كۆدار: هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی شه‌هید شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی مرۆیی و ئه‌خلاقی بوو

كۆدار له‌ چواره‌م ساڵیادی شه‌هیدانی ژینگه‌پارێزی مه‌ریوان، شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی وێڕای به‌رزراگرتنی یادی ئه‌و شه‌هیدانه‌، داوای كردووه‌ درێژه‌ به‌ رێبازی ئه‌و ژینگه‌ پارێزه‌ شه‌هیدانه‌ بدرێت.

چوار ساڵ به‌ر له‌ئێستا و رۆژی سێی خه‌رمانان (٢٥ی ئاب) له‌ كاتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر له‌ دارستانه‌كانی مه‌ریوان شه‌ریف باجوه‌ر و سێ ژینگه‌ پارێزی تری ژیانیان له‌ده‌ستدا و كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و رۆژه‌ی وه‌ك رۆژی شه‌هیدانی ژینگه‌ ناوزه‌د كرد.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا له‌ یادی چوارساڵه‌ی شه‌هیدبوونی ئه‌و ژینگه‌ پارێزانه‌ كۆدار ئاماژه‌ی به‌ مه‌ترسییه‌كانی سیستمی سه‌رمایه‌داری كردووه‌ له‌سه‌ر ژینگه‌ و له‌ناوبردنی و باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ زاگرۆسیش له‌و مه‌ترسییانه‌ به‌ده‌ر نییه‌ و له‌و رووه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، " هه‌بوونی ژینگه‌ی زاگرۆس هاوشێوه‌ی هه‌بوونی گه‌لی كورد كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و گیرۆده‌ی خراپترین سیاسه‌ته‌كان به‌ ئاراسته‌ی به‌ بیابان كردن بووه‌. لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ پاراستنی ژینگه‌ی زاگرۆس له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان ڕه‌هه‌ندێكی تێكۆشانی ڕۆژانه‌ی وه‌رگرتوه‌ و هه‌بوونی ژیانیی ئه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌بوونی خاك و كۆمه‌ڵگاكه‌مان".

له‌ درێژه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌، " شه‌هیدبوونی شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی كه‌ له‌ پرۆسه‌ی پارێزگاری له‌ دارستانه‌كانی مه‌ریوان و له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر و به‌ گومانی به‌هێز له‌ ئه‌نجامی پیلانگێڕی دوژمن گه‌یشتوونه‌ته‌ پله‌ی شه‌هیدبوون، ئه‌ركی مرۆیی و ئه‌خلاقی تاك به‌ تاكی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌مان به‌ بیرده‌هێنێته‌وه‌."

كۆدار له‌ كۆتاییدا داوای له‌ ژینگه‌دۆستان كردووه‌ كه‌ له‌پێناو به‌ فیڕۆنه‌چوونی خوێن و ماندووبوونی شه‌هیدانی ژینگه‌ وه‌ك شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی درێژه‌ به‌ رێگاكه‌یان بده‌ن و وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی، سیاسی و ئه‌خلاقی له‌ پرسی پاراستنی ژینگه‌ بڕوانن.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی كۆدار:

پارێزگاری له‌ ژینگه‌، له‌مڕۆدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان هه‌روه‌ك بووه‌ته‌ قه‌یرانێكی به‌ربڵاوی مرۆڤایه‌تی، له‌ كوردستان ره‌هه‌ندی تێكۆشانی په‌یوه‌ست به‌ وڵاتپارێزی به‌ خۆیه‌وه‌ گرتووه‌. پارێزگاری له‌ ژیگه‌ی زاگرۆس ئه‌مڕۆ وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی و ئه‌خلاقی گرنگی ژیانیی په‌یدا كردووه‌ و له‌و پێناوه‌دا شه‌هیدیش دراون. ناودێركردنی سێی خه‌رمانان وه‌ك "رۆژی شه‌هیدانی ژینگه‌" له‌ لایه‌ن "كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهه‌لاتی كوردستان (كۆدار)" وه‌ك رێزێكه‌ له‌ گیانبازی ئه‌و شه‌هیدانه‌. یادی شه‌هید شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی به‌رز راده‌گرین.

بێگومان پرسی پاراستنی ژینگه‌ به‌هۆی قه‌یرانه‌ ڕوو له‌ هه‌ڵكشان و كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی سه‌رمایه‌داری كه‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی جیهانیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، ئه‌مڕۆ وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی له‌ پێشه‌وه‌ی پلانه‌كان جێگه‌ی تایبه‌تی گرتووه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ژێر ناوی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی چاوچنۆكی سیستمی سه‌رماده‌رانی جیهان له‌ هه‌موو وڵاتان پاڵپشت به‌ سێ گۆشه‌ی پیشه‌سازی خوازی، نه‌ته‌وه‌خوازی و ده‌وڵه‌ت په‌رستی له‌ سه‌ر بنه‌مای كه‌ڵه‌كه‌كردنی شێتانه‌ی سه‌رمایه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، لێكه‌وته‌كه‌ی ته‌نیا له‌ناوچوونی ژینگه‌ و كه‌وتنه‌مه‌ترسی جدی هه‌بوونی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكانه‌. ئه‌و ئاراسته‌ی پڕ مه‌ترسیه‌ی تاڵانكردنی ژینگه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر ئێستا ڕێگری لێنه‌كرێت و ڕێگه‌چاره‌یه‌كی بۆ نه‌بینرێته‌وه‌، سبه‌ی ڕۆژ زۆر درنگ ده‌بێت. هه‌ر بۆیه‌ سته‌می بێبه‌زه‌ییانه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌ و سه‌رمایه‌داری به‌رامبه‌ر ژینگه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان و له‌سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ر وڵاتێك ده‌بێته‌ هۆی گه‌رمبوونی بێ وێنه‌ی زه‌وی، له‌ناوچوونی دارستانه‌كان و ڕووه‌كه‌كان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی دۆخێكی هه‌رگیز نه‌بینراوی وێرانكه‌ر بووه‌ته‌وه‌.

زاگرۆسی نیشتمانیشمان له‌م دۆخه‌ پڕته‌نگه‌ژه‌ و قه‌یرانه‌ جیهانییه‌ به‌ده‌ر نییه‌. ره‌نگه‌ به‌ هۆی داگیركاری دوژمن و پلانه‌كانی بۆ تاڵانكردنی سه‌رچاوه‌كانی و له‌ناوبردنی ژینگه‌یی ناوازه‌ی زاگرۆس، ئه‌ركی هه‌ر تاكێكی كورد بۆ پاراستنی به‌رده‌وام له‌ ژینگه‌ قورستر بووه‌. هه‌بوونی ژینگه‌ی زاگرۆس هاوشێوه‌ی هه‌بوونی گه‌لی كورد كه‌وتووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و گیرۆده‌ی خراپترین سیاسه‌ته‌كان به‌ ئاراسته‌ی به‌ بیابان كردن بووه‌. لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ كه‌ پاراستنی ژینگه‌ی زاگرۆس له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان ڕه‌هه‌ندێكی تێكۆشانی ڕۆژانه‌ی وه‌رگرتوه‌ و هه‌بوونی ژیانیی ئه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ هه‌بوونی خاك و كۆمه‌ڵگاكه‌مان.

شه‌هیدبوونی شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی كه‌ له‌ پرۆسه‌ی پارێزگاری له‌ دارستانه‌كانی مه‌ریوان و له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی ئاگر و به‌ گومانی به‌هێز له‌ ئه‌نجامی پیلانگێڕی دوژمن گه‌یشتوونه‌ته‌ پله‌ی شه‌هیدبوون، ئه‌ركی مرۆیی و ئه‌خلاقی تاك به‌ تاكی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ژینگه‌مان به‌ بیرده‌هێنێته‌وه‌. ژینگه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی شوێنی به‌رجسته‌بوونی ژیان و به‌ زیندوویی مانه‌وه‌ی واتادار و جوان بۆ مرۆڤه‌كانه‌، بۆ شه‌هیدانێكی وه‌ك باجوه‌ره‌كان گرنگییه‌كی مرۆیی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و ئه‌وان به‌ ته‌واوه‌تی دركیان پێكرد و گیانیان له‌ پێناویدا به‌خشی.

وه‌ك كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان- كۆدار وێڕای به‌رزڕاگرتنی یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هید شه‌ریف باجوه‌ر و هه‌ڤاڵانی سه‌رجه‌م خه‌مخۆرانی ژینگه‌ به‌تایبه‌ت زاگرۆسی سه‌ركه‌ش بانگهێشت ده‌كه‌ین بۆ پارێزگاری ته‌واوه‌تی له‌و ژیاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێن و ماندبووبوونیان به‌ فیڕۆ نه‌چێت. چونكه‌ ئه‌ركی گه‌له‌كه‌مانه‌، كه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی، ئه‌خلاقی و سیاسی له‌م ئه‌ركه‌ گرنگه‌ بڕوانن و له‌پێناویدا گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌ته‌كانی تێكۆشان به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن.

یاد و بیره‌وه‌ری شه‌هیدانی سێی خه‌رمانان، شه‌هیدان ژینگه‌ به‌رز و به‌ڕێز بێت

كۆمه‌ڵگای دیموكراتیك و ئازادی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان – كۆدار

هـ . ب