بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە لە ٢٨ی ئایاردا ئەنجام دەدرێت، لە زۆر ناوچە بەتایبەتی لە وان چالاکیەکانی هەڵبژاردن بەردەوامن. بەڕێوەبەران و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی چەپی سەوز و گەل گوند بە گوند، شەقام بە شەقام، ماڵ بە ماڵ درێژە بە چالاکییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دەدەن.
'هێز و هیوامان هەیە'
پەرلەمانتاری پارتی چەپی سەوز لە وان گوڵجان کاچماز ساییگیت رایگەیاند، کە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بۆ دەنگدەرانی کورد سەرکەوتنی گەورەیە، کاچماز وتی، "ئێمە وەک پارتی چەپی سەوز، هەدەپە، دەبەپە و پێکهاتەکانی دیکە درێژە بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەدەین. ئێمە لە ٢٨ی ئایاردا هەڵبژاردن لە نێوان دوو کەسدا ناکەین. ئێمە لە نێوان دوو رژێمدا هەڵبژاردن دەکەین. هیوامان هەیە، پێویستە ئاگامان لە هێزەکەمان هەبێت. دەبێت ئەو دەنگدەرانەمان کە لە گەڕی یەکەمدا نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان لە گەڕی دووەمدا بچن و ئەرکە مێژووییەکەی خۆیان بەجێبگەیەنن و خاوەنداری لە سندووقەکان و دەنگەکانی خۆیان بکەن".
'وریای ئەو دزیانە بن کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرێن'
هاوسەرۆکی شارەوانی ئارتەمێتانی وان مەدەنی ئۆزەر کە قەیوم لە شوێنەکەی داندراوە باسی لەوەکرد کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردان و گەلانی بندەست لە تورکیا زۆر گرنگە و بەم جۆرە دوا: "دەبێت کەس ورە بەرنەدات، لە ١٤ی ئایار پێداگرانەتر لە هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایاردا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن. ئەوەی دەنگ دەدات دەبێت دەنگی خۆشی بپارێزێت. لەبەرامبەر ئەو دزیانەی لەهەڵبژاردندا دەکرێت دەبێت وریا بن. داوا لە هەموو کەس دەکەم کە بچن دەنگی خۆتان بدەن و خاوەنداری لە دەنگەکانی خۆتان بکەن".
'وەرن با ئەم دەسەڵاتە بگۆڕین'
ئەندامی ئەنجومەنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) شەریف دورماز وتی، گەل لەهەڵبژاردنی ١٤ی ئایاردا ئیرادەی خۆی نیشاندا و بەم جۆرە بەردەوامبوو لە قسەکانی: "گەلەکەمان ئیرادەیان لە سندووقەکاندا نیشاندا و ئیرادەیەکی بەهێز هاتەئاراوە، بەڵام بابەتەکە تەوانەبووە. بۆ ئەوەی لە ٢٨ی ئایاردا دەسەڵات بگۆڕدرێت، ئەردۆغان بڕوات، دەبێت ئێمە خاوەنداری لە ئیرادەی خۆمان بکەین. بۆ هەڵبژاردنی ٢٨ی ئایار دەبێت هەموو کەس دراوسێ و هاوڕێکانیان کە نەچوون بۆ دەنگدان قایل بکەن کە بچن و دەنگ بدەن. ئەم هەڵبژاردنە بۆ وڵاتەکە، گۆڕانکاری و دیموکراسی گرنگە. تەنیا دەنگی خۆمان بەکارناهێنین، دەنگەکانیشمان دەپارێزین. ئێمە لەو بڕوایەداین کە ٢٨ی ئایار وەک ئەوەی دەمانەوێت دەگاتە ئەنجام. ئەو هێز و ئیرادەمان هەیە".
هـ . ب