بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی، ئەمڕۆ دادگاکە لەسەر چەند سكاڵایەك كۆبووەوە، لە بارەی دواخستنی بڕیاردان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەكە، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لە بارەی چەند سكاڵایەك كۆبووەوە، یەكێك لەوانە سكاڵا بوو لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بەڵام دادگا كۆبوونەوەكەی بۆ ٢١ـی ئەم مانگە دواخست.
سكاڵاكە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەنەكە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێم و ئامانج نەجیب شەمعون ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تۆماركراوە، كە تیایدا داواكراوە ماددەكانی (١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ژمارە ١ـی ساڵی ١٩٩٢ بە نادەستووری دابنرێت، كە تایبەتن بە بازنەی هەڵبژاردن و كورسی كۆتاكان.
پێشتریش چەند جارێك دادگای فیدراڵی بڕیاردانی لە بارەی سكاڵاكەوە دواخستووە و نەیتوانیووە ئەو سكاڵایە یەكلایی بكاتەوە، یەنەكەش سوورە لەسەر سكاڵاكەی و دەڵێن، نایكشێننەوە.
هـ . ب