کۆدار: هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک ئاماژەن بۆ لۆزانێکی نوێ

کۆدار وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بە چەکی قەدەغەکرا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا رایگەیاند، ئەو هێرشانە دەکەونە چوارچێوەی لۆزانێکی نوێ.

لە بانگەوازێکدا کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا، بە تایبەتی زاپ و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی بە توندی شەرمەزار کردووە و رایگەیاندووە، "ئەنجامدانی ئەو هێرشانە دوای کۆبوونەوەی ناتۆ دەرخەری پیلان و سیناریۆی نوێی دوژمنانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی لۆزانێکی نوێ".

کۆدار ئاماژەی بەوەشکردووە کە هاوکاری و بەشداری پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئاسانکاری بۆ ئەو رژێمە فاشیستە کردووە کە پلانەکانی بۆ کۆمەڵکوژی بەرەوپێش ببات.

لە بانگەوازەکەیدا کۆدار داوای لەگەلی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات کردووە لە دژی ئەو پیلانگێڕییە نوێ هەڵوێست بەهێز نیشان بدەن و لەو رووە رایگەیاندووە: "بە دڵنیاییەوە  هێرشە تازەکانی دەوڵەتی تورک بە هەڵوێستوەرگرتنی گیانبازانەی گەلەکەمان پوچەڵ دەکرێنەوە".

دەقی بانگەوازەکەی کۆدار بۆ شەرمەزارکردنی لەشکرکێشی و هێرشە نوێکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و بەکارهێنانی چەکی قەدەغە بەم جۆرەیە:

"بۆ رای گشتی

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەشکرکێشی بەربڵاوی ئەمدواییەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و بەتایبەتی زاپ و بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی لە دژی سەنگەرەکانی گەریلا بە توندی شەرمەزار دەکات. ئەنجامدانی ئەم هێرشە بەربڵاو و داگیرکەرییانە دوابەدوای کۆبوونەوەی ناتۆ دەرخەری سیناریۆی تازەی دوژمنانی گەلی کوردە لە چوارچێوەی لۆزانێکی نوێ و هاوکاری گەلەگڵ دەوڵەتی فاشیستی تورک و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی چوارپارچەی کوردستان.

رەوانەکردنی هێزەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و بەتایبەتی زاپ و دوابەدوای ئەوەی بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمی تاکتیکی کە بەرهەمی ناتۆیە لە دژی سەنگەرەکانی گەریلا لە نێوان رۆژانی ١١ و ١٣ی تەمووز، هەروەها هێرشەکان بە فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆ سەر رۆژئاوا و باشوور کوردستان دەیسەلمێنێت کە لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ناتۆ لە لیتڤانیا سیناریۆی لۆزانێکی نوێ  داڕێژراوە. دەوڵەتی تورک لەڕێگەی ئەم هێرشە بەربڵاو و دڕندانەیەوە لەهەوڵی ئەوەدایە هەژموونی جیهانی و ئەندامانی ناتۆ قایل بکات کە لە کۆمەڵکوژی دژ بە کورد هاوبەشی لەگەڵدا بکەن. دەوڵەتی تورک وەک دەوڵەتێکی بەکرێگیراوی هەژموونی جیهانی لە ناوچەکەدا ستراتیژی کۆمەڵکوژکردنی کوردی زیاتر لە هەمووکات بەرفراوان کردووە و بە چەندین سازش لە سەر پرسە ئابووری و داراییەکان و لە رێگەی سات و سەودای دیپلۆماتیکەوە مافەکانی گەلی کورد دەکاتە بابەتی مامەڵەی بازرگانی. هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و پاڵپشتی بارزانییەکان بۆ دەوڵەتی تورک پرۆسەی شەڕ و کۆمەڵکوژی بۆ فاشیزم ئاسانتر کردووە و گەلی کوردی کردووەتە ئامانجی هێرشە بێ بەزەییانەکان. لێنەپێچینەوە و حساب نەپرسینەوە لە دوژمن هەڵکشان و کارەساتبارتربوونی هێرشەکانی بەدواوەدەبێت.

گەلی قارەمانی کورد پێویستە ئەوە بزانێت کە قۆناغی تازەی هێرشەکانی سوپای تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغە و بێدەنگی کۆمەڵگەی جیهانی، هەبوونی گەلەکەمان و هەموو گەلانی چەوساوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر دەخاتە بەر مەترسییەوە. بە تایبەتی بەکارهێانی هەموو جۆرە چەکێکی ئەتۆمی تاکتیکی، کیمیایی، فسفۆڕی و ... کە لە لایەن هەژموونی جیهانییەوە مۆڵەتی بەکارهێنانی بە دەوڵەتی تورک دراوە، نەک هەر کۆمەڵگای مرۆیی، بەڵکوو ژینگەشی گەیاندووەتە لێواری لەناوچوون و ناوچەکە والێدەکات کە چیتر گونجاونەبێت بۆ ژیان. ئاساییکردنەوە بەکارهێنانی چەکی قەدەغە تاوانێکە کە هاوکات هەم ژینگە و هەم ژیانی مرۆڤەکان لەناو دەبات. هەربۆیە ئامادەبوونی هەموو کۆمەڵانی گەل لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان لە هەر چواربەشی کوردستان و ئەوروپا لە دژی فاشیزمی تورک و داگیرکەرانی کوردستان لە سەروبەندی کۆتایی سەد ساڵەی لۆزان، یەکجار گرنگە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گۆڕەپانەکانی گەریلا و بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی و هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو و هەروەها سەرکۆنەکردنی لەشکرکێشی نوێ بۆ سەر هەرێمی زاپ، ئەوە وەک مەترسی زیاتر تەشەنەسەندنی شەڕ لە کۆنسێپتێکی دیکە لە دژی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە دادەنێت. ئەم هێرشانە نەک هەر یەک پارچەی کوردستان بەڵکوو چوارپارچەکە و نەک هەر تەنیا گەلی کورد بەڵکوو هەموو گەلانی ناوچەکە رووبەڕووی مەترسی گەورە دەکاتەوە. شەڕانگێزییەکانی دەوڵەتی تورک لەمڕۆدا کە هەندێک ناوچەی کردووەتە ئامانج، ئەگەر رێگری لێنەکرێت، سبەی رۆژ ناوچەکانی دیکە و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەکاتە ئامانجی هێرشە دڕندانەکانی خۆی. هەربۆیە، وشیاری گەلەکەمان لەبەرامبەر سیناریۆکان و هێرشە کۆمەڵکوژکارییەکان وەک رابردوو لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی دوژمن، ئەرکێکی جەماوەری و گشتییە. یەکگرتوویی گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک وڵات و دەرەوە دەتوانێت پلانە چەپەڵەکانی دوژمن پوچەڵ بکاتەوە. دەوڵەتی تورک وەک بەکرێگیراوێکی نێودەوڵەتی سەرکێشیی فاشیزمی دژە کورد لە ناوچەکەی لە ئەستۆ گرتووە و لەم رۆژانەی دواییدا لە رێگەی بەرەوپێشبردنی دیپلۆماسی هەرێمی و نێونەتەوەیی و ئەنجامدانی هێرشی نوێی سوپا داگیرکەرەکەی، کۆنسێپت و قۆناغێکی نوێی لە پرۆسەی کۆمەڵکوژی دەستپێکردووە. هێزی گەورەی گەلەکەمان بە ئامادەبوونی لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دەتوانێت بە دەربڕینی پشتیوانی لە بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان سەرجەم دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە مەترسی لەناوچوون بپارێزێت و وەک رابردوو بۆ چەندەمین جار دەتوانێت لەبەرامبەر دوژمنی فاشیست سەرکەوتن مسۆگەر بکات. گەلەکەمان ئەو هێزەی تێدایە و لە گەنجانەوە بگرە تا ژنان و رۆشنبیران، رێکخراوەکان، حزبەکان و هەموو کۆمەڵانی خەڵک دەتوانن هەڵمەتی دیموکراتیک و کەمپینی بەربڵاو دەستپێبکەن و لە دژی فاشیزم لە هەر چوارپارچەی کوردستان خۆڕاگری بکەن. بە دڵنیاییەوە  هێرشە تازەکانی دەوڵەتی تورک بە هەڵوێستوەرگرتنی گیانبازانەی گەلەکەمان پوچەڵ دەکرێنەوە.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)

١٦-٧-٢٠٢٣

هـ . ب