کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، بەبونەی ٢٥ی نۆڤەمبەر (ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان) ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا دوای ئاماژەدان بە هێرشەکانی سەر ژنان بە درێژایی مێژوو و قوربانی بوونیان لەژیر سیاسەتی فاشیزم و ڕەگەزپەرێستی، هاتووە: بەهۆی نەبوونی کۆمەڵگایەک کە ژن و پیاو بتوانن ژیانێکی هاوبەش و پشتبەستوو بە ئەخلاق، ماف و بیری مرۆڤییان هەبێت، پێویستیمان بە ئەندێشەیەک لەسەر بنەمای یەکسانی ژن و پیاو هەیە، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ باسی ژیانی هاوبەش و ئازاد دەکات و بابەتی ژنولۆژی دەخاتە ڕوو، هەموو هەڵسوکەوت و کردەوەکانی هەڵکەوتوو لە زیهنییەتی پیاوسالار، ژیانی کردووەتە گۆڕستانی ژنان و لەگەڵ نکۆڵیکردن لە ژن، نکۆڵی لە مرۆڤایەتی، عەقڵ، ئەخلاق و دادپەروەری دەکات، پێویستە کۆمەڵگا هەر چەشنە کردەوەیەک کە لەگەڵ کەرامەتی مرۆڤیی و ئازادیی ژن و پیاو ڕێکنایەت، ڕەتبکاتەوە.
هەروەها هاتووە: لەم قۆناغەی مێژوودا، کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە سەرتاسەری جیهان و بەتایبەتیش لە ئێران و کوردستان بەرزبووەتەوە و لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەم وێنە بووە، وەک کۆدار باوەڕمان وایە کە پێویستە هەموو کۆمەڵگا بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان سەفەربەر ببێت، لەم ڕێگەیەدا پیاوانیش پێویستە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆڤیی خۆیان پێکبێنن، ژن و پیاو پێویستە بگەن بەو تێگەیشتنە کۆمەڵایەتییە کە تا ژنان لەژێر چنگی هەڵاواردن، فشار و توندوتیژی ڕزگار نەبن، کۆمەڵگا لە ڕێگەی تێکچوون و داڕووخان ناگەڕێتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کۆدار هاتووە: لەسەر ئەم بنەمایەدا، بەبونەی ٢٥ی نۆڤەمبەرەوە، پشتیوانی لە هەڵمەتێک دەکەین کە کەژار لەژێر ناوی “لەبەرامبەر قڕکردنی ژنان، کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە”، ڕایگەیاندووە، باوەڕمان وایە کە بەشداریی هەموو پیاوان و ژنانی ئازادیخواز لەم هەڵمەتەدا ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقییە، بەرامبەر ڕۆحی هەموو تێکۆشەران بە تایبەتی خۆشکانی میرابل کە لەم ڕۆژەدا گیانیان بەختکرد و بوونە هێمای تێکۆشان بۆ ئازادی و یەکسانی، سوێندمان دووبارە دەکەینەوە کە زیاتر لە ڕابردوو، شێوازی تێکۆشانمان بەرامبەر زیهنییەتی ڕەگەزپەرێستی پیاوسالار قووڵ بکەینەوە و پەرەی پێبدەین.
ف.ق