کاڵکان: پێویستە هەموو کەسێک لە دژی فاشیزم تێبکۆشێت-١

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە وتی، ئەگەر عەقڵییەت و تێڕوانین و سیاسەتی فاشیست، داگیرکەر و پاکتاوار لەناو نەبرێت، ئەو شتە بۆ هەمووان مەترسیدار دەبێت.

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لە میدیا خەبەر دا شیکاریی بۆ گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد، تێکۆشانی دژ بە گۆشەگیری، مانگی شەهیدان و هەڵبژاردنەکانی تورکیا کرد.

 کاڵکان وتی، فاشیزم لە تورکیا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەمووان، بۆیە پێویستە تێکۆشان بە شێوەیەکی فرەلایەن و داهێنەرانە بەردەوام بێت. پێویستە هەموو کەسێک بەشداری ئەم تێکۆشانە بکات و وتیشی، " فاشیزم واتە هێرشی هەمەلایەن. لەو حاڵەتەدا دەبێت هەم بەرخۆدانی دژە فاشیستی و هەم بەرخۆدانی دیموکراسی گشتی بن. هەندێک لایەن بەشدارییان کردووە، بەڵام هەندێک لایەن بەشدارییان نەکردووە. ئەوانەی بەشدارییان نەکردووە ئێستا زۆرترین زیانیان پێدەگات. لەو حاڵەتەدا، پێویستە هەموو کەسێک ڕاستییەکە ببینێت و بە دروستی و ڕاستی ببینێت، بە دروستی لێی تێبگات و لە تێکۆشانی دیموکراسی دژی فاشیزم بە شێوەیەکی داهێنەرانەی یەکگرتوانە، دەبێت عەقڵییەت و بیرکردنەوەی نەژادپەرەستی، شۆڤێنیست، فاشیزم و سیاسەت لە تورکیا لەناو ببرێت. ئێمە دەبێت بتوانین تێکۆشانێکی تەواو و هەمەلایەنە بکەین، کە لەو عەقڵییەت و بیرکردنەوە و سیاسەتە ژەهراوییە ڕزگارمان بکات.

وتەکانی کاڵکان بەم شێوەیەن:

"سەرەتا سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی ئیمراڵی و ڕێبەر ئاپۆ دەکەم. گۆشەگیری بەردەوامە، هیچ گۆڕانکارییەک نییە. ئێمە ئەم بابەتەمان هەڵسەنگاند. پارێزەرەکانیش هەڵسەنگاندنیان بۆ کرد. ئەوە ڕوون بوویەوە، ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێ نەکراون. جگە لەمە، هیچ زانیارییەک دەربارەی ئیمراڵی نییە. ماوەی ٢٦ مانگە هیچ زانیارییەک نییە، بە دڵنیاییەوە لەبەر ئەوەش خەم و نیگەرانیی زۆر هەیە. لە کۆمەڵگای کورد دا بێزاری توڕەیییەکی زۆر هەیە. ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین.

پرۆسەی هەڵبژاردن هەبوو. لەو بارودۆخەدا، کە گۆشەگیرییەکی ڕەها و سەخت و قورس هەیە، گفتوگۆیان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ و هەڵبژاردنەکان هێنایە پێشەوە. ئەوان ویستیان بەگوێرەی خۆیان، گفتوگۆی هەڵبژاردن و هەڵبژاردن لە تورکیا لەسەر ئەو بنەمایە بنیات بنێن. ئەوەش زانراوە، کە کێشەی سەرەکیی تورکیا کێشەی کوردە . ڕێبەر ئاپۆ وەک ئیرادە و خواستی ئازادیی گەلی کورد لە ئیمرالی ڕاگیراوە. هەموو جیهان ئەوە دەزانێت. ئەوانەی ڕێبەر ئاپۆیان لە ئیمراڵی ڕاگرتووە، هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بە باشی ئاگاداری ئەوەن و دەزانن.

لە گفتوگۆکانی هەڵبژاردندا چارەسەرکردنی دۆزی کورد نەبووە بەرنامە و ڕۆژەڤ

لەم ڕووەوە، پرۆسەیەکی تێکۆشانی سیاسیی سەخت بوو. بۆیە مرۆڤ مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، بێگومان دەتوانرێت ڕێبەر ئاپۆ ببێت ڕۆژەڤ، چونکە پرسی کورد تاوتوێ دەکرێت. کاتێک باسی کێشەی کورد دەکرێت، هەر گفتوگۆیەک لە بەرنامە و ڕۆژەڤ دا بێت، بەبێ ڕێبەر ئاپۆ نابێت. بەڵام وەها نەبوو. پرسی کورد، هۆکارەکانی کێشەی کورد، ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد گفتوگۆیان لەسەر کرا، بەڵام ڕێبەر ئاپۆیان نەیهێنایە ڕۆژەڤ. بە پێچەوانەوە، ئەوانەی بۆ ماوەی ۱۰۰ ساڵە تیرۆرێکی گەورەیان لە ئاستی جینۆسایددا لە دژی گەلی کورد ئەنجامداوە، ڕێبەر ئاپۆ، کورد، بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و پارتەکەمانیان بە تیرۆر و تیرۆریستبوون تاوانبار کردووە. چییان بە دەمدا هات وتیان. هەوڵیان دا بە شێوەیەکی سوک و هەرزان ئەوە لە ناو ڕای گشتی و دەرەوەدا بچەسپێنن. دیسانەوە بۆ ئەوەی ئەوە بکەن، هەوڵ دەدەن. ئەوان دەڵێن، ئەگەر وەها بکەن ئەوە دەتوانن پرۆسەکە و قۆناغەکە لە تورکیا بەردەوامی پێ بدەن.

بە دڵنیاییەوە ئەمە بارودۆخێکی گرنگە، کە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت و ڕەخنەی لێبگیرێت. سەرنج بدەن گفتگۆیەک لە هەڵبژاردن دا دروستبوو، بەڵام هەرگیز ئەوە نەبووە رۆژەڤ، کە کێشەی کورد چۆن چارەسەر بکرێت. ئەوان کوردانیان وەک تیرۆر و تیرۆریست وێنا کرد و نیشاندا و بەو شێوەیە هێنایانە ڕۆژەڤ. پاشان داوا لە گەلی کوردستان دەکەن، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت ئەنجامی بدەن. ئەوان لەلای خۆیان دەڵێن، کوردەکان ئەمە قبوڵ دەکەن، دەڵێن کوردەکان دابەش و پەرت دەکەن. لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا، ئەوان بەدوای هەڵخەڵەتاندن و فرتوفێڵ دا دەگەڕێن. ئەو شتە دەرکەوت. ئەمە هەڵوێستێکی زۆر بەسیت و ساکار و بێ ئەخلاقانە و ناڕەوایە. پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بکرێت.

لەبەر ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی چارەسەری بوو، بوو بە ڕۆژەڤ

جگە لەو بەڵێن و پەیمانانەی دەیدەن، هیچ کەسێک نەهاتە پێشەوە، کە باس لە کێشە بنچینەیی و بنەڕەتییەکانی تورکیا بکات و پێشنیازی چارەسەرکردنی بکات، چونکا ڕێبەر ئاپۆ هێز و ویست و ئیرادەی چارەسەرە، بۆیە بوو بە ڕۆژەڤ. بە دڵنیاییەوە تێگەیشتن لەوە هەیە. بە ڕاستیش هیچ هێزێکی سیاسی، یان ژینگەیەک سیاسی نییە، کە بەڵێنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک بە کۆمەڵگای تورکیادا بدات. هیچ عەقڵییەت، هەڵوێست و ڕاوەستەکردنی سیاسی نییە. بە پێچەوانەوە، کوردەکان شایستەی کۆمەڵکوژکردن، پاکتاوکردن و تورکیاش بە شایستەی دڕندەیی و زوڵم و تیرۆری فاشیستی دەبینن و ئەوە بۆ خۆیان دەکەنە بنەما. سیستەمی سەد ساڵەی دەوڵەت لەسەر ئەو بنەمایەیە بەڕێوەدەچێت. سیاسەتی سەردەمی ئەمدواییە، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی گشتی ئەو نزیکایەتییە سوک و هەرازانەیان گرتەبەر. هیچ شتێک ڕووی نەداوە و نەهاتووەتە پێشەوە، کە بتوانێت ئەو دۆخە تێپەڕێنێت.

دەمیرەڵ هەمیشە دەیوت، "هەرکەسێک سوود بگەیەنێت، لێی دەدرێت". بە دڵنیاییەوە، ئەو وتە و هێرشانە لایەنێکی لە دژی ڕێبەر ئاپۆ هەیە. زۆر تووڕە دەبن. بۆچی کێشەی کورد چارەسەر دەکات؟ بۆچی چارەسەری و ڕێبازی ئازادیخوازی و دیموکراتیک بۆ کێشەی کورد دەخاتەڕوو؟ بۆچی پێشنیاری چارەسەری و ژیانێکی برایەتی دەکات؟ لەبەر ئەوە زۆر توڕەن. چونکا سیاسەت و عەقڵییەت  تێڕوانینی ئەڵتەرناتیڤ بۆ سیاسەتی ئێستا پێشنیاری دەکات. لەبەر ئەوەش زۆر توڕەن. لەبەر ئەوەی دەمامکەکانیان هەڵدەماڵێت و ڕوخساری ڕاستەقینەیان ئاشکرا دەکات. نیشانی هەمووانی دەدات، کە چەندە ساختە و درۆیە، ڕوخساری ڕاستەقینەیان لە سیاسەت و عەقڵییەت و  تێڕوانینی فاشیستی، پاکتاوکاری و داگیرکاری پێکهاتووە. ڕاستیی ئیمراڵی، هەڵوێست و بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ، دۆخەکە  ڕووناک دەکاتەوە.

کاتێک پرسیاری ئەوە دەکرێت، کە مانای بەرخۆدانی ئیمراڵی چییە، چەند بە باشی لێی تێگەیشتوون، من هەوڵدەدەم وەڵامی بدەمەوە. لەبەر ئەوەی بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکەن، کە گوایە تێدەگەن. خۆی لە ڕاستی دا تێدەگەن، بەڵام بەشێوەیەک ڕاست و دروست نزیک نابنەوە، مرۆڤانە نزیک نابنەوە، بە شێوەیەکی ئازادیخواز و دیموکراتیک نزیک نابنەوە. ئەوان بە تێگەیشتنێکی فاشیستی، داگیرکەری، پاکتاوکاری، بەرژەوەندیخوازانە و شەڕانگێزانە نزیک دەبنەوە. عەقڵییەت و تێگەیشتنیان لەسەر دوژمنایەتیکردنی کوردان، گەلان و ژنان دامەزراوە. لەبەر ئەوەیە، شتەکان پێچەوانە دەکەنەوە. نەک ئەوەی، کە نازانن، چونکە ئەوان باش دەزانن، کە ئەمە ئەنجام بدەن. بە مەبەست و ئاگاییەوە ئەو کارە دەکەن. ئەوەش ئاشکرا و ڕوون و بەرچاوە.

لە لایەکی ترەوە، تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە. ژنان، گەنجان و گەلەکەمان لەگەڵ هاوڕێکانیان لە سەرانسەری جیهاندا تێکۆشانێکی بێ پسانەوە و بێ ڕاوەستان دەکەن. لە ڕابردووشدا ئەم تێکۆشانە بەردەوام بوو. من سڵاو لە هەموویان دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، کە ئەم تێکۆشانەیان زۆر گرنگە.

دەبێت سیستمی ئیمراڵی ریسوا و شەرمەزار بکرێت

لەم رووەوە لە سەر ئاستی دەرەوە پشتیوانی گەورە هەیە. تێکۆشانی هەڤاڵان، ئەکادیمییەکان، سەندیکاییەکان، رەنجدەران و رۆشنبیران گرنگە دەبێت زیاتری بکەین. هەم تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بەرفراوان بکرێت و هەمیش لە ناو دۆستانماندا بەشداریکردن لەم تێکۆشانە بەهێزتر بێت. لەبەر ئەوەی کاتێک رامان و ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بڵاودەکرێنەوە، مرۆڤەکان بەو ئەنجامە دەگەن کە دەبێت خاوەنی ئەو بیرکردنەوانە لە سیستمی ئەشکەنجە و پاکتاوی ئیمراڵیدا نەژی و ببێتە خاوەنی ئازادی جەستەیی بۆ ئەوە پەرە بەو بیرکردنەوانەی بدات و بیانخاتە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە. مرۆڤەکان ئەوەیان دەوێت. هەموو کەس پێویستی بەوە هەیە. خۆی لە خۆیدا وەک پێویستییەکیشی دەبینن. رێبەر ئاپۆ خاوەنی بەرفراوانترین و سیستماتیکترین بیرکردنەوە و ئەندێشەیە کە پێشنیاز و چارەسەری بۆ کێشەکانی مرۆڤایەتی دەخاتەڕوو. بە پارادایمی نوێ، رامانێکی بەو جۆرە سیستماتیکی خستووەتەپێش. لەبەر ئەوە تائێمە ئەوە زیاتر بڵاوبکەینەوە، تێکۆشان زیاتر دەبێت، مرۆڤ لەسەر ئەو بنەمایە زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی خۆی دەکات. لەبەر ئەوە زیاتر پەرە بە تێکۆشانیان دەدەن.

رێکخراو و هێزە نێونەتەوەییەکانیش لە گۆشەگیریدا بەرپرسن

دەبێت ئێمە هەم سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی، سیستمی پاکتاو ریسوا بکەین و هەمیش زیاتر ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بڵاوبکەینەوە. کاتێک ئەوە ئەنجامدرا لە دژی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمراڵی لە سەر بنەمای ئازادی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەرەوپێش دەچێت، فراوان دەبێت. بێدوودڵی و گومان ئەوە بکرێت. لەو چوارچێوەدا زۆر شاندی نوێ و رێکخراو هەن. لەم دواییەدا شاندێک بە ناوی نوێنەرایەتی نێونەتەوەیی ئاشتیی ئیمراڵی سەردانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی کرد، روانینی خۆیان هاوبەشی پێکرد، گفتوگۆیان کرد و تێڕوانینی خۆیان خستەڕوو. لەسەر بنەمای دیدارەکانی خۆیان لە گۆڕەپانی دەرەوەی وڵات لە دژی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیریی ئیمراڵی وتیان کە زیاتر پەرە بە تێکۆشان دەدەن و بەهێزتری دەکەن. دۆخێکی لەخۆبوردوانە و بەهەڵوێستانەیە. ئێمە چاوەڕوانی خەباتی گرنگین.

ئێمە لە ٢٥ەمین ساڵیادی سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵیداین. رێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی، سیستمی پاکتاودا زیندانییە. ئەم ساڵی ٢٥ەمینە لە رووی یاساییەوە ساڵێکە کە دەبێت دۆخی رێبەر ئاپۆ هەڵبسەنگێندرێتەوە. کەس ناتوانێت چاو بەسەر ئەوەدا بنوقێنێت. بە وتنی ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بۆ ئەوە یاسای پێویستی دانەڕشتووە، ناتوانرێت بەسەریدا باز بدرێت. بەڵێ، لە دامەزراندن و جێبەجێکردنی سیستمی ئیمراڵیدا دەوڵەتی تورک بەرپرسیارە. ناتۆش بەرپرسیارە، یەکێتی ئەوروپاش بەرپرسیارە. دامەزراوەکانی هەموویان، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، رێکخراوی رێگری لە ئەشکەنجە بەرپرسیارن. لە رووی سیاسیەوە دەوڵەتیش بەرپرسیارن. بەتایبەتی ئیدارەی ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسرائیل و دەوڵەتانی ئەوروپا هەموویان لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی، لە رفاندنی رێبەر ئاپۆ و ٢٥ ساڵ سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی بەرپرسیارن. کەس ناتوانێت لەو بەپرسیارێتییە هەڵبێت. ناتوانێت خۆی لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی دابنێت. سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی لە ساڵی ٢٥ەمیندایە، کەواتە دەبێت هەموو ئەو هێزانە هەڵسەنگاندنەوە بکەن. پێویستی ساڵی ٢٥ەمین ئەمانەیە. پێویستی یاساییە ئەوەیە. ئەگەر باس لە یاسا، دیموکراسی، یاسای دیموکراتیک، مافەکانی مرۆڤ و کرداری یاسایی یەکسان دەکرێت، ئەگەر ئەوانە بۆ خەڵەتاندنی مرۆڤەکان نین، ئەو کاتە ناچارن کە هەڵسەنگاندنەوە وچاوخشاندنەوە بۆ ئەو دۆخە بکەن. بەڵام لەم رووەوە جموجۆڵ و هەوڵی هیچ کەسێک نابیندرێت. سێ مانگ بە سەر ١٥ی شوپاتدا تێپەڕیوە، واتە چارەکی ساڵێک تێپەڕیوە ئەگەر مرۆڤ سەرنج وردبێتەوە هیچ هەوڵ و هەستیارییەک لە ئارادا نییە. رۆژەڤێکی بەم جۆرە نەهاتووەتە ئاراوە. ئەمە مایەی قەبوڵکردن نییە.

دەبێت گۆشەگیری بکرێتە رۆژەڤ و بابەتی گەرم

سەبارەت بەو بابەتە ئەو لایەنە یاساییانەی گرنگی بە بەرگری لە رێبەر ئاپۆ دەدەن دەبێت زیاتر هەستیار بن. زیاتر هەوڵ بدەن، زیاتر لێکۆڵینەوە بکەن. بەم جۆرە راناگیرێت، بەم جۆرە مایەی قەبوڵ نییە. بە تێکۆشانێک کە سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی ریسوادەکەن، دەبێت مرۆڤ ئەو دۆخە زیاتر بخاتە رۆژەڤەوە. لە ساڵی ٢٥ەمیندا دۆخی هەنوکەیی دەبێت بگۆڕدرێت. گۆشەگیرییەک کە هاوشێوەکەی نەبینراوە، پەیڕەو دەکرێت. لەبارەی رێبەر ئاپۆوە یەک زانیارییش بەردەست نییە. دیدار لەگەڵ پارێزەران بوونی نییە، دیدار لەگەڵ بنەماڵەدا بوونی نییە، هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ دەرەوەدا بوونی نییە. کەس نازانێت لە چ دۆخێکدایە و چۆن دەژی. لە راستیدا دەبێت ئەوە پێچەوانە بکرێتەوە. ئێستا لانیکەم لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە ئەگەر لە سەر بنەمای هزری رێبەر ئاپۆ مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و چارەسەری نەکەن دەبێت وەک لایەنی یاسایی بۆ دۆخی رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی هەوڵ لەئاردا بێت. ئەگەر بە راستی شتێک بە ناوی یاسا بوونی هەبێت و ئەوانەی دایانڕشتووە باوەڕیان پێیەتی، دەڵێن ئێمە بەسەر هەموو کەسدا جێبەجێی دەکەین، ئەو کاتە دەبێت لەبارەی رێبەر ئاپۆشەوە جێبەجێی بکەن و دەستبەجێ بکەونە هەوڵەوە. هەڵوێستێکی بەو جۆرە قەبوڵ ناکەین. ئێمە ئەو بێدەنگیە، بە بێ دەنگی تێپەڕبوونی قەبوڵ ناکەین. هیج کەسێک قەبوڵی ناکات. گەلەکەمان و مرۆڤایەتی قەبوڵی ناکەن. خۆی لە خۆیدا قەبوڵی ناکەن. بێ پسانەوە لە دژی دەوەستنەوە. لەو رووەوە ئەمە زۆر گرنگە. ئەمەش دەبێت بە پێی پێویست بکرێتە رۆژەڤ. لە تێکۆشاندا گرنگترین شت ئەوەیە کە دۆخی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٥ەمیندا چاوخشاندنەوەی پێدا بکرێتەوە. دەبێت گۆڕانکاری گەورە بکرێت. چ هەتاهەتایی، چ دژوارکراو، چی پێدەوترێت با بوترێت شتی پێویست ئەوەیە. بەسەر هەموو کەسدا بەم جۆرە جێبەجێ دەکرێت؛ ئەو کاتە لە ئیمراڵیش دەبێت بۆ رێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکرێت. ئێمەش ئەوە بەم جۆرە بکەین بە رۆژەڤ و بابەتی گەرم.

رێبەر ئاپۆ لەسەنگەری ئیمراڵیدایە. ئەگەر پرسیار بکرێت کە چۆن بەرخودان دەکرێت، سەرنج بدەین، هیچ شتێک کاریگەری ناکاتە سەر. گوشار، گۆشەگیری، هەڕەشە، گوشاری دەرونی، هیچ شتێک کاریگەری ناکاتە سەر. تەواوی هۆشی لەسەر دۆز، چارەسەریی سیاسی و دیموکراتیکی پرسی کوردە. سەرنجی لەسەر هەبوونی کوردان و جێبەجێکردنی ئازادییە. بڕوای بەوە هەیە کە دەبێت تورکیا دیموکراتیک ببێت و ئەو دیموکراسیە لەسەر گەشەسەندنی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی مرۆڤایەتی دەبێت جێبەجێ بکرێت. لە سەر ئەو بنەمایە هێڵی گیانبازی خۆی بە بێ دڕدۆنگی، بەردەوام کاریگەرە و لە دژی هەموو جۆرە گوشار خۆڕاگری دەکات. تێگەیشتنی راست لە بەرخودانی ئیمراڵی بە واتای دروستتێگەیشتنە لە پرسی کورد. لەبەر ئەوە بە واتای تێگەیشتنە لە راستی تورکیا، سیستمی دەوڵەتی تورک، سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری جیهانی کە ئەو دەوڵەتەی خوڵقاندووە، سیستمی دەسەڵاتدار و دەوڵەتپارێز بە واتای تێگەیشتنی راستە لەو شتانەی کە ئەمڕۆ بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتیدا دەسەپێندرێت. وەک نینۆک و گۆشت تێکەڵا و پەیوەستی یەکترن. لەم واتایەدا لە دژی هەموو جۆرە گوشار، داگیرکەری، فاشیزم و کۆمەڵکوژیبە واتای تێکۆشانی بە زانابوون، رێکخراو و سەرکەوتووانە. ئەگەر تێکۆشانێکی بەم جۆرە سەربکەوێت. راستی ئیمراڵی، بەرخودانی ئیمراڵی، راستی رێبەر ئاپۆ، راستی رێبەرایەتی، رامانی رێبەر ئاپۆ بە دروستی درکی پێبکرێت و پێویستییەکانی جێبەجێ بکرێت. هەڵبەت لەم واتایەدا گەشەسەندنی گرنگ بوونی هەیە. مشتومڕ بوونی هەیە. وەک بزوتنەوە و گەل ئێمە لەناو تێکۆشان و قوڵبوونەوەداین. لە قۆناغی بەردەمماندا هەموو شتێک قوڵ دەبێتەوە.

بۆ یادکردنەوەی حەقی قەرار قۆناغی دامەزراندنی پەکەکە پێشخرا

لە ساڵیادی ٤٦ەمینی شەهیدی گەورەمان هاوڕێ حەقی قەراردا بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە یادی دەکەمەوە. ٤٦ ساڵ بۆ بەزیندوویی هێشتنەوەی یادی ئەو و هێنانەدی ئامانجەکانی. وەک گەل و بزوتنەوە واتادارترین و گرنگترین تێکۆشانی مێژووییمان بەڕێوەبرد. لە ساڵی ٤٧ەمیندا ئێمە ئەو تێکۆشانە لە سەر هێڵی سەرکەوتن، لە سەر رێبازی رێبەرایەتی و شەهیدان بە بێزی بەڕێوەی دەبەین. ئێمە لەو بڕوایەداین ئێمە ئێستا راستتر رێدەکەین و سەرکەوتووتر دەبین. هاوڕێ حەقی قەرار لە ١٨ی ئایاری ١٩٧٧ لە دیلۆک لەلایەن کۆنتراگەریلای دەوڵەتی تورکەوە بە فرت و فێڵ و پیلانگێڕییەوە شەهید کرا. ئەو شەهیدی یەکەمی گەورەی گروپی ئاپۆییە. رێبەر ئاپۆ وتی، 'وەک ئەوەی ئاوی کوڵاومان بەسەردا رژابێت هەستمان پێکرد'. وتی، 'ئێمە لەلایەکەوە بیرمان لەوەدەکردەوە کە چۆن دەتوانین بۆ یادی شەهیدێک وەڵامی دروست بدەینەوە و لەلایەکیشەوە قۆناغی بە پارتیبوونمان بەرەوپێش برد و دامەزراندنی پەکەکەمان بەئەنجام گەیاند. لەلایەکی دیکەوە بۆ بەزیندوویی راگرتنی یادی شەهید، بەرخودانی پاراستنی جەوهەریمان پێش خست. لەسەر بنەمای پاراستنی رەوا ئێمە تێکۆشانی هەبوون و ئازادیی گەلمان بەرەوپێش برد. ئەگەر هاوڕێ حەقی قەرار بەم جۆرە تیرۆر نەکرایە، رەوتی دروستبوونی پەکەکە بە چ جۆرێک بووایە دیارنەبوو'. وتی، 'لە راستیدا ئەو کۆمەڵکوژیە بووە هۆکاری ئەوەی کە ئێمە لایەنێکی بەم جۆرە بەرەوپێش ببەین. هەربۆیە بەرخودانی پەکەکە و ئازادی کورد، بەرێکخستن کردن و بە چالاکی کردنی یادی حەقی قەرارە'. ئەم بەرخودانە گەورەیە ٤٦ ساڵە ئەو رێپێوانە بە قارەمانی، رێپێوانی گیانبازی لەسەر هێڵی شەهیدبوون، لە دژی هەموو جۆرە ستەم و ئاستەنگیەک بۆ خاوەنداری لە یادی هاوڕێ حەقی قەرار بەزیندوویی راگرتنی ئەو یادە و سەرخستنی ئامانجی ئەوی بەرەوپێش بردووە.

پەکەکە پارتیەکی بەم جۆرەیە. بزوتنەوەی ئازادیی کورد بزوتنەوەیەکی بەرخودانی لەم جۆرەیە. دەبێت ئەوە پەرەی پێبدرێت. هەڵوێستی رێبەرایەتی کە بزوتنەوەکەی بەم جۆرە بەرەوپێش برد، هەڵوێستێکە لە سەر بنەمایەک بە شێوەیەکی راست خاوەنداری لە یادی شەهیدان و بە ئامانجی بە زیندوویی راگرتنیان بوو. هەڵوێستی شۆڕشگێڕیی رێبەر ئاپۆ لە دژی کودەتای سەربازی فاشیستی ١٢ی ئاداری ١٩٧١ بۆ خاوەنداری لە یادی پێشەنگانی شۆڕشگێڕی تورکیا کە لە ناو بەرخوداندا شەهیدبوون، بۆ بەزیندوویی راگرتنی یادی ئەوان بوو. بەشێکی گەورەی ئەو شەهیدبوونانەش لە مانگی ئایاردا روویاندا. بۆ نمونە ٦ی ئایار دەنیز گەزمیش، یوسف ئاسڵان و حسێن ئینان لە ئەنقەرە لەسێدارەدران. رێبەر ئاپۆش لەو کاتەی ئەوان لە سێدارەدران، لە هەمان زینداندابوو، مانگێک پێش ئەوە دەستگیرکرابوو. هەروەها ١٨ی ئایاری ١٩٧٣ لە ئاسایشی ئامەد ئیبراهیم کایپاکایا بە ئەشکەنجە شەهید کرا. ئەو کاتە رێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی بناغەی گروپی ئاپۆیی دابنێت، بۆ تێگەیشتن لەو یادانە و خاوەنداری راست و دروست لەوان لە هەوڵدابوو کە هێزی هەڵگرتنی یەکەم هەنگاوەکان، نیشاندانی بوێری، بڕیارداری و زانابوونی بەرەوپێش برد.

مانگی ئایار بۆ بزوتنەوەی شۆڕشگێڕی تورکیا مانگێکی گرنگە. لە کەسایەتی دەنیز گەزمیشەکان، ئیبراهیم کایپاکایاکاندا من شەهیدانی بزوتنەوە چەپ، سۆسیالیست و دیموکراتیکەکانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕیی تورکیا بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. لە ساڵیادی ٥٠هەمینی شەهیدبوونی ئیبراهیم کایپاکایا، ٥٠ ساڵە ئەم بەرخودانە بۆ یادکردنەوەی پێشەنگانی شۆڕشگێڕ بەرێوەدەچێت. شەهیدان و رێبەر ئاپۆ بەڕێوەیان برد. رێبەر ئاپۆ بەردەوام دەیگوت، 'ئەو شەهیدانە هێزیان بە من بەخشی. بۆ ئەوەی ئامنج و یادی ئەوان بەفیرۆ نەچێت، بە بێ سەرکەوتن نەمێننەوە من تێکۆشانێکی بەم جۆرەم لە شوێنێک کە من هەرگیز تیایدا ئامادەنبووم، گرتمە بەرچاو، خۆم بۆ تەرخان کرد و بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم تێکۆشانە هەوڵمدا'. نیوەی ئەو تێکۆشانە گەورەیە ٥٠ ساڵیەش لە دەرەوە؛ لە ئەنقەرەوە بگرە تا کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو تێکۆشانەی ئەنجامدراوە تێپەڕبوو، نیوەکەی دیکەشی بە بەرخودان لە ناو سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ئیمراڵی تێپەڕبوو.

شەهیدان هەر هەموویان لە سەر هێڵی ١٨ی ئایار ژیان و رێیان کرد

١٨ی ئایاری ١٩٧٧ حەقی قەرار شەهیدبوو؛ شەهیدێک درا. ١٩ی ئایاری ٧٨ش لە حیلوان خەلیل چاڤگون شەهیدبوو؛ کاتێک بۆ یادکردنەوەی حەقی قەرار چالاکی ئەنجام دەدا شەهیدبوو. ١٧ی ئایاری ١٩٨٢ بەرخودانی گەورەی چوار شۆڕشگێڕ هاتە ئاراوە کە لە کودەتای ١٢ی ئەیلول ئامەدیان بە زیندانەوە روونکردەوە. دوو شەهید، بوونە چوار، چوار بوونە هەشت، هەشت بوونە ١٦، بوونە سەد، بوونە هەزار، بوونە دەیان هەزار. ٤٦ ساڵە زیاتر لە ٤٦ هەزار شەهیدی قارەمان دراون. یادی شەهیدێک بزوتنەوەیەکی گەورەی لەم جۆرەی هێنایە ئاراوە. سوپای شەهیدانی بەرەوپش برد. دەبێت مرۆڤ ئەوە ببینێت. بە دڵنیاییەوە بەرخودانی گیانبازی لەسەر هێڵی ئەو هەمووە شەهیدانە لەگەڵ هەڵوێستی رێبەرایەتی و بە خاوەنداری لە یادی حەقی قەرار پەیوەندییەکی پتەوی هەیە. دەبێت لەو راستیە تێبگەین. ئەو بەرخودانە، ئەو شەهادەتانە لە مانگی ئایاردا هاتنە ئاراوە. لە مانگەکانی دیکەشدا روویاندا، هەموو رۆژێک روودەدەن. ژمارەیان بوو بە دەیان هەزار کەس. لە هەموو رۆژەکاندا بە دەیان بە سەدان بەرخودان و شەهیدبوون هاتنە ئاراوە. هەموو رۆژێکی مانگی ئایار بە شەهیدانی لەم جۆرە، بەرخودان لەسەر هێڵی شەهیدان پڕە. مانگی ئایار بەم جۆرە بووە مانگی شەهیدان. لە هەموو رۆژێکیدا بە دەیان شەهید هەیە. بەرخودانی قارەمانانە هەن کە رێگەیان بۆ دەیان شەهید کردووەتەوە. ١٨ی ئایار لەبەر ئەوەی رێپێوانێکی بەم جۆرەی شەهیدبوون، رێپێوانی گیانبازی هێنایە کایەوە و دەستیپێکرد بووە رۆژی شەهیدان. شەهیدان هەموویان لە سەر هێڵی ١٨ی ئایار ژیان، رێیان کرد و شەهید بوون. رۆحی ١٨ی ئایاریان هەڵگرت. گرنگە مرۆڤ بە دروستی لە راستی شەهیدان تێبگات. هەموو کات باسی دەکەین؛ ئەو هێزەی پەروەردەمان دەکات، رێکمان دەخات، مایەی یەکگرتنمانە، لەلایەک دەمانهێڵێتەوە، ئازایەتیمان پێدەدات، لەخۆبوردوومان دەکات، وادەکات بەربەستەکان تێپەڕێنین، هەموو کات لە هەموو شوێنێک سەرچاوەی سەرەکی هێزی ئێمەیە، پێشەنگانی ئێمەن کە رێگە راستەکە، رێگەی ژیانی راستەقینەمان پێنیشان دەدەن، بزوتنەوەی ئازادی کورد و گەلی کورد لە سەر هێڵی شەهیدان، بە پێشەنگایەتی شەهیدان و بە فەرماندەیی شەهیدان دەژین.

شەهیدان رووناککەرەوەی رێگامانن

 لەپشت هەموو دەستەکەوتەکان کە ٤٦ ساڵ لەسەر ناوی ئازادی لە کوردستان خوڵقێندراون، بە دڵنیاییەوە راستی شەهیدان هەیە. هەموو ئەو دەستکەوتانە بە پێشەنگایەتی شەهیدان ئافرێندراون. بە تێکۆشان لە سەر هێڵی شەهیدان ئافرێندراون. خۆی لە خۆیدا ئەستەمبوو لەو هەلومەرجانەدا تێکۆشانی لەم جۆرە ئەنجام بدرایە. رێبەر ئاپۆ بەردەوام بەم جۆرەی وتووە. بۆ هەلومەرجی تێکۆشان لە دەرەوەش وتی، بۆ ئیمراڵیش وتی. دۆخی بەرخودانی ئیمراڵی هەڵوێستی هەموو گەلی کورد و وڵاتپارێزانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتە. لەبەر ئەوەی لەلای رێبە ئاپۆوە لێی دەڕوانرێت. لەم دۆخەدا سەرەکیترین سەرچاوەی هێز راستیی شەهیدانە. شەهیدان فەرمانی ئەوەمان پێدەکەن و بەم جۆرە دەدوێن؛ ژیانی راستەقینە ژیانی ئازادە. جگە لە ژیانی ئازاد ژیانێکی دیکە قەبوڵ ناکرێت. ئەگەر ژیانێک بوونی هەبێت دەبێت ئەو ژیانە ئازاد بێت. ژیانی دیکە مایەی قەبوڵکردن نییە. رێبەر ئاپۆ بەم جۆرە دوا و وەک فەرمان و رێنمایی شەهیدان بەم جۆرە بۆ ئێمەی پێناسە کرد. بۆ ژیانی ئازاد هەرچییەک پێویست بێت ئەوە دەکرێت. هەموو جۆرە ئازایەتی و بوێرییەک ئەنجام دەدرێت. هەموو جۆرە دژواری و رێگرییەک تێدەپەڕێندرێن. لە ژێر هەموو هەلومەرجێکدا بەرخودان دەکرێت. بە شێوەیەکی جیاوازتر، ژیان دەستەبەر نابێت.

لەبەر ئەوە شەهیدان رێگەمان رووناک دەکەنەوە. راستی و رێگەمان پێنیشان دەدەن. هەر ساتێک ئەوەمان پێ هەست دەکەن کە ژیانی راستەقینە، ئازاد و دادپەروەرانە چۆنە. هێندەی لەوە تێدەگەین و هەستی پێدەکەین، لەسەر ئەو بنەمایە خۆمان پەروەردە دەکەین و خۆمان رێکدەخەین، ئێمە دەتوانین بوێر و لەخۆبووردەبین. ئازادیخواز و خۆڕاگر بین. بەم جۆرە دەبینە جەنگاوەری سەرکەوتوو کە دەتوانین هەموو جۆرە گوشار و ئاستەنگییەک تێپەڕێنین.

دەبێت بە دروستی لە شەهیدان تێبگەین

بە بەرخودانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا ئەو هێڵی جەنگاوەری و هێڵی گیانبازییە چۆن گەیشتە بەرزترین ئاست؟ بووە ئیرادە، بوێری و لەخۆبوردەیی کە دەتوانێت لە بەرامبەر هەموو جۆرە دژوارییەک خۆڕاگریی بکات. لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی دوژمن خۆڕاگری بکات و سەربکەوێت. لە گیان، هزر، ژیان، هێڵێکی بەم جۆرەدا 'شتێکی ئەستەمە' و 'سەرکەوتن بەدەست نایات' بوونی نییە. لە بەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی دوژمن لە هەموو هەلومەرجێکدا بەرخودان و سەرکەوتن مومکینە و پێویستیشە. ژیانی راستەقینە ئەمەیە. شەهیدانیش پێمان دەڵێن ئێوە ئەوە بە بنەما بگرن. تا ئەو ئەقڵیەت و سیاسەتی فاشیستی، داگیرکەری، پاکتاوکاری لەناو بچێت و شکست بهێنێت، دەبێت ئەو بەرخودانە بەردەوام بێت. دەبێت مرۆڤ سڵ لە قوربانیدان نەکاتەوە. لەسەر هێڵی شەهیدبوون دەبێت رێپێوانی گیانبازانە ئەنجام بدرێت. نابێت لە بەرخودان بترسن. دەبێت خەم و مەراقی سەرەکی ئەوە بێت کە ئەم تێکۆشانە رانەوەستێت و نەپچڕێت. نابێت هەرگیز ئەو بەرخودانە رابگیرێت. فەرهاد کورتای و هەڤاڵانی لە ١٧ی ئایاری ١٩٨٢ ئەو کاتەی لە زیندانی ئامەد خۆیان سوتاند وتیان 'ئاوی پێدامەکەن، ئاگرەکە بگەشێننەوە'. وتیان 'گوڕ بە بەرخودان بدەن، فراوانی بکەن و درێژەی پێبدەن'. راستی شەهیدانی ئایار بەم جۆرەیە.

ئەو راستیەی کە حەقی قەرار دەستیپێکرد بەو واتایە دێت. بە بۆنەی مانگ و رۆژی شەهیدان هەڵبەت دەبێت ئێمە زیاتر لە سەر راستی شەهیدانی قارەمان راوەستە بکەین. دەبێت ئێمە لە هێڵی رێبەرایەتی و شەهیداندا زیاتر خۆمان هەڵبسەنگێنینەوە. دەبێت رەخنە و رەخنەلەخۆگرتن زیاتر بەرەوپێش ببەین. ئێمە چەندە لە هێڵی شەهیدان تێگەیشتووین؟ چەندە هەڵەمان هەیە؟ چەندە خۆمان لە سەر ئەو بنەمایە پەروەردەکردووە؟ چەندە گیان، هەست و جموجۆڵمان بێگەرد کردووە و هێناومانەتە سەر هێڵی شەهیدان؟ دەبێت ئێمە لەناو پرسیارکردن، رەخنەگرتن، رەخنەلەخۆگرتنی بەم جۆرەدابین. دەبێت لە سەر هێڵی شەهیدان خۆمان بەرەوپێش ببەین. بۆ ئەوەش بە دڵنیاییەوە دەبێت چالاکی یادکردنەوە و تێگەیشتن بەڕێوەببەین، لە هەموو گۆڕەپانەکاندا گفتوگۆ ساز بکەین و سەردانی گۆڕستانەکان بکەین. دەبێت گفتوگۆ لە بارەی رووداوەکانی شەهیدانەوە بکەین و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەین. دەبێت کتێب، هۆنراوە، یاداشت و راپۆرتەکانی شەهیدان بخوێنینەوە و لێکۆڵەنەوەیان لەبارەوە بکەین. دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە خۆمان پەروەردە و نوێ بکەینەوە. راستی خۆمان رێکبخەینەوە.

لە ساڵی ٤٧ەمینی شەهیداندا خۆمان بگۆڕین بۆ ئەو شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزانەی کە راستی رێبەرایەتی و شەهیدان بە شێوەی دروستتر درک پێدەکەین و ئەو هێڵە بە سەرکەوتنەوە جێبەجێ دەکەین. ئێمە وەک بزوتنەوە و گەل لە سەر ئەو بنەمایە مامەڵە دەکەین. ئێمە لەم مانگی ٤٦ەمینی شەهیدان بە جۆش و خرۆشێکی لەو جۆرە دەژین. خۆمان بەهێز دەکەین و لەسەر بنەمای ئەو بەهێزبوونە ساڵی ٤٧ەمین دەکەینە گۆڕەپانی تێکۆشان و سەرکەوتنی گەورەتر. لە سەر ئەو بنەمایانە جارێکیتر لە کەسایەتی هاورێ حەقی قەراردا هەموو شەهیدانی قارەمانمان بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. بەڵێنمان دووبارە دەکەینەوە کە یادی ئەوان بە زیندوویی رابگرین و ئامانجەکانیان بهێنینەدی.

ژ. ت / هـ . ب