بە دڵ و گیان بۆ خۆت بردووە و سەرسامت کردوین... دەستخۆش بۆ ئەم زنجیرە، کە رێگای نیشان داین. رێگایەک، کە ڕێبوار و پێشەنگی دەوێت. ئاخر چۆن دەبێت هەڵبژاردنی ناوەکەت بە رێککەوت بوو بێت؟ بێگومان ناکرێت پەیوەندیی بە گوفتار و کردارتەوە نەبوو بێت؟ ئەوەتا تۆ پشتت بەو زنجیرەوە دابوو و ئەو زنجیرەش متمانەى بە تۆ کرد و مەشخەڵی رێگاکەى دایە دەستت. خۆی باش دەیزانی لەسەر رێگاکەت بەردی زۆر هەیە و دەبێت هەنگاوەکانی رێکردن و رۆیشتنت ئەوەندە بەهێز بن، کە یەک بە یەک تێیانپەڕێنیت! خۆیشت باش دەزانیت، کە کۆڵی متمانەى نێوان من و تۆ و هەموو هاورێبازەکانت، کۆڵێکی ئەمانەتییە، کە قەرەبوو ناکرێتەوە، کەواتە دەبێت بە ئاڕاستەى رێگایەکدا بڕۆیشتایە، کە هەموو کەس ناتوانێت پیایدا بڕوات!
پێمان بڵێ بە دوای چیدا دەگەڕێی؟ بانگمان بکە تاوەکو لەگەڵ تۆ بیدۆزمەوە! سەیرکە چ چیرۆکێکێت بۆ دروست کردوین!
چیرۆک، تۆوی دڵی خاکە، چەند گڵی بەسەردا بکەن هەر چەکەرە دەکات و دەڕوێت و سەر دەردەهێنێت و دەپشکوێت، غونجەچەیەک و نەمامێک، کە دڵی خاک ناچار بە لێدان دەکات. بە دایکت دەڵێم، بست بە بست بۆن بە خاکی گەرمی مەهابادەوە بکات، چونکا بۆنی قامیشلۆ و بۆنی شنەى شۆڕشی لێدێت! بە دایکت دەڵێم، بەو پەڕی بڕوابەخۆبوونەوە و شانازیکردنەوە سەیری چرچ و لۆچەکانی دەموچاوی بکات، ڕۆڵەکەى لەم هاوار هاوارەی جەنگ و کێشمەکێش دا چەند ئاسودە چووەتە ناو دڵی ڕووداوەکانەوە و هەموو بێ ئۆقرەییەکانی جیهانی تیایدا حەواونەتەوە و ئارام بوونەتەوە! پێی دەڵێم، کە هێڵ بە هێڵی دەموچاوت دەخوێنرێتەوە و پەیامیان تیادایە، چەند ئاسودە و ئارام، بیرەوەرییەکانی تەڕی زێد و نیشتمان بە یادگەى مێژوو دەسپێرێت! پێی دەڵێم، منیش دایکێکی وەک تۆم دەوێت! دایکێک، کە رێزان بئافرێنێت، دایکێک، کە سەری چیاکانی قەندیل و لێوی کانیاوەکانی کوێستان ماچ بکات! دایکێک، کە بە هەنگاوە ئارامەکانی گەشت بکات بۆ ناو مێشک و زەینی هەموومان! دایکێک، کە شەپۆلی دەنگی پڕ لە ئاواز و زایەڵە، لەرزە بخاتە سەر جەستەى هەموو دیوارە ساختەکان! دایکێک، کە ئێمە بە مۆر و تۆ بە خۆر بانگ بکات! دایکێک، کە لە عەشقی نیشتمان دا خۆی نیشتمان بێت. دایکێک، کە هەموو کاتێک وێنەکەمی گرت بە دەستییەوە چاوەکانی تەڕ نەبن و دڵی نەهەژێت! دایکێک، کە بست بە بست و هێڵ بە هێڵ دەستەکانی بە سەر فەڕشی دڵم دا بهێنێت تاوەکو نەخشی نیشتمانەکمان بە عەرش بگەیەنێت! دایکێکی وەک تۆ، کە شێعرم بۆ بهۆنێتەوە، لای لایەم بۆ بکات تاوەکو من و هەموو هاوسەنگەرانی تر لە دامێنی نیشتمان دا ئۆقرە بگرین. تۆ نازانی دایکت چۆن بووەتە دەنگی هاواری عەشقی ئەم ڕۆژگارەی نیشتمان! بەڵام من دەزانم، کە دەزانیت هەموو دایکانی ئەم نیشتمانە، لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ تۆدان و پێکەوە تێر تێر قسە بۆ یەک دەکەن! پێکەوە بوونێکی دایکانە، کە دڵی رۆڵە شۆڕشگێڕەکەى بە دەستەوە گرتوە تاوەکو بێدەنگیی بێ مانای زوڵم تێکبشکێنێت. ئەم پێکەوە بوونە تایبەتەی تۆ پیرۆز بێت، شەهید جاویدان و هەمیشە زیندووەکەى نیشتمانم.
ژ.ت