جەمیل بایک: دەبێت ئەمریکا و ئەوروپا ئیدی پشتیوانی لە تورکیا نەکەن
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە وتی، "بۆ ئەوەى لە تورکیا قۆناغی ئاشتی و دیموکراسی دەستپێبکات، دەبێت ئەمریکا و ئەوروپا ئیدی پشتیوانی لە تورکیا نەکەن".
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کەجەکە وتی، "بۆ ئەوەى لە تورکیا قۆناغی ئاشتی و دیموکراسی دەستپێبکات، دەبێت ئەمریکا و ئەوروپا ئیدی پشتیوانی لە تورکیا نەکەن".
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا وەڵامی پرسیاریەکانی ماڵپەڕی شار پرێسی داوەتەوە. ئەمەى خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە.
- بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە چاپەمەنیدا بڵاو کراوەنەتەوە، باسی ئەوە ھەبوو کە گوایە لە سەر پێشنیار و نێوەندگیری ئەمەریکا پرۆژەیەکی ئاشتی ئامادەکرابوو. بەڵامی دەوڵەتی تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن کرد. لە ھەلومەرجێکی وەھا دا ئێوە چی دەتوانن بڵێین؟ ھیچ شیمانەیەک ھەیە کە قۆناخێکی ئاشتی دەستپێبکات؟
ئەو ھەواڵ و زانیارییانەی کە گوایە لە سەر پێشنیاری ئەمریکا و نێوەندگیری ئەم وڵاتە پرۆژەیەکی ئاشتی لە گەڵ تورکیا دەست پێبکاتەوە دوورن لە راستییەوە. سیاسەتەکانی تورکیا و ئەمریکا سەبارەت بە بزووتنەوەکەمان ئەمە بە باشی دەردەخەنە روو. بۆ ئەوەی کە شتێکی وەھا روو بدات، پێویستە ھەم لە سیاسەتی ئەمریکا و ھەم لە سیاسەتی تورکیادا گۆڕانکاری بنچینەیی بێینە ئاراوە.
وێرای ھەموو ئەو سیاسەتی جینوساید و زەخت و گوشارە بێ وێنەیەی کە تورکیا لە سەر کورد پەیڕەوی دەکات، دەوڵەتی ئەمریکا لە پێناو رازیکردنی دەوڵەتی تورکیا مۆرکی تیرۆریست بوونی لە بزوتنەوە ئازادیخوازەکەمانی داوە و پشتیوانی لە سیاسەتی جینوسایدی دەسەڵاتی فاشیستی AKP-MHP دەکات. لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١٨ ناوی سێ ھەڤاڵی بەڕێوەبەرمانی خستە لیستی داواکراوانەوە. لای خەڵک ناوی ئەم کارە “نێچیری سەر”ە. بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد لە پێناو رزگار کردنی گەلەکەمان لە بەرداشی جینوساید تێکۆشانێکی مەزن بەڕێوەدەبات، بەڵام دەوڵەتی ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی خۆی بۆ ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئەم بزووتنەوەیە رادەگەیەنێت. لە راستیدا، دەوڵەتی تورکیایە لە سیاسەتی جینوساید و ئەو ھەموو زەخت و گوشارانەی دژ بە گەلی کورد و ھەروەھا ھێرشکردنە سەر بزاڤی ئازادیخوازیمان گەورەترین پشتیوانی لە ئەمریکا وەردەگریت. دەوڵەتی تورکیا و چاپەمەنییە سەربازی و ماستاوچییەکەی بۆ ئەوەی کە ئەم راستیە چەواشە بکات و ئەمریکا ھان بدات کە زیاتر و زیاتر پشتیوانی لە سیاسەتی جینوساید بکات، بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی چەواشە و ناراست وا نیشان دەدات کە گوایە ئەمریکا ھاوکاری PKK دەکات. ئەم بانگەشەیە بە تەوای دوورە لە راستییەوە. لە رۆژئاوای کوردستاندا ئەمریکا کەڵکی لە تێکۆشانی گەلی کورد دژ بە داعش وەرگرت، بەڵام لە ئەنجامدا ھەر ئەمەریکا بوو رێگەی دا گەورەترین پشتیوانی داعش واتە دەوڵەتی تورکیا رۆژئاوای کوردستان داگیر بکات. لەو شوێنانەی کە دەوڵەت تورکیا داگیری کردووە کورد لە رەگ و ریشەوە ھەڵدەکەنن بەڵام ئەمریکا دەنگێکیش ھەڵنابڕێت. تەنانەت ئەم داگیرکارییە بە شتێکی زۆر ئاسایی لەقەڵم دەدات. رۆژێک نەبوو ببیسین کە ئەمریکا داوای لە تورکیا کردبێت ئەم ئاو و خاکە چۆڵ بکات. گەلی کورد لە بەرامبەر داعش زیاتر لە ١٠ ھەزار شەھیدیان پێشکەش کرد، بەڵام ئەمریکا ھیچ وەفایەکی بۆ ئەم فیداکارییە نییە.
دیسانەوە ھەر ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپین کە پشتیوانی لە ھێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دژ بە ئاڤاشین و مەتینا و زاپ دەکەن. ئەمریکایەک کە پشتیوانی لە پاکتاوکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان دەکات چۆن دەبێت نێوەندگیری بۆ پرۆژەیەکی ئاشتی بکات؟! چۆن دەبێ ھەم پشتیوانی لە سیاسەتی پاکتاوی نەژادی تورکیا بکات و ھەم پرۆژەی ئاشتیش پێشبخات؟ ئەمە دۆخێکی ناکۆکە. لە راستیدا، کەس بڕوا بە شتێکی وەھا ناکات. ئەو ھێزەی کە لە ساڵی ١٩٩٩دا رێبەر ئاپۆی ئەسیرگرت و رادەستی تورکیای کردەوە ھەمان ئەمەریکایە. ھەر ئەمریکاشە کە تا ئێستا ھیچ پشتیوانییەکی لە ھەوڵدانەکانی رێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەری دیموکراتی نەکردووە.
ئەمریکا ھێشتاش بۆ ئەوەی کە بتوانێت سیاسەتەکانی خۆی بە شێوازێکی ئاسانتر بە سەر تورکیادا زاڵ بکات، پشتیوانی لە ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کورد دەکات. چۆنکە ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر بکرێت ئیتر ئەمەریکا ھیچی تری بە دەستەوە نامێنێت کە تورکیا قەرزداری خۆی کات و منەتی بەسەردا بکات. ھەم ئەمریکا و ھەم ئەوروپا و ھەم رۆسیاش و ھەروەھا زۆربەی وڵاتانی دونیا ئەم خاڵە لاوازی تورکیا واتە دوژمنایەتی و رق و کینە بەرامبەر بە کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەقۆزنەوە. ھەربۆیەش نایانەوێت پشتیوانی لە چارەسەری دیموکراتی کێشەی کورد بکەن.
تا ئەو کاتە کە ئەم دەسەڵاتە فاشیستییەی AKP-MHP لە سەر حوکم بێت، شیمانەی ئەوە ناکرێت کە لە پێناو چارەسەری کێشەی کورد دا قۆناخێکی ئاشتی و دیموکراتی بێتە ئاراوە. لۆژیک ئەمە ھەڵناگرێ. خەمی دەسەڵاتی AKP-MHP ئەوەیە کە نەژادی کورد پاکتاو بکات. ئەگەر کەسێک بزانێت MHP پارتێکی چۆنە ھیچ کاتێک بەم ھەواڵە ناراستانە بڕوا ناکات. ئەو زەخت و گوشارانەی کە لە سەر گەلی کورد پەیرەو دەکرێن ئەم راستییانە بە باشترین شێوە دەردەخەنە روو. ئەم دەسەڵاتەی ئێستا دەیەوێت بە پاکتاوی نەژادی گەلی کورد، کوردستان بگۆڕێت بۆ شوێنێک کە نەتەوایەتی تورک تیایدا گەشە بکات و رەگ و ریشە داکوتێت. با کەس خۆی ھەڵنەخەڵەتێنێت، باشووری کوردستانیش یەکێک لەو شوێنانەیە کە دەیانەوێت بیکەنە شوێنی پەرەسەندن و بەرفراوانبوونی نەتەوایەتی تورک. دەمیان دەکەنەوە دەڵێین کەرکووک شاری تورکەکانە, ھەولێر شاری تورکەکانە. ئارمانجی ئەوان لە گوتنی ئەم شتانە تەنیا حەماسەت و پرۆپاگەندە نییە. چاوەڕوانی کەشی گونجاون. دەسەڵاتی ئێستای AKP-MHP دەیەوێت کورد و ناوی کورد لە رەگ و ریشەوە ھەڵتەکێنێت. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانەش یەکەم ئارمانجی ئەوان پاکتاوکردنی PKK و ئەو بزووتنەوەی ئازادیخوازیەیە کە PKK پێشەنگایەتی بۆ دەکات. ھەر بۆیە بە سەبر و تەحەموول نزیکی ھێزە کوردییەکانی دی دەبنەوە. ئەگەر بزانن کە پێکھاتەیەک یان ھێزێکی کوردی توانای ئەوەی نییە کە لەبەرامبەر پلانی پاکتاوی نژادی بەربەست دروست بکات یان دەتوانێت بۆ داپۆشکردن و شاردنەوەی پلانی پاکتاوی نەژادی بەکار بھێنرێت، چاوپۆشی لێی دەکەن. ھەرکوردێک دەرک بەمە نەکات لە ناو غەفڵەت دا ژیان بەسەر دەبات.
بۆ ئەوەی کە قۆناخێکی ئاشتی و دیموکراسی لەگەڵ تورکیا دەست پێبکات، پێویستە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا دەست لە پشتیوانیکردنی تورکیا ھەڵگرن. ھەتا ئەو کاتەی کە تورکیا بە پشت بەستن بەم ھێزانە بتوانێت رەوایەتی بداتە شەڕی خۆی دژ بە گەلی کورد، بێگومان لە سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ھێرشی داگیرکاری بەردەوام دەبێت. ئەگەر چاوەڕوانییەکی وەھامان ھەبێت کە گوایە بە بێ رووخانی دەسەڵاتی AKP-MHP کێشەی کورد دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، ئەوە خۆ ھەڵخەڵەتاندنە. تا ئەو کاتەی کە زیھنییەتی شۆڤینی و فاشیستی لە دەسەڵاتدا بن، کێشەی کورد ھەر لەناو کەشی گرژی و پێکداداندا دەمێنێتەوە. ئەردۆغان ھەموو رۆژێک دەڵێت، لە تورکیا دا تەنیا یەک نەتەوە ھەیە، تورکیا تەنیا نیشتمانی تورکەکانە، تەنیا یەک دەوڵەت و یەک ئاڵامان ھەیە. لە کەشێکێ وەھادا تۆ چۆن دەتوانیت چاوەڕوانی پێشکەوتنێکی ئەرێنی بیت لە چارەسەری کێشەی کورددا. خۆ بە دەیان جار گوتوویەتی و دەیڵێتەوە: "کێشەیەک بەناو کێشەی کورد ھەبوونی نییە."
بۆ چارەسەرییەکی ئاشتیانە و دیموکراتی پێویستە دان بە ھەبوونی کورددا بنرێت، دان بە ناسنامە و زمان و کەلتووری کورددا بنرێت. بە بێ چارەسەری مانەوەی کێشەی کورد لە کەمبوون یان زۆربوونی داواکارییە سیاسیەکانی کوردەوە سەرچاوە ناگرێت. دەیانەوێت ھەبوونی کورد پاکتاو بکەن. رەنگە لە تورکیادا ھەندێک کەس جار و بار بڵێن "برا کوردەکانمان"، بەڵام لە راستەقینەی ژیاندا نکۆڵی لە ھەموو ئەو شتانە دەکەن کە بەردەوامی بە ھەبوونی کورد بدات. لە کاتی ئێستادا سیاسەتی پاکتاوی نەژادی کورد بە ھەموو ھێزی خۆیەوە بەردەوام دەکات. ئەگەر بڕیارە چارەسەریەکی ئاشتییانە و دیموکراتی بێیتە ئاراوە، سەرەتا پێویستە دان بە ھەبوونی کورددا بنێین. پێویستە دان بە رێبەرایەتی و ئەو دامەزراوانەدا بنێین کە نوێنەرایەتی ئیرادەی سیاسی کورد دەکەن. ھەموو کەس بەچاوی خۆی دەبینێت کە ئەوە ٢٣ ساڵە چ کردەوەیەک لە بەرامبەر رێبەری گەلی کورد پەیڕەو دەکەن. گەریلا با لەولاوە بمێنێت، تەنانەت ھەرکەسێک کە داوای مافی ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلی کورد بکات، دەخرێتە زیندانەوە. ھەتا ئەم سیاسەتانە گوڕانیان بەسەردا نەیەت، پێویستە ھیچ جۆرە چاوەڕوانییەکمان بۆ چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسی کێشەی کورد نەبێت.
- ھیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە نێوان KCK و ئەمەریکا دا ھەیە؟
ھەموو کەسێک دەیەوێت کە لەگەڵ بزووتنەوەیەکی گەوەری وەکو بزووتنەوەی ئێمە پەیوەندی دانێت. نیو سەدەیە تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەدەبەین و نەک تەنیا لە تورکیا بەڵکۆ لە رۆژھەڵاتی ناوین دا کاریگەرییمان لە سەر ھاوسەنگییە سیاسییەکان ھەیە. رۆژھەڵاتی ناوینیش ئەو ھەرێمەیە ھاوسەنگییەکانی دونیا تیایدا بونیاد دەنرێن و ھەنووکەش شەڕی سێیەمی جیھانی تیایدا بەڕێوەدەچێت. ھەربۆیە ئەوە مایەی تێگەیشتنە ئەگەر زۆر دەوڵەت و ھێزی سیاسی بیانەوێت لەگەڵ PKK و KCK پەیوەندی دانێن. ئەگەر تورکیا لەسەر بنەمای دژایەتی PKK و KCK لەگەڵ ھەموو دەوڵەتانی دونیادا پەیوەندی دادەنێت، ئەی بۆ ئێمە پەیوەندی دانەنێین؟ ئەگەر دەوڵەتێک لە دونیا دا ھەبێت کە زۆرتری دژایەتی مرۆڤایەتی بکات، ئەویش دەوڵەتی تورکیایە. ئەو کاتەی کە تورکیا پەیوەندی لەگەڵ داعش ھەبوو، زۆرترین فایدەی لە داعش وەردەگرت و وەک ئۆتۆبانی داعشی لێھاتبوو، ئێمە لە جەبھەی پێشەوەی شەڕدا بووین لە دژی داعش. دونیا دونیای بەرژەوەندییە. لە پێناو بەرژەوەندیدا ھەموو کەسێک لەگەڵ یەکدی پەیوەندی دادەنێت. ئەوانەی کە لەگەڵ ئێمە پەیوەندی دادەنێن، تەنیا لە پێناو ئیمتیاز وەرگرتن لە تورکیا ئەو کارە دەکەن. ئێمە ئەم راستییە باش دەزانین. ئێمەش جار و بار لە ھەندێک لەم ھێزانە فایدە وەردەگرین.
پەیوەندییەکی راستەوخۆمان لەگەڵ ئەمریکا نییە، بەڵام پەیوەندی ناراستەوخۆ لە ئارادا ھەیە. زۆر دەوڵەت ھەن کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ لە گەڵ بزووتنەوەیەکی مەزنی وەکو ئێمە پەیوەندی دانێین. ھەروەھا پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ھێز و دامەزراوەی دیموکراسییەکانی جیھان ھەیە. پەیوەندیمان لە گەڵ گەلانی جیھان و نوێنەرە دیموکراتییەکان ھەیە و لەم بوارەدا پێشکەوتنی باش ھەیە. ئەمەریکا، لە رێگەی ھێزی جۆراوجۆرەوە پەیام بۆ ئێمە دەنێرێت. سیاسەتەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر تێکۆشانی ئێمە ھەیە، تێکۆشانی ئێمەشی کاریگەری لە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا دادەنێت. ئەم پەیوەندییە ناراستەوخۆانە جار و بار بەردوام دەکەن. بەڵام تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی ئەرێنی لەم پەیوەندییانە نەھاتۆتە ئاراوە. لە رێگەی ھەندێک پەیوەندییەوە کە پێیان وایە دەتوانن پەیامی ئەوان بگەیەنن، تێڕوانینی خۆیان بۆ ئێمە دەنێرن. لەم نیشتمانەی ئێمەدا ھەموو کەسێک ھەمان بۆچوونی سەبارەت بە PKK نییە. زۆر دەزگا و دامەزراوە ھەن کە بەچاوی دەوڵەتەکانەوە لە PKK ناڕوانن. سیاسەتی دەوڵەتەکان وا بە ئاسان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. لەلایەکی دیکەوە، بە بیانۆی ئەوەی کە گوایە تورکیا ھاوبەشی پەیمانی ناتۆیە، ھەوڵ دەدن روونکردنەوە لەسەر سیاسەتی دەوڵەتان لە بەرامبەر PKK بدەن.
دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٩٩ لە دژی رێبەر ئاپۆ، کێی وەکو سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێردرابێت، ئێمە نامەمان بۆ ناردووە. نامەمان بۆ بۆ بۆشی کوڕ و ئۆباما و ترامپ و بایدنیش ناردووە. لەم نامەیانەدا ئەوەمان گوتووە کە ئێوە بە بەدیلگرتنی رێبەر ئاپۆ ناحەقییەکی گەورەتان لە دژی گەلی کورد کرد و پێویستە ئەم ناحەقییە راست بکەنەوە. ھەروەھا پێمان راگەیاندوون کە دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر گەلی کورد سیاسەتی پاکتاوی نژادی پەیڕەو دەکات پێویستە ئەوان پشتیوانی ئەم سیاسەتە جینوسایدکارانە نەکەن. تەبعەن، ئێمە نامەی وەھا دەنێرین و بیرورا و داواکارییەکانی خۆمان رادەگەینین. ئێمە ئەو راستییە دەزانین کە گەلی ئەمەریکا سیاسەتی پاکتاوی نەژادی تورکیا بەرامبەر بە گەلی کورد پەسند ناکات و ھەروەھا ئەو ناحەقییەی بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ ئەنجام دراوە رەت دەکاتەوە. کەوابوو پێویستە ئەو بەڕێوەبەرانەی کە لەسەر ناوی گەلی ئەمریکا سیاسەت بەڕێوەدەبەن دەست لەم سیاسەتە نیگەتیفانە ھەڵگرن. لە خۆیدا، ئەو بیروبۆچوونانەی کە لە نامەکاندا دیھێنینە سەر زمان، لە رێگای جۆراجۆرەوە بە راشکاوی بۆ رای گشتیش ئاشکرای دەکەین. ھەمیشە ئەوەمان گوتووە کە ئێوە کاریگەریتان لە سەر تورکیا ھەیە و دەتوانن ئەم کاریگەرییەی خۆتان بە دەستھەڵگرتنی تورکیا لە سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و گرتنەبەری رێگەچارەی دیموکراتی بۆ کێشەی کورد بەکار بھێنن. ئەگەر ئەمریکا بتوانێت لە راوەستاندنی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی کورددا رۆڵ بگێڕێت، ئەی بۆ ئەم رۆڵەی ئەو رەتبکەینەوە؟ ئەگەر کارێکی وەھا بکەن، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین کە بەگوێرەی ١٤ پرەنسیپەکەی سەرۆک Wilson ھەنگاویان ناوە.
- گەریلا لە گارێ دا سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەست ھێنا. میدیاکانی دەوڵەتی توکیا بە ھۆی شکستی تورکیا و ئاستی تاکتیکی گەریلا دووچاری شۆک بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە بواری تەکنۆلۆژیای سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا پێشکەوتنی مەزنی بەدەست ھێناوە. بیر و بۆچوونی ئێوە سەبارەت بەم دۆخە چییە؟
دەسەڵاتی AKP-MHP وایان پلاندانابوو کە لە گارێ دا سەرکەوتنێکی ئاسان بەدەست بێنن. دەیانەویست پاش ئەم ئۆپەراسیۆنە بانگەشەی ئەوە بکەن کە گوایە ھەندێک شوێنی گارێ یان گرتووە، بڕیارگەیەکی گرنگی گەریلایان بێکاریگەر کردووە و دەستیان بەسەردا گرتووە و لەم رێگایەوە ھێزی سیاسی خۆیان زیاتر بکەن و بتوانن ویستی خۆیان بەسەر ھەندێک ھێزی ھەرێمی و ناوچەییدا بسەپێنن. دەیانەویست وەکو ھێزێک کە گوایە توانیوویەتی PKK بێکاریگەر بکات، ھەڕشە و گوڕەشە لە زۆر ھێزی سیاسی و دەوڵەتان بکات. ھەروەکو دەزانن دوابەدوای ئەوەی کە رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٩دا بە پیلانگێڕی دەستگیرکرا و رادەستی تورکیا کرایەوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە بۆلنت ئەجەویت ئەم دەرفەتەی بۆ خۆی قۆستەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد و لە ھەڵبژاردندا سەرکەوت. ئەردۆغانیش دەیەویست ھەمان کار بکات: لە گارێ دا سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و ھەڵبژاردنی پێشوەختە رابگەیەنێت. ئەردۆغان بەم ئارمانجانەوە کەوتە ناو ماجەرای شەڕی گارێ و بوو بە ھۆی مردنی بە دەیان لەشکری تورک. بۆ رزگارکردنی دیلەکان چووبوو بەڵام ھەموو دیلەکانی کوشت و ٦ گەریلاشی لەگەڵیاندا شەھید کرد. ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری ئەنجام دا کە ٩٠% شکستی ھێنا و لەبەرامبەر لەشکر و پۆلیسە دیلەکان و ھەروەھا بنەماڵەکانیان و ھەموو گەلی تورکیا تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا. بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە تورکیادا ئۆپۆزیسیۆنێکی لاواز ھەیە، نەیانتوانی حیسابی ئەم تراژیدیا و شکستە لە ئەردۆغان بپرسن.
بێگومان گەریلا بۆوەتە خاوەن ئەو چەکانەی کە بتوانێت شەڕی گەریلایی بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەبەرێت. ھەندێک چەک ھەیە کە خۆی دروستی کردووە. بەڵام سەرچاوەی سەرەکی ئیرادەی خۆڕاگری و شەڕ و سەرکەوتنی گەریلا دۆزە رەواکەی ئەوە. بیر و بڕوا و ئارمانجی ئەوە، ھێزی داھێنانیەتی لە تاکتیکی شەڕدا، ھێزی ئەوە بۆ گورز وەشاندن و خۆگونجاندن. زۆر چەک و تەکنۆلۆژیا لە دەستی گەریلادا ھەن کە دەتوانێت بە شێوەیەک کاریگەر بۆ گورز وەشاندن لە سوپای تورکیا بەکاری بھێنێت. ئێدی ئەو ھێزەی ھەیە کە تەکنۆلۆژیا بەدەست بخات و بۆ خۆی تەکنۆلۆژیای تایبەت بە خۆی دروست بکات. بەڵام بێگومان ئیمکانیاتی تەکنۆلۆژیای سەربازی دەوڵەتی تورکیا لەوەی کە لە دەست گەریلادا ھەیە زۆر زیاترە. ھەموو ئیمکانی چەک و تەقەمەنی ناتۆ بەکار دەھێنێت. ئەو چەکانەی کە دەوڵەتی تورکیا شانازی پێوەدەکات و بۆ خۆی پەسنی خۆیی پێدەدات لە ٨٠%-٩٠% ھێ وڵاتانی ناتۆیە. زۆر بانگەشە بۆ فڕوکە بێ فڕۆکەوانەکانی دەکات، بەڵام چاوی ئەو فڕۆکانەش کە کامێرای زۆر پێشکەوتووە لە وڵاتانی درەوە ھاوردە دەکرێن. پێویستە ئەوەش بزانین کە ئەو فاکتەرەی کە ئەنجامی شەڕ دیار دەکات، بەرزبوونی ئاستی تەکنۆلۆجیا نییە. ئەگەر وابوایە ئەوەتا ئەمەریکا لە ڤیەتنامدا سەردەکەوت و دەیتوانی لە بەرامبەر تالیبان ئەنجام وەربگرێت. راستە تەکنۆلۆجیای شەڕ ھێزی وێرانکەر و کوژەری ھەیە، بەڵام ئەنجامی شەڕ بە تەکنۆلۆجیای سەربازی دیاری ناکرێت، بەتایبەت ئەمە بۆ شەڕی گەریلایی و شەڕی گەلان وایە.
وایە دەوڵەتی تورک خاوەنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەڕکەرە. ئەم فڕۆکانە دەتوانن بە ھاوئاھەنگی لە گەڵ فڕۆکەی شەڕ پێکەوە بەکار بھێنرێن و ھەندێک ئیمتیاز بۆ سوپای تورکیا بەدەست بخەن. بەڵام گەریلاش رۆژبەرۆژ بە شێواز و تاکتیکی شەڕی خۆی کاریگەری ئەم تەکنۆکۆجیا و چەک و فڕۆکانە بۆ سەر خۆی کەم دەکاتەوە. ئەوەی لە گاری روویدا سەرکەوتنی ئەم شێوازی شەڕ و تاکتیکە داھێنەرانە بوو. تاکتیک و شێوازی شەڕی گەریلا لە توانایدا ھەیە لە داھاتوودا زۆربەی ئەم ھەموو چەکە پێشکەوتووانەی کە تورکیا بە شان و باڵیاندا دەخوێنێت بێکاریگەر و پووچەڵ بکاتەوە.
- ئارمانجی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی ھەرێمەکانی زاپ، مەتنیا و ئاڤاشین چیە؟ وادیارە کە گەریلا گورز لە سوپای تورکیا دەوەشێنێت، ئێوە قسەتان چیە سەبارەت بەم بابەتە. چاوەڕوانی ئێوە لە سیاسەتمەداران و لە گەلی باشووری کوردستان چییە؟
دەسەڵاتی فاشیستی AKP-MHP بە شکستی گارێ تووشی ھەژانێکی گەورە بوو. شکستی گارێ ئەم دەسەڵاتەی لاواز کرد. ئەم دەسەڵاتە تەنیا یەک سیاسەت پەیڕەو دەکات، ئەویش پاکتاوی نەژادی گەلی کوردە لە رێگای پاکتاوکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستانەوە. ھەموو ھەنگاوە سیاسییەکانی لە پێناو گەیشتن بەم ئارمانجەیە. ھەربۆیە ئەم دەسەڵاتە فاشیستە دەیەوێت بە ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری بەم شێوەیە و پاکتاوکردن یان بەتەواوی لاوازکردنی بزووتنەوە ئازادیخوازی کوردستان پاکتاوی نەژادی گەلی کورد بە ئەنجامی کۆتایی بگەیەنێت و لەم رێگایەوە مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا گەرەنتی بکات. ئەگەر لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئەنجام وەربگرێت، ئەوا کاریگەری ئەو لەسەر باشووری کوردستان زیاتر دەبێت و ھەنگاو بە ھەنگاو باشوور داگیر دەکات و دەیخاتە نێو بەرداشی پاکتاوی نەژادییەوە. سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان چەندەش چاوی خۆیان لێی بگرن، راستییەکە ئەوەیە. ھەربۆیە خۆڕاگری گەریلا تەنیا شەڕی پاراستنی ھەرێمەکانی پاراستنی میدیا نییە, شەڕی پاراستنی باشوور و ھەموو کوردستانە. ئەگەر گەریلا شکست بخوات، باشووری کوردستان سەرچاوەیەکی مەزنی ھێزی خۆی لەدەست دەدات و بە تەواوی لاواز دەبێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە ئارمانجی کورت خایەن و درێژخایەنی ھەیە لە دژی باشووری کوردستان. با ھیچ ھێزێکی سیاسی خۆی ھەڵنەخەڵەتێنێت کە گوایە ئەم ھێزە یان ئەو ھێزە سیاسیە لە پشتیەتی. باکەس ئەنجامی ریفراندۆمەکەی PDK لە ساڵی ٢٠١٧ لەبیری خۆی نەباتەوە.
دەوڵەتی تورکیا بۆ ماوەی چەند مانگێک بوو ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆن لە دژی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین دەکرد. دەیەویست بە ھێرشێکی بروسکەئاسا و لە ناکاو و بەپشتبەستن بە تەکنۆکۆجیای پێشکەوتوو لە ماوەیەکی کەمدا ئەو ھەرێمانە داگیر بکات. ھەموو چەکەکانی بە شێوەیەکی چڕوپڕ بەکار ھێنا، ھەموو ئەو ھێزەی کە لە سەر سنوور کۆی کردبۆوە بە کاری ھێنا، گازی کیمیاوی بەکار ھێنا، بەڵام دەرەوەی چەند شوێنێک کە لەشکری لێ دابەزاند، نەیتوانی پێشڕەوی بکات. خۆڕاگری گەریلا سوپای داگیرکەری تورکیای پەشۆکاند و وایلێکرد لەو شوێنانەی لەشکری دابەزاندووە گیربخوات. زووبەزوو جێگۆڕکێ بە سەربازەکانی دەکات و بەردەوام بۆمباران و تۆپباران دەکات، بەڵام ناتوانێت پێشڕەوی بکات. چەند رۆژێک لەمەوپێش وەزیری شەڕەکەیان بۆ ئەوەی ئەم شکستە داپۆشێت بیانۆی وەھای دەھێنایەوە کە گوایە گەریلا فڵان چەکی پێشکەوتووی ھەیە و شوێنەکە سەختە و ھتد.
مەبەستی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە ئەم شەڕە بۆ ھەموو شوێنێک بگوازێتەوە.. ھەربۆیە خۆڕاگری گەریلاش لە رووبەرێکی بەرفراوانتردا بەردەوام دەکات. پێویستە وابکەین دەوڵەتی تورکیا باجی ئەم ھێرشە داگیرکارییە بدات. لە کوردستاندا دارستان و باخ و بێستان بۆردمان دەکرێت، جوگرافیای کوردستان ھەموو وێران و کاول دەکرێت، بەڵام ھێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ھیچ دەنگێکیان لێوە دەرناکەوێت. نیشتمانەکەمان شەو و رۆژ بۆردمان دەکرێت، ھەندێک شوێنیان وا وێران کردووە کە مرۆڤ نایناسێتەوە. نیشتمانپەرەوەی تەنیا خاوەن دەرکەوتن لە نەوت نییە. پێوانی نیشتمانپەروەری ئەوە کە تۆ بەر لە ھەموو شتێک لە شوێنی ژیان و نیشتەجێبوونی خۆت بە خاوەن دەرکەوی، دژی سووتاندن و وێرانکردنی چیا و دارستانەکان ھەڵوێست وەربگری. ئەگەر سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان و ھەموو ھێزە نیشتمانپەروەرەکان لە دژی ئەم داگیرکارییە ھەڵوێست وەرنەگرن، ئەمە تەنیا بە وێرانبوونی جوگرافیای کورستان سنووردار نامێنێتەوە، بەڵکو ھەموو باشوری کورستان داگیر دەکرێت. نەبینین و ھەست نەکردن بە ئارمانجە داگیرکارییانەکەی ئەم ھێرشە ھەر کورتبینی سیاسی نییە، کوێر بوونە.
گەریلا لە پێناو گەل و نیشتمان گیانی خۆی پێشکەش دەکات، فیداییانە شەڕ دەکات. گەریلا رۆڵەی گەلی کوردە. گەریلا شەرەفی گەلی کوردە. ئاخۆ ھێزە سیاسیەکانی کوردستان نایانەوێت لە رۆڵەکانی گەلی کورد بە خاوەن دەرکەون؟ لە ھەر شوێنێک ھێرش لەسەر گەل ھەبێت، PKK بەپەلە خۆی دەگەینێتە ئەو شوێنە و لە گەل خاوەن دەردەکەوێت. گەلی باشووری کوردستان و سیاسەتمەدارەکانی ئەم راستییە لە ھەر کەسێک باشتر دەزانن. ھەربۆیە ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە سەر شانی باشووری کورستان کە لە گەریلا بە خاوەن دەرکەوێت. ئەگەر لەو گەنجانە بە خاوەن دەرنەکەوین کە ژیانیان فیدای گەل دەکەن، ئەی لە چی خاوەن دەردەکەوین؟ پێویستە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان لە رۆڵەکانی خۆی کە بە گیانبازی کوردستان دەپارێزن خاوەن دەرکەوێت و ھەروەھا بە ھەڵوێستی خۆیان ھێزە سیاسییەکان ناچار بکەن کە لە دژی ئەم داگیرکارییە دەرکەون. ئەم ئۆپەراسیۆنە داگیرکارییە لەدژی ھەموو کورد و کوردستانە. ھەربۆیە پێویستە ھەموو پێکەوە کوردستان بپارێزین. پێویستە چەمکی پێکەوە پاراستنی کوردستان پەرەپێبدەین. ئەگەر ئەمڕۆ ھەموو پێکەوە کوردستان لە بەرامبەر ئەم ھێرشی پاکتاوی نەژادییە نەپارێزین، لە داھاتوودا ھەموو کەسێک، ھێزە سیاسییەکانی باشووریش، پەشیمان دەبنەوە.
گەریلا گورز لە داگیرکەران دەوەشێنێت. لەمەشدا بەردەوام دەبێت. ئەو خۆڕاگرییە تا کاتی وەدەرنانی داگیرکەران لەسەر خاکی نیشتمان بەردەوام دەبێت. تورکیا لە ھەر ھێزیکی سیاسیش کە پشتیوانی وەربگرێت، ھەر چەکی پێشکەوتووش کە بەکار بھێنێت، خۆڕاگری گەریلا ھەر بەردەوام دەبێت. گەریلای خۆڕاگر و گیانبەخش ھەموو ژیانی خۆیانیان فیدای گەل و نیشتمان کردووە. ھەربۆیە، ئەم داگیرکەرانە لە بەرامبەر خۆراگری گەریلا گیانبەخشەکاندا مسووگەر ھەر تووشی شکست دەبن.
- زۆر جاری باس لەوە دەکرێت کە KCK لە گەڵ ئێران و سوریا پەیوەندی ھەیە. ئاستی پەیوەندی KCK لە گەڵ دەوڵەتانی ئێران و سوریا لە چ ئاستێکدایە؟
ھەندێک کەس و لایەن دەڵێین "ئاخۆ پەیوەندییەکی وەھا ھەیە؟ ئەگەر ھەیە چۆنە؟" دەزانین کە ئەم پرسیارانە ھەیە ئێوەش ئەو پرسیارەی ئەوان لە ئێمە دەکەن. وڵامتان دەدەمەوە. بەرلەوەی رێبەر ئاپۆ بە دیلی رادەستی دوژمن بکرێتەوە ئێمە پەیوەندییمان لەگەڵ ھەردوو دەوڵەتدا ھەبوو. لە خۆیدا، رێبەر ئاپۆ لە لوبنان و سوریا دەمایەوە. بەڵام دوابەدوای دیلگرتن و رادەستکردنەوەی رێبەر ئاپۆ، ئەم دوو دەوڵەتە گوتیان: ئەوا PKK پاکتاو دەبێت، بۆ لەبەر خاتری PKK لەگەڵ دەوڵەتانی دی کێشە بۆ خۆمان دروست بکەین؟ ھەر بۆیە ئەم دوو دەوڵەتە کۆتاییان بە ھەموو پەیوەندییەکان ھێنا. سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە سەرەراست کردەوە و بە دەیان ھەڤاڵی ئێمەی رادەستی دەوڵەتی تورکیا کرد. لەم قۆناخە بەدواوە ئەگەر جار و بار ھەندێک پەیوەندیش ھەبووبێت، ئەمانە ھیچ نرخێکی سیاسییان نەبووە.
دوابەدوای شۆڕشی رۆژئاڤا دۆخی پەیوەندییەکان خراپتر بوون. ئێمە ھەمیشە لایەنگری ئەوە بووین کە کێشەی کورد لە چوارچێوەی سنوورەکانی سوریادا چارەسەر بکرێت. بەڵام بە ھۆی ئەوەی کە شۆڕشگێڕانی رۆژئاڤا لە چوارچێوەی تێکۆشانی دژی داعشدا لە گەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پەیوەندییان دانا، سوریا متمانەی نەمابوو. ئێستاش ھەمان بۆچوونی ھەیە. وێڕای ئەمەش، ئێمە ھەر لایەنگری ئەوەین کە کێشەی کورد لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتی دا چارەسەر بکرێت. رێبەر ئاپۆش بە دەیان جار دەستنیشانیکردووە کە کێشەکان پێویستە لەسەر بنەمای برایەتی کورد و عەرەب و خۆبەڕێوەبەری کورددا چارەسەر بکرێن. ئێمە دوژمنایەتی سوریا ناکەین. بەڵام کێشەی کوردیش پێویستە چارەسەر بکرێت، لەسەر بنەمایەکی دیموکراتی. ئێمە ھەمیشە جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەکەینەوە کە کێشەی کورد بە رێبازی دیموکراتی چارەسەر دەکرێت. لەم چوارچێوەیەشدا، بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ پەیامەکانمان بۆ سوریا رادەگەینین و پەیامی ناراستەوخۆی ئەوانیش وەردەگرین.
ئێمە سنوورێکی بەرفراوانمان لەگەڵ ئێران ھەیە. ئێمە لەگەڵ ئێراندا لەناو شەڕدا نین. ئەگەرچی ئێران جاروبار ھێرش دەکاتە سەر ئەو یەکینانەی ئێمە کە لە ھێڵە سنوورییەکاندا ھاتووچوو دەکەن و پێکدادانیش روو دەدەن و ھەر دوو لاش زیانیان بەردەکەوێت، بەڵام خۆمان لە بەردەوامیدان بەم پێکدادانانە دەپارێزین. بە ھۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، ئێران ھەندێک جار ھێرشمان دەکاتە سەر و ھێزەکانمان دەداتە بەر تۆپ. لە ساڵی ٢٠١١ بە ھۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر قەندیل. ئەم پێکدادانانە بە ئاگربەستێک کۆتاییان پێیھات. لەبەر ئەو کێشانەی کە لە سەر سنوور دەردەکەون جاروبار ھە لە سەر سنوور ھەندێک چاوپێکەوتن دەکرێت. ئەم چاوپەێکەوتنانەش واتایەکی پۆلێتیکیان نییە و تەنیا سەبارەت بە ھەندێک کێشەی سەر سنوورن. بەھۆی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ تورکیا، جاروبار بە کاتیۆشا و ھاوەن و چەکی مەودا درێژ ھێرش دەکاتە سەر ھەرێمەکانی گەریلا. بۆسە بۆ گەریلا دادەنێین. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ھێشتا ئاگربەستێکی ناراستەوخۆ بەردەوام دەکات. بەپێچەوانەی ئەو پرۆپاگەندانەی کە دەکرێن، لە دەرەوەی ئەمانە ئێمە ھیچ پەیوەندییەکی دیکەمان لەگەڵ ئێران نییە.
- سەبارەت بە کشانەوەی PKK لە رۆژئاڤا، ھەبوونی کێشە لە نێوان کەجەکە و قەسەدە ھەندێک دیعایە بڵاو دەکرێنەوە. گوایە ھۆکاری ئەمەش وەبەرھێنانی نەوتی رۆژئاڤایە لە لایەن ئەمەریکاوە. بە رای ئێوە ئەم بانگەشانە راستن؟
رێبەر ئاپۆ بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە ھەرێمی سوریا و لوبناندا مایەوە. پەیوەندییەکی گەرم و قووڵی لەگەڵ گەلدا ھەبوو. لە ئەنجامی ئەمەشدا، بە ھەزاران گەنجی رۆژئاڤا بەشداری ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان بوون. ئەم گەنجانە بوون بە شەروان، بوون بە فەرماندار. بە ھەزاران لەم گەنجانە گیانیان بەخت کرد. ھەربۆیە رێبەر ئاپۆ و PKK وەکو نرخێک لە ھەناوی گەلی رۆژئاڤا دا جێدەگرن. ئەم نرخ و بەھایانە ھەتا ھەتایە لە رۆژئاڤا دا دەمێننەوە، مەگەر ئەوەی ئەو گەلە لە رەگ و ریشەوە دەربھێنێت. لە راستیدا، لە دێریکەوە بگرە ھەتاکو حەلەب، گەلی رۆژئاڤای کوردستان ھەموو رۆژێک نیشانی دەدات کە چەندە گرێدراوی رێبەر ئاپۆیە.
لە شکستپێھێنانی داعش لە رۆژئاڤای کوردستاندا گەریلا رۆڵێکی گرنگی بینی. بە ھەزاران گەریلای PKK لە تێکۆشانی دژی داعش لە رۆژئاڤای کوردستان گیانیان بەخت کرد. ھێشتاش بە سەدان و تەنانەت بە ھەزاران گەریلاش ھەن کە بۆ شەڕی دژ بە داعش رێگەی رۆژئاڤا دەگرنە بەر یان لەوەی دەمێننەوە. ئەو گەریلایانە لەوێن چۆنکە رۆژئاڤا بەشێکی کوردستانە. نە ئێمە و نە کەسی دیکەش ناتوانن ئەوان لە رۆژئاڤا دەربکات. ئەوان پارێزگاری لە نیشتمانی خۆیان دەکەن. لە راسیتیدا، لە نێوان رۆژئاڤا و باکوردا لە بواری مێژویی و خزمایەتیدا پەیوەندی ھەیە. تەنیا ١٠٠ ساڵە کە سنوور لە نێوانیاندا کێشراوە و دابەشکراون.
ئەو گەریلایانەی کە بۆ شەڕی دژی داعش چووبوونە رۆژئاڤا ھەندێکیان گەڕانەوە. ھەندێکیشیان لە رۆژئاڤا ماونەتەوە. راستییەکە ئەوەیە و لە دەرەوەی ئەوەش PKK ھێچ رۆژەڤێکی تری نییە بەناوی کشانەوە یان مانەوە لە رۆژئاڤای کوردستان. ھەوڵدانێک ھەیە بۆ ئەوەی کە شۆڕشی رۆژئاڤای کوردستان لە ژێر کاریگەری رێبەئاپۆ بھێنرێتە دەرەوە. وڵامی گەلیش ئەوەیە کە زیاتر لە جاران لە رێبەئاپۆ بە خاوەن دەردەکەوێت. گەلی رۆژئاڤای کوردستان ھەم لە گەڵ گەلی عەرەب و ھەم لەگەڵ گەلی سریانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی خۆیانیان دامەزراندووە و ھێز خۆپاراستنی خۆیانیان بونیاد ناوە. لەم رووەوە ئەو ھێز و سیستەمەیان ھەیە کە بتوانن خۆیان بپارێزن و بەڕێوەببەن. ھەر ھێرشێک کە لەسەر رۆژئاڤای کوردستان ئەنجام بدرێت، گەلی ھەر چواربەشی کوردستان و گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات پشتیوانی لە رۆژئاڤا دەکات. لە خۆیدا، ئەمەش پێویستییەکی ھەڵوێستی نەتەوەیی کوردە. ھەرکاتێک کە ھێرش لە سەر شوێنێکی کوردستان بکرێت و شەڕ رووبدات، دوژمنانی گەلی کورد و بەکرێگیراوەکانی ئەوان دەیانەوێت کەشێک بخولقێنن کە ھەر کەس بێدەنگی ھەڵبژێرێت و کاردانەوەی نەبێت. پەسەند نەکردنی کەشێکی وەھا بەرپرسیارێتییەکە کە لە ئەستۆی ھەموو نیشتمانپەروەرێکی کورددایە.
دەنگۆی ھەبوونی کێشە و ناکۆکی لە نێوان KCK و QSD دوورە لە راستییەوە. ئەوان بە شێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاری خۆیان دەدەن و پێکی دێنن. کێی پەترۆڵی رۆژئاڤا بەرھەم دەھێنێت و کێی بەرھەمی ناھێنێت، ئێمە خۆمان بەوەوە خەریک ناکەین. قسەی ئێمە ئەمەیە: ئەو پەترۆڵەی کە لە سوریادا ھەیە، ھێ ھەموو گەلانی سوریایە، پەترۆڵی سۆریا پێویستە ببێتە بنەمایەک بۆ پەیوەندی و یەکێتی لە نێوان کورد و عەرەب دا.
- کێشەکانی نێوان KCK و PDK چیین؟
ئێمە ھەڵوێستێکی نیگەتیفانەمان لەبەرامبەر PDK نییە. بەڵام PDK بە ھۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دوژمنی سەرەکی گەلی کورد، واتە دەوڵەتی جینوسایدکار و فاشیستی تورکیا، بۆچوون و سیاسەتێکی نیگەتیفانەی بەرامبەر بزووتنەوەکەمان گرتۆتە بەر. PDK لەبەرامبەر سیاسەتی پاکتاوی نەژادی دەوڵەتی تورکیا لە دژی کورد و ھەروەھا ھەموو ئەو زەخت و گوشارانەی کە لە سەر کورد پەیرەوی دەکات، تەنانەت بە وشەیەکیش بێت ھیچ گوتنێکی نییە. بە پێچەوانەوە، تورکیا ھێرشی ھەر شوێنێکی کوردستان بکات، PDK لە جیاتی تورکیا شەرمەزار بکات، PKK وەکو بیانو نیشان دەدات. دەڵێت لە رۆژئاڤا PKK ھەیە، لە شەنگال PKK ھەیە، لە ھەرێمەکانی پاراستنی میدیا PKK ھەیە، بۆیە تورکیا ھێرش دەکات. تەنانەت بۆ تەنیا جارێکیش بێت نەیوێراوە قسەیەکی وەھا بکات: "دەوڵەتی تورکیا پاکتاوی نەژادی کورد دەکات، لە ھەر شوێنێک کوردێک ھەبێت ھێرشی دەکاتە سەر". ھەموو کەس دەزانێت کە لە کاتی ریفراندۆمدا دەوڵەتی تورکیا شتێک نەما بە PDK نەڵێت، سووکایەتی نەما پێی نەکا، بەڵامی PDK یەک وڵامیشی نەبوو. ئێمە وەکو کوردێک بەم سووکایەتییانە ئێشیاین،
دەوڵەتی تورکیا بۆ رەوایەتی دان بە ھێرشەکانی بۆ سەر PKK و نیشاندانی ئەم ھێرشانەی وەکو شتێکی ئاسایی، بەردەوام پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ PDK وەکو نموونەی کورددۆستی خۆی نیشان دەدات. ئێمە نەمانگوتووە با PDK پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا نەبێت. بەڵام گووتومانە کە پێویستە ئەم پەیوەندییانە نەبنە ھۆکارێک بۆ زەرەر پێگەیاندن بە ھێزە کوردییەکانی دیکە یان بەشەکانی دیکەی کوردستان. پەیوەندی نێوان PDK و تورکیا وا لە PDK دەکات کە بە شێوەیەکی نیگاتیف نزیکی ئێمە ببێتەوە. بۆ نموونە، گەمارۆدانی ھەرێمەکانی گەریلا لە لایەنی PDK وە، داخستنی سنووری نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان، گەمارۆ خستنە سەر کامپی پەنابەرانی مەخموور، ئەو ھەنگاو و کردەوانەن کە دەرئەنجامی پەیوەندی نێوان PDK و دەوڵەتی تورکیان. وەکو بڵێی PDK بۆتە ئامرازێک بۆ تورکیا تاکو بتوانێت لە رێگەی ئەوەوە PKK سنووردار بکات. تورکیا لە شەڕی دژ بە PKK دا پارتی دیموکراتی کوردستان بەکار دەھێنێت. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ئەمە سەرچاوەی کێشەکانی نێوان ئێمە و PDK یە. ئێمە ھیچ کاتێک لە پێناو سنووردار کردنی ھێزێکی کوردیدا پەیوەندییمان لەگەڵ ھێزێک دەرەکی دانەناوە، یان لە دژی ھێزێکی کوردی پشتیوانیمان لە ھێزێکی دی نەکردووە. سیاسەت و نزیکایەتی ئێمە وەھایە کە نامانەوێت لە پێناو دژایەتیکردنی ھێزێکی کوردیدا پشتیوانی لە ھێزێکی دی بکەین. ئێمە ھەر وەکو چۆن دەمانەوێت لەگەڵ ھەموو ھێزەکاندا پەیوەندی ئەرێنی دانێین بە ھەمان شێوە دەمانەوێت لەگەڵ PDKش پەیوەندی باشمان ھەبێت. ھەڵوێستی راستیش ھەر ئەمەیە.
ئێمە ئەوە زیاتر لە ٤٠ ساڵە لە ھەرێمەکانی پاراستنی میدیاین. PDK لەبەر زەختی تورکیا بە ئێمە دەڵێیت کە ئەم ھەریمانە چۆڵ بکەین. ئەمە مایەی قبووڵ کردن نییە. ئێمە لەم ھەرێمانەدا کێشە بۆ ھیچ لایەنێک دروست ناکەین. پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ PDK لەم ھەرێمانەدا تا ئەم ساڵانەی دواییش باش بوو. جارێکی دیش ئێمە لایەنگری ئەوەین کە PDK بگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆچوون و ھەڵوێستانەی کە لەکاتی پەیوەندی ئەرێنی لە نێوانماندا ھەیبوو.
- کێشە و ئاڵۆزییەکانی شەنگال بەردەوام دەکەن. تێڕوانین ئێوە سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان PDK و بەغداد لە سەر شەنگال چییە؟
تێناگەین PDK لەبەر چ ھۆکارێک خۆبەڕێوەبەری شەنگال قەبووڵ ناکات؟ خۆبەڕێوەبەری شەنگال زەرەری بۆ کێی ھەیە؟ ئەمە لە کاتیکدایە کە ھەم PDK و ھەم عێراق خۆبەڕێوەبەرییەک بە شەنگال قەرزدارن. تەنیا لە رێگەی خۆبەڕێوەبەریەوەیە کە ئێزیدییەکان دەتوانن لەگەڵ PDK و ئێراق بە ئاشتیانە بژین و بتوانن متمانە بە یەکدی بکەن. پێویستە ئێدی دەست لەو چەمکی ناوەندگەراییە بەردەن و نەڵێین کە پێویستە ئێمە ھەموو شتێک لە ناوەندەوە بەڕێوەببەین. دیموکراسی خۆجێیی و خۆبەڕێوەبەری ئێدی بوونەتە پێویستییەکانی سیستەمی دیموکراسی. ئەوە چەمکەی کە دەڵێیت پێویستە ھەموو شتێکی کۆڵانێک، گەڕەکێک و شارێک من دیاری بکەم و بەڕێوەببەم چەمکێکی سەدەی بیستەمە کە بەرھەمی زیھنییەتی سیاسی بەر لە شەڕی جیھانی دووەمە لە دونیای ئێستادا ئێدی ناسنامە و کەلتوور و ئایینی جیاواز لە سەر بنەمای دیموکراسی خۆجێیی خۆیان خۆیان بەڕێوەدەبەن. تێگەیشتن لەم راستییە بەرلە ھەموو کەسێک بۆ گەلی کورد و ھێزە سیاسییەکانی پێویستە، چۆنکە گەلەکەمان لە ژێر مەترسی پاکتاوی نەژادیدایە و لە ژێر حوکمی داگیرکەران و مێتینگەراندایە. مەگەر باشووری کوردستان داوای خۆبەڕێوەبەری لە ئێراق نەکرد؟ تەنانەت مەگەر نەیانگوت با سەربەخۆش بین؟ کەوابوو پێویستە پشتیوانی لە خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری ئێزیدییەکانیش بکەن. پشتیوانییەکی وەھا لە قازانج PDK دایە و حورمەتی بۆ دروست دەکات. بەڵام PDK لە سۆنگەی زیھنییەتێکی دەسەڵاتخوازە دەڵێت پێویستە من حاکیمی ھەموو شوێنێک بم. ئەمە لە کاتێکدایە کە دیموکراسییە خۆجێییەکان وەکو سیستەمێکی سیاسی پێناسەدەکرێن کە لەھەموو سیستەمێکی دی یەکێتی سیاسی نێوان پێکھاتەکان زیاتر بەھێز دەکەن.
دەوڵەتی تورکیا لە ھیچ شوێنێک چەمکی کوردی ئازاد قەبووڵ ناکات. ئەو ھێزەی کە بۆ ھێرشکردنە سەر شەنگال پشتیوانی و ھاوکاری داعشی کرد دەوڵەتی تورکیا بوو و ئەوەی شەنگالیشی لە پاکتاوی نەژادی پاراست گەریلاکانی HPG و YJA-Star و ھەروەھا شەرڤانانی YPG بوون. ھەربۆیە ئێزیدییەکان ھەستی ھاوسۆزی و خۆشەویستییان بۆ رێبەر ئاپۆ ھەیە. ئەمە لە کاتێکدایە کە گەریلاکانی HPG و YJA-Star ئێدی لە شەنگال نەماون. لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٨ بە مەراسیمێک لە شەنگال پاشەکشەیان کرد. ھەڵبەت ئەگەر ھێرشێکی دی بکرێتە سەر شەنگال، بزووتنەوە ئازادیخوازەکەمان جارێک دی لە سۆنگەی ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقی بە ھانای خەڵکی ئێزیدییەوە دەچێت. لە دەروەی ئەو ھاوسۆزییەی کە لە شەنگال خولقاندوومانە ئێمە ھێچ ھێزێکی دیکەمان لە شەنگال نییە.
چارەسەری لە شەنگال تەنیا کاتێک پێک دێت کە ئەو گەلی ئێزیدی کە خاوەن ناسنامە و کەلتوری جیاوازە و ٧٤ فەرمانی بەسەردا ھاتووە ببێتە خاوەن خۆسەری و خۆپاراستن. ئێدی گرنگ نییە کە کام ھێزی سیاسی لەم خۆسەری و خۆپاراستنەدا کاریگەر دەبێت، گرنگ ئەوەیە کە ئێزیدییەکان ببنە خاوەنی خۆسەری. پێویستە ھیچ مەیلێکی سیاسی بەدوای دەسەڵات بە سەر ئێزدییەکاندا نەبێت. پێویستە ھەموو لایەنێک رێز لە تواناکاری ئێزیدییەکان بۆ خۆسەری و خۆپاراستن بگرێت. چارەسەری لەوەدایە کە خۆبەڕێوەبەری ئێزیدییەکان پەسند بکرێت، پاشان لە ژێر چاودێری وەفدی سیاسی ھەموو لایەنەکاندا ھەڵبژاردن بکرێت . خەڵکی شەنگاڵ کێی ھەڵبژارد، با بەڕێوەبەر ئەو بێت.بە ڕای ئێمە، با ئێزیدییەکان و شەنگال خۆسەرییان ھەبێت، ئێدی کێی بەڕێوەیدەبات با بەڕێوەیببات. ئێمە قەبووڵی دەکەین و رێزی لێی دەگرین. نە داواکارییەکی جیاوازترمان ھەیە و نە نیگەران دەبین و نە چاوەڕوانی ھیچیش دەکەین.
- پەیوەندی KCK لە گەڵ YNK چۆنە. وەک دەڵێین نێوانتان لەگەڵ PDK خراپە. لەگەڵ YNK و لاھۆر باشە؟
ئێمە دەمانەوێت کە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ھەموو ھێز و پارتە کوردییەکان ھەبێت. ئەمەش شتێکی ئاسایی و سروشتییە. بیروبۆچوونی جیاواز ھەر دەبێت، بەڵام نەبوونی پەیوەندی ھەڵەیە و گوزارشت لە دۆخێکی خراپ دەکات. ئێمە دەمانەوێت کە لەگەڵ PDK و YNK، لە گەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و ھەروەھا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریشدا پەیوەندییەکی باشمان ھەبێت.
بەدەر لە PDK، لە گەڵ رێکخستنەکانی دی کێشەیەکی جیددیمان نییە. پەیوەندیمان لە گەڵ YNK ھەیە. لە گەڵ تەواوی YNK پەیوەندیمان ھەیە. لەم پەیوەندییەدا موخاتەبی ئێمە کەسایەتییەکان نیین، دامەزراوەکانی YNKن. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ ئەو تەڤگەرە ھەیە کە مام جەلال دایمەزراندووە. جار و بار کێشە لە نێوانماندا دەرکەوتووە، بەڵام کەشێکی وەھا نییە کە زۆری و زەحمەتی بۆ یەکدی دروست بکەین. جاروبار دەبینین کە لەبەر زەخت و گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیا و PDK ھەڵوێستی نیگەتیف دژ بە ئێمە وەردەگرن. شتێکی زۆر ئاساییە کە جیاوازی بیر و را و جیاوازی سیاسی لە نێوان ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و سیاسەتمەدارانیدا ھەبێت. لە کەشێکی دیموکراتیدا ھەموو ئەم جیاوازییانە دەتوانن گوزارشت لە خۆیان بکەن. ئەگەر لە دەرەوەی ئەمە بیانەوێت کێشە و گرفت بۆ یەکدی دروست بکەن، ئەوە شتێکی راست نییە. لە خۆیدا، زۆربەی کاتەکان ئەوە ھێزە دەرەکییەکانن کە کێشە لە نێوان ھێزە کوردییەکاندا دروست دەکەن. لە ئەساسدا، ئەوە دەوڵەتی تورکیایە کە دەیەوێت کێشە لە نێوان ئێمە و YNK دا ھەبێت. لە ھەمانکاتدا سیاسەتی PDK ش ئەوەیە کە دژایەتی لە نێوان ئێمە و YNK دا دروست بکات.
با ئەم پرسیارە لە ئێوە بکەین، با لە ھەموو کەسێک ئەم پرسیارە بکەین، ھەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئێمە و YNK دا شتێکی باشە یان شتێکی خراپە؟ ئەگەر پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ YNK ھەبێت، کێی لەمە نیگەران و نارەحەت دەبێت؟ ئەگەر پەیوەندی ئێمە لە گەڵ PDK سەرەراست بکرێتەوە، ئاخۆ تورکیا نارەحەت و نیگەران نابێت؟
بانگەشەیەکی وا ھەیە کە گوایە لە کێشەکانی نێوان YNK و PDK دا ئێمە لایەنگری لە YNK دەکەین. ئەمەی گێرشێوێنییەکی بە ئەنقەستە. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ رێکخستنێک یان ھێزێک ھیچ کات لەسەر بنەمای دژایەتی ھێزێکی دی نییە. یان، با وا پرسیار بکەم: "ئایا ئەگەر لە گەڵ پارتییەک دا کێشەمان ھەبێت، پێویستە لە گەڵ ئەوانی دیش کێشەمان ھەبێت؟ ھەڵبەت زۆر ھێز ھەن کە دەیانەوێت لە نێوان ئێمە و ھێزە سیاسییەکانی دی دا کێشە ھەبێت. دیارە ئەمانەش دوژمنانی گەلی کوردن. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دوژمنانی کورد کەیف خۆش نەکەین.
- تۆماری ڤیدیۆی ئەو کەسانەی کە سیخوڕییان بۆ دەوڵەتی تورکیا کردووە، لە میدیاکانی سەر بە KCK بڵاو کرانەوە. لەم تۆمارە ڤیدیۆیانەا وا دەگوترێت کە زوربەی بەرپرسەکانی پارتە سیاسییەکانی باشوور لە گەڵ دەزگای میت نێوانیان باشە. کاریگەری دەزگاکانی ئیستیخباراتی تورکیا و ئێران لە ھەرێمی باشووری کوردستاندا زۆرتر دەبیت. تێڕوانین و پەیامی ئێوە لەم بوارەدا چییە؟
ھیچ خیانەتێک لەوە گەورەتر نییە کە یەکێک سیخوڕی بۆ دەوڵەتی تورکیا بکات و ببێتە ھۆی لێدانی گەریلا. لە دونیا ئەمڕۆدا بە ھۆی چەمکی ماددە پەرستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریەوە دارۆخانێکی ئەخلاقی و وێژدانی دروست بووە. بێگومان لە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردەواریدا نرخ و بەھای ئەخلاقی و وێژدای ھێشتا بەھێزە. بەڵام لە باشووری کوردستاندا حەز و ئارەزوویەک بۆ ژیانی مۆدێرنیست ھەیە. کەناڵی تەلەڤێزیۆنی جۆراجۆر خەڵک بۆ ئەم حەز و ئارەزووانە ھاندەدەن. وای لێھاتووە کە خەڵک ھاندەدەن دراماکانی دەوڵەتی تورکیا سەیر بکەن. ئەم درامانە گەل لە کەلتووری خۆی دوور دەخەنەوە و پەرە بە کەلتووری تورکی دەدەن. بەم جۆرە زەمینە بۆ داگیرکاری و لکاندنی باشوور بە تورکیاوە دروست دەکرێت. لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا، فەتح سەرەتا لە رێگای کەلتوورەوە ئەنجام دەدرێت. کاتێک کە وڵاتێک لە لایەن کەلتوورییەوە فەتح و داگیرکرا، داگیرکردنی لە لایەنی سەربازی و لکاندنی بە وڵاتێکی دیکەوە زۆر زەحمەت نییە. ئەو درامانەی کە دەوڵەتی تورکیا دروستیان دەکات، زۆر بە ھەرزانی دەفرۆشرێن. تەنانەت بە بەلاشن. بەم شێوەیە کاریگەری دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستاندا زیاد دەبێت. دەوڵەتی تورکیا ئەو شتانەی کە ناتوانێت لە رێگەی پارەوە ئەنجامی بدات، ھەوڵدەدات لە رێگەی دراماکانەوە ئەنجامی بدات. زەمینێکی فەرھەنگی بۆ سیخوڕیکردن بۆ دەوڵەتی تورک دەخوڵقێنن. ھەروەھا ھەوڵ دەدەن کە مرۆڤەکان لە نرخ و بەھای مەعنەوی دابڕن و روو لە ژیانێکی ماددی و تاکپەرەستییانە بکەن. خەرجکردن و مەسرەف وەکو نرخ و بەھایەک پەرەی پێدەدرێت. ھەربۆیە مرۆڤەکان بۆ گەیشتن بە کاڵا مەسرەفییەکان خۆیان دەفرۆشن. کڕینی کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکیا شەرمێکی گەورەیە. پێویستە ھەموو کوردێک لە دژی ئەمە راوەستێت. زۆر شەرمە بۆ کوردێک کە دەوڵەتی تورک بتوانێت بیکڕێت. بێگومان ئێرانیش کاری لەم شێوەیە دەکات. ئەوانیش لە رێگەی ئەو کەسانەی کە کڕیویانە، زانیاری کۆ دەکەنەوە. بەڵام دەرەنجامی کارەکانی تورکیا زۆر قورسترە. بە سەدان گەریلای ئێمە بە ھۆی زانیاری سیخوڕەکانەوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەھید کراون. ئەمە چەندە پەیوەندی بە ئێمەوە ھەبێت، ئەوەندەش پەیوەندی بە ھەموو وڵاتپارێزەکانی باشووری کوردستانیشەوە ھەیە.
دەوڵەتی تورکیا لە شەڕی دژ بە گەلی کورددا، شێوازی بە سیخوڕکردنی خەڵک زۆر بەکار دێنێت. لە باکووری کوردستاندا گەنجی کورد لە کچ و لە کوڕ دەستبەسەر دەکەن و بۆ ئەوەی بیانکەن بە سیخوڕ دەستدرێژی دەکەنە سەریان. دەوڵەتی تورکیا وەکو دوژمنی سەرەکی گەلی کورد ھەموو شێوازێک بۆ دژایەتیکردنی تێکۆشانی ئازادیخوازی بەکار دەھێنێت. پێویستە ئێمە ئەم کارە سیخوڕییانەی دەوڵەتی تورکیا مەحکووم و شەرمەزار بکەین. سیخوڕی کردن لە پێناو پارە و بوون بە ھۆی رژاندنی خوێنی گەریلا گەورەترین تاوانە، دوژمنایەتی گەلە، بێڕەوشتییە و بێوێژدانییە و پێویست دەکات ھەموو پارتە سیاسیەکان، رۆشنبیران و ھونەرمەندانی باشووری کوردستان و ھەروەھا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راشکاوانە لەسەر ئەمە ھەڵوێست وەربگرن. لەم بوارەدا، ئەرکێکی زۆر گرنگ دەکەوێتە سەر شانی مەلا و کەسایەتی ئایینی. پێویستە کۆمەڵگا ئاگاردار بکەنەوە کە سیخوڕی کردن دوژمنایەتی گەلە، بێڕەوشتییە و بێوێژدانییە. ئەگەر ھەڵوێستی لەم شێوەیە پێشکەون، بە تەواویش نەبێت، بە رێژەیەکی زۆر دەتوانرێت رێگە لە سیخوڕیکردن بگیردرێت. بێگومان، بەر لە ھەموو کەسێک پێویستە PDK و YNK لەم بوارەدا ھەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن. بەتایبەت لە ناو دەزگای ئیستخباراتی سەر بە PDK دا کەسانێک ھەن کە بۆ دەوڵەتی تورکیا کار دەکەن. نازانین تا چەندە بەڕێوەبەرایەتی PDK لەمە ئاگادارە. بەڵام ئەو بەرپرسانەی میت کە دەستگیریانمان کرد دانیان بەوەدا نا کە بەرپرسی دۆسیەی PKK لە ناو پاراستنی پارتیدا پەیوەندی لەگەڵ میت ھەیە و بۆ ئەمەش پارەیەکی زۆر وەردەگرێت. ھەروەھا ھەندێک سیخوڕمان دەستگیرکرد کە لە ھەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر قەندیل ھاتبوونە ھەرێمی گەریلاوە. رەنگە ھێندەی راژەی شەھیدەکانمان لە ھەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیش نەبێت، بەڵام لە قەندیلیش ھەندێک ھەڤاڵی ئێمە لە ئەنجامی ئەو زانیارییانەی کە بە دەوڵەتی تورکیا دراون، شەھید کراون. دوو ھەڤاڵمان لە سلێمانی شەھید کران، ھێشتا دیار نەبووە کێی لەسەر ئەو دوو ھەڤاڵەمان زانیاری داوە بە میتی تورکیا.
لە بادیناندا بە سەدان ھەڤاڵمان لە ئەنجامی کاری سیخوڕیدا لە لایەنی دەوڵەتی تورکیاوە شەھید کران. ئێمە ئەم راستییە پشتگوێ ناخەین. گەلەکەمان، رۆشنبیران و ھێزە سیاسیەکانی کوردستان سەبارەت بەم راستییانە ئاگادار دەکەینەوە. ئەگینا، ئەگەر شتێک لە ئاردا نەبێت، ئێمە لە خۆمانەوە تۆمەت بۆ ھیچ ھێزێکی سیاسی ھەڵنابەستین.
- لە دوای سەردانەکەی خولوسی ئاکار باسی ئەگەری شەڕێکی مەزنتان لە بەرامبەر تورکیا و PDK کردبوو. ئایا شیمانەی ئەوە ھەیە کە لە نێوان ئێوە و PDK دا شەڕ رووبدات؟ تێڕوانینی KCK لەم بارەیەوە چییە؟
ئێمە پێشتریش رامانگەیاندبوو کە لە بەر ھۆکاری وەک سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و PDK شیمانەیەکی وەھا ھەیە. دەوڵەتی تورکیا لە مێژە پلانی بۆ شەڕێکی وەھا بەرفراوان دانابوو و ئامادەکاری دەکرد. ھەروەھا PDK ھەنگاو بە ھەنگاو ھەرێمەکانی گەریلای گەمارۆ دەدا. رووداوەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەو ئامادەکاری و گەمارۆدانانە بۆ ھێرشکردنەی سەر سەنگەرێک نەبوون، بەڵکۆ بۆ شەڕێکی گشتگیر بوون. ھێرشی سەر گارێ و دوابەدوای ئەوەش ھێرشی بەرفرواوان بۆ سەر مەتینا و زاپ و ئاڤاشین ئەو پێشبینییەی ئێمە پشتراست کردەوە. PDK بە شێوەیەکی راستەوخۆش تیایدا بەشداری ناکات، بەڵام لە سێکوچکەی سنووری سوریاوە بگرە تا سێکوچکەی سنووری ئێران، دەوڵەتی تورکیا ھێرشێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە. کاتێک کە ھێرش کرایە سەر خواکورک بینیمان کە PDK و تورکیا یەک ھەڵوێستیان ھەیە. ئەگەر بە پشتیوانی PDK نەبایا، دەوڵەتی تورکیا نەیدەتوانی بکەوێتە ھەرێمی خواکورک. لە کاتی ئێستادا PDK بە ھێزی سەربازی خۆیەوە بەشداری ئەم شەڕە نەبووە، بەڵام بەو ئاستەنگییانەی کە لە بەرامبەر گەریلا دروستی دەکات، بە گەمارۆدانی ھەرێمی گەریلا و ھەندێک جاریش بە دامەزراندنی ھێز لە ھەندێک شوێن، ئاسانکاری بۆ ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات. تورکیا زیاتر لە ٤٥ بارەگای سەربازی لە باشووری کوردستان ھەیە. PDK بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نێو ئەم شەڕەدا نییە، بەڵام رەوایەتی بە ھێرشەکانی تورکیا دەدات. لە بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا ھیچ ھەڵوێستێکی نییە. تەنانەت مەسرور بارزانی بە گوتنی " تورکیا دژی کورد نییە، دژی PKK یە" ھێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای وەکو کارێکی رەوا و مافدار نیشاندەدات.
نزیکایەتییەکی ئێمە بۆ شەڕ لە دژی PDK نییە. ئەگەر سیاسەتێکی وەھامان ھەبایا، ھۆکار زۆرن بۆ ئەم شەڕە. لە زینی وەرتێ وێڕای ئەوە کە بوونە ھۆی لێدان و شەھیدکردنی ھەڤاڵانمان، ئێمە دانمان بە خۆدا گرت و بە خوێنساردی جووڵاینەوە. تەنانەت گوتمان با خۆێنی ئەو شەھیدانە ببێتە وەسیلەیەک بۆ روونەدانی شەڕ. لە ھەرێمی برادۆست، فەرمانداری گەریلای ئەیالەتی خواکورک لە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ فەرماندارانی سوپای ئێراق بوو بە ئارمانجی فڕۆکەی جەنگی تورکیا و شەھید بوو. بەڵام ئێمە ھەر بە سەبر و خوێنساردییەوە نزیک بووینەوە. زاتەن دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت کە لە نێوان ئێمە و PDK دا شەڕ رووبدات. ھەربۆیە تا ئێستا سەبر و تەحەموولمان بە بنەما وەرگرتووە. بۆیە، ئەگەر PDK راستەوخۆ ھێرشی ئێمە نەکات و بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتیوانی لە ھێرشی پاکتاوکارانەی تورکیا بۆ سەر ئێمە نەکات، ئەوا ئێمە خۆمان لەشەڕ لادەدەین.
پێویستە PDK لەدژی ھێرشی داگیرکاری بۆ سەر کوردستان ھەڵوێستی ھەبێت. ئەم ھێرشانە لە ھەمانکاتدا ھێرشی داگیرکارین بۆ سەر باشووری کوردستان و لەناوبردنی ھەموو دەسکەوتەکانی. ئەگەر ئەم ھێرشانە رانەوەستێنرێن، ئەوا شەڕ لە قۆڵایی باشووری کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە و لە رەوشێکی وەھاشدا دەوڵەتی تورکیا گوشار دەخاتە سەر PDK بۆ بەشداریکردن لە شەڕ. بەردەوامبوون و بەرفراوانبوونی ھێرشەکانی سەر زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، دۆخێکی وەھا دەھێنێتە ئاراوە کە PDK بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەلکێشی ئەو شەڕەی تورکیا ببێت. ئەگەر شتێکی وەھا روونەدات، ئێمە شەڕکردن لە دژی PDK ناخەینە رۆژەڤی خۆمانەوە.
ژ.ت