کاتی هەڵبژاردنەکان لە باشووری کوردستان دیاریکرا

لە باشووری کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان ٢٠ تشرینی یەکەم دیاریکرا. ئەمەش لە کاتێکدا ماوەی دوو ساڵە هەڵبژاردن دوادەخرێت.

وا دانرابوو کە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە پایزی ٢٠٢٢دا ئەنجام بدرێت، بەڵام دواخرا. دواجار لە ژێر گوشارەکانی بەغدادا ڕێکەوتی ١٠ی حوزەیران دیاریکرا، بەڵام دیسانەوە بە هۆی ئاستەنگیەکانی پەدەکەوە لەو کاتەشدا ئەنجام نەدرا.

دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی ماوەبەسەرچووى هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا لەبارەى دیاریکردنى وادەیەکى نوێ بە مەبەستى بەڕیوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى  هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانى بڕیاریدا ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان بەڕێوەبچێت.

لە مانگی شوباتدا دادگای فیدراڵی عێراق بڕایدا ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کورسیەوە کەمکرێتەوە بۆ ١٠٠ کورسی پەرلەمان.

ئەم بڕیارەش لە سودی دەسەڵاتداری پەدەکە نەبوو. پەدەکە ڕایگەیاند کە ئەو هەڵبژاردەنانە بایکۆت دەکات، ئەمەش ڕووداوی سیاسی دیکەی بەدوای خۆیدا هێنا.

دوای ئەوەی دادگا بە بڕیارێکی نوێ ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی زیادکرد بۆ ١٠٥ کورسی. پەدەکە لەگەڵ ئەم بڕیارەی دادگادا، لە بڕیاردانی بایکۆت پاشگەزبووە و بڕیاری دا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان (یەنەکە) چەندین جار دواخستنی هەڵبژاردنەکانی ڕخنەکردووە و ناڕازیبوونی خۆی پیشانداوە.