خاک دەیزانی، گەریلا لە کوێ پێی دابنایە لەوێ گوڵ دەڕوا*

ئەو خاکەی، کە بووەتە پەناگە بۆ هەموو جۆرە زیندەوەرێک و بووەتە ئۆگریان، ئەوە دەزانێت لە شوێنێک گەریلا پێی دانابێت گوڵ دەڕوێت.

ئێمە ڕۆژەهای رۆژە ڕێدەکەین. ئەگەر پرسیار بکرێت ئەو شتەى لە ناو گەریلادا کۆتایی پێ نایەت چییە؟ یەکەم وەڵامم ئەوەیە، باوەڕی گەریلایە بە شۆڕش، پاشان ڕێپێوان و رێکردنی گەریلایە، ڕێپێوان بۆ گەریلا چیتر تەنها ئەرکێکی ناچاری نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا  ڕێگای ژیانە. من چەندین گەریلام ناسی لە دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە شوێنێکدا دەیانوت، 'هەڤاڵ قاچم دێشێت، دەزانم دەرمانەکەی رێپێوانە'. ئێمە لە دوای گروپێکی گەریلای لەم شێوەیە دا رێدەکەین.

ئێمە لە شوێنێکی دا پشوویەکی کورتمان دا. هەرچەندە ماوەی ١٠ و ٢٠ و ٣٠ ساڵە لەم شاخانەدا شەڕ دەکەن، بەڵام هەموو ڕۆژێک بۆ ئەوان سەرەتایەکی تازەیە، سەرکەوتن بە باوەڕ و بڕوا و ئومێدێکی نوێیە. ئەوان مرۆڤی شۆڕشگێڕ و جەنگاوەری زانا و هۆشیارن بەوەی، کە دەزانن ژیان لای ئەوانە.

دوای ئەوەی لە شوێنی حەوانەوەیان کاری بەرفراوان ئەنجامدرا، لە چاودێری و هێرش بە هەلیکۆپتەری کۆبرا تێدەگەین، کە ئۆپەراسیۆن لە ناوچەکە دەستی پێکردووە. ئەو شوێنەی، کە کۆبراکان هێرشی دەکەنە سەر ئاگرکەوتووەتەوە. ئەو شوێنانەشی ئاگر نەگرن بە تۆپی ئاگرین، یان باڵۆنی ئاگر دەیسووتێنن و ئاگری تێبەردەدەن. خاکی بۆتان، کە لە دژی داگیرکاری وەستاوەتەە ئێستا  هەموو شوێنێک دەسوتێت. خاک دەسوتێت، دارەکان دەسوتێنرێن، ئاژەڵەکان دەسوتێنرێن، کەشەکە بووە بە ژێر دوکەڵەوە. ئەگەر چیاکانی کوردستان زمانیان هەبوایە، ئاخۆ چییان لەسەر ئەم دڕندەییەی دەوڵەتی تورک دەوت؟ ئەگەر خاک زمانی هەبوایە، وەک دایکانی کوردستان نەفرەتی لە تیرۆری دەوڵەتی تورک دەکرد و دەیوت، ئەم دەوڵەتەی ناوێت.

دوو ڕۆژ بە هۆی ئۆپەراسیۆنەوە نەمانتوانیوە ڕێبکەین. لە ڕێگادا گۆمی بچووکی ئاو، کە دوو رۆژە ئەڕۆین بۆ ئەوێ و دێینەوە، شتێکم بەرچاو کەوت. لە ڕاستی دا ئەوەی سەرنجی منی بۆ خۆی ڕاکێشا، ڕێپێوانی گەریلا ژنەکان بوو. هەستم بە گوڵێک کرد، کە لەبەردەم قاچی دا لەم وەرزەی پایزەدا ڕواوە، کە هەموو گیاکان زەرد بوون، دوو ڕۆژ لەمەوپێش بەو گوڵەم زانی. وەک وتم، هۆکاری ئەوەی کە ئەو گوڵە ببینیم، رێپێوان و ڕێکردنی گەریلا ژنەکان بوو.

سروشتی خاک وەک سروشتی مرۆڤ نییە کە کەوتبێتە ژێر حوکمی یاساوە. ئەو بۆ خۆی بڕیار دەدات لە کوێ، کەی، چۆن و لەگەڵ کێ ماتەمینی بکات. ئەو سروشتە، کە دەخوازرێت لەلایەن مرۆڤەوە بگۆڕدرێت، هەمیشە مەیدانی بەرگری و بەرخودان بووە. ئەو وەک دایکێک بۆ بەرخۆدان باوەشی بۆ هەموو زیندەوەران دەکاتەوە، یان وەک خۆبەدەستەوەدان هەموو شتە زیندووەکانی لەگەڵ خۆی لەناودەبات.

ئێمە وتمان، سروشتی خۆی بەرخۆدانە. خاکی کوردستانە کە ئەم بەرخۆدانەی بە گەلەکانی خۆی بەخشیوە، بە شێوەی جۆراوجۆر  خاوەنداری و پشتیوانی لە بەرەنگاران و داکۆکیکارانی بەرخۆدان و بەرەنگاری دەکات و لە ئامێزی خۆیدا دەیانحەوێنێتەوە. یەکێک لە قەڵاکانی ئەم بەرخۆدانە خاکی بۆتانە. خاکی بۆتان لەگەڵ دڕندەیی دەوڵەتی تورک، لەگەڵ تاڵانی و وێرانکاریی خۆی نوێدەکاتەوە. لە سروشتە تازە و نوێبووەکەیدا، لەسەر ڕێگای ڕۆیشتنی گەریلاکاندا گوڵ دەڕوێنێت. خاک بۆ خۆی دەزانێت کە گوڵەکان بۆ کێ بچێنێت و بڕوێنێت.

* یەکێک لە نووسینەکانی ژیان ئامارگی پێش شەهیدبوونی.

ژ.ت