خالید قادر: گەریلا لە دژی داگیرکاری شەڕ دەکات و دەبێت کۆمەڵگاش تێکۆشان بکات

خالید قادر ئەندامی گۆنگرەەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) دەڵێت: گەریلا بە ڕووحێکی فیداییانە لە دژی داگیرکاری تورکیا شەڕ دەکات، بەڵام ئەوە تەنها بەس نییە دەبێت کۆمەڵگاش لە نێو  تێکۆشاندا بێت.

 

ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) خالید قادر لەسەر هێرشی ئەمدوایەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا  بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و جەختی لەوەکردوە، کە تورکیا دووژمنی پلە یەکی کوردە و کار لەسەر ئەوە دەکات هەموو قەوارەیەکی گەلی کورد لە ناو ببات. ڕەتیشی کردەوە، کە تورکیا دووژمنی تەنها پارتێکی سیاسیی کورد بێت، بەڵکوو دووژمنی هەموو کوردە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوە ئەندامەی کەنەکە نرخاندی گرنگی کرد و مەترسیی هێرشەکانی ئەو دەوڵەتەی خستەڕوو و وتی: هێرشی داگیرکاری تورکیا ئەمجارە پێیناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، ڕاستە ئەو هێرشانە درێژکراوەی هێرشی دەیان ساڵەی دەوڵەتی تورکیایە بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد و دەسکەوتەکانی، بەڵام ئەم قۆناغەدا یەکجار مەترسیدارە، چونکە دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بنکەی سەربازی داگیرکاری لە شوێنە ستراتیژەکانی کوردستان دروستبکات کە دەکەونە نێوان ڕیاڵەی پارچەکانی کوردستان، هەوڵ دەدات تێکۆشانی گەلەکەمان بکاتە ژێر پرۆسسی داگیرکاریی خۆیەوە، بۆیە دەبێت گەل درک بەو ڕاستییە بکات و لە هەوڵە داگیرکارییەکانی تورکیا چاو کراوەبێت.

هەروەها وتیشی: ڕاستە لە ئێستادا گەریلا لە دژی داگیرکاری شەڕ دەکات و پلانەکانی داگیرکاری تێک دەشکێنێت، بە دڵنیایشەوە سەرکەوتن بۆ ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلی کورد و گەریلایە، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا پێوستە خەبات پێشبکەوێت لە ئاستی کۆمەڵگا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسییەکان و درک بە مەترسیەکانی داگیرکاری تورکیا بکرێت.

"دەبێت کۆمەڵگا لە ئاستی داگیرکاری تورکیا وشیار بکرێتەوە"

ئەندامەکەی کەنەکە جەختی لەوەشکردەوە، کە دەبێت کار لەسەر ئەوە بکرێت هۆشیارییەک لەسەر داگیرکاریی تورکیا  لە ناو کۆمەڵگا دروست بکرێت و هێڵی بەرنگاری لە ناو کۆمەڵگا لە دژی داگیرکاری تورکیا دروست ببێت و تێکۆشان تەنها  گەریلا نەیکات، بەڵکو دەبێت گەلیش بەشداری تێدا بکات  ڕای گشتی دروست بێت بگوتریت نا بۆ داگیرکاری، چونکە گومان لەوە دەکرێت ئەو داگیرکارییە هەوڵێک بێت بۆ ئەوەی هەموو شکۆی کورد و قەوارەی گەلی کورد لە ناو ببات.

ئەندامەکەی کەنەکە تیشکی خستە سەر پلانێکی تری مەترسیداری تورکیا و ئاماژەی بەوەدا: دەوڵەتی تورک وێڕای ئۆپراسیۆنەکانی کار لەسەر ئەوە دەکات نێو ماڵی کورد تێک بدات، تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوو کاری لەسەر ئەوە دەکرد، کە درزی نێوان پارتە سیاسییەکان بگەێنێتە شەڕی نێوخۆیان، خۆشبەختانە لە ماوەی ڕابردوودا و بە هەوڵی تێکۆشانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) پێش لەوە گیرا و ئەو پلانەی تورکیا تێکدرا.

"چارەسەر نزیکووبەنەوەی  پارتە سیاسیەکانە لە یەکتری"

دەربارەی ئەوە لێدوانانە، کە ئاماژە بەوە دەکەن دەوڵەتی تورکیا تەنها دووژمنی پەکەکەیە و دووژمنی گەلی کورد نییە ئەو ئەندامەی کەنەکە بە گرنگییەوە باسی ئەو خاڵەی کرد و وتی: هەموو ئەو لێدوانانەش گوزارشت نییە لە ڕای خەڵک، بەڵکو ڕای گشتی و خەڵک بە شەقامدا دیارە، کە خەڵکی ئێمە ئیرادە و دەنگ و ڕەنگی لە دژی داگیرکاری دیارە، بەڵام بە داخەوە بەشیک لە پارتی سیاسییەکان لە ئاستی قۆناغەکەی ئێستادا نین، کە قۆناغی ئێستا وا دەخوازێت پارت و لایەنە سیاسییەکانی ئێمە  هەڵوێستی ڕاشکاویان هەبێت، لەبەر ئەوەی هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک تەنها دژی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو پیلانگێڕیی دەوڵەتی تورک  ستراتیژییە بۆ داگیرکردنی تەواوی خاکی کوردستان، دەوڵەتی تورک دووژمنی پلە یەکی گەلی کوردە، پێموایە تاکە چارەسەری لە ئێستادا لێک نزیکبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسیەکانە لەسەر هێڵی نیشتمانی و نەتەوەی و دەبێت جیاوازییەکان وەلا بنرێت و هەموو پارتە سیاسییەکان لە ئاستی ئەو قۆناغە مەترسیدارەدا بن.

"داگیرکارییەکان تەنها سەربازی نین بەڵکو کلتور زمانیشی گرتۆتەوە"

لە کۆتای قسەکانیدا خالید قادر جەختی لەوە دکردەوە، کە هەر هەوڵێک بۆ ئەوەی داگیرکاری تورکیا تەنها  وەک دژی پارتێکی سیاسی کوردی وێنا بکرێت دەچێتە خزمەتی داگیرکاری تورکیاوە، چونکە تورکیا دووژمنی هەموو کوردە، بۆیە دەبێت لە ئاستی لێدوانەکانمان وشیار بین، چونکە کەم لوتکەی چیا هەیە، کە دەوڵەتی تورکیا بنکەی داگیرکاریی لێ دروست نەکردبێت، تورکیای داگیرکەر تەنها لە بواری سەربازی کار ناکات، بەڵکو لەڕووی کلتوری و لە ڕووی زمانەوە کار لەسەر داگیرکردنی کوردستان دەکات، تەنها بژاردە لە ئێستادا بەرامبەر بە تورکیا بەرخودانە پێچەوانەکەشی خزمەتکردنە بە پرۆسیسی داگیرکاری چونکە قۆناغەکە مەترسیدارە، لەم هێرشەی ئەمدوایەی تورکیا بۆ سەر زاپ، ئاڤاشین و مەتینا  دەوڵەتی تورک لە ڕووی وەزارەتی بەرگرییەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە دیانەوێت بنکەی سەربازی لەو ناوچەیە دروست بکەن، دەوڵەتی تورک بنکەی سەربازی لە کوێ دروستبکات ناکشێتەوە، بەڵکو داگیریدەکات، بە ئاشکرا بە پێی میساقی میللیی خۆیان کوردستان بە خاکی خۆیان دەزان لە ستراتیژی داگیرکاریاندایە.

ژ.ت