خۆبەڕێوبەریی رۆژئاوا داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات چارەنووسی ئەندامانی ڕوونبکاتەوە
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی خۆبەڕێوبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە چارەنووسی نوێنەران و ئەندامانی پەیەدە ڕوونبکاتەوە.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی خۆبەڕێوبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، داوای لە حکومەتی هەرێم کرد کە چارەنووسی نوێنەران و ئەندامانی پەیەدە ڕوونبکاتەوە.
ڕۆژی ١٠ی ئەم مانگە هێزەکانی پەدەکە، مستەفا عوسمان نوێنەری پەیوەندییەکانی پەیەدە لە هەولێر، جیهاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوبەریی دیموکراتیی لە هەولێر و مستەفا عەزیز ئەندامی پەیەدە لە هەولێر-یان، لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە ڕفاند، کە تا ئێستاش چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان دیار نییە، لەسەر ئەو بابەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە ئاماژەدان بە ڕفاندنی ئەو کەسانە و نادیاربوونی چارەنووسیان هاتووە: ئەم هەڵسوکەوتە، دەرەوەی بەها و پێوانە دیپلۆماتییەکانە، هەروەها دەرەوەی بەها نیشتمانییەکان و تێکۆشانی هاوبەش بۆ پرسی کوردە.
لە بەردەوامییدا هاتووە: وەک فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوبەریی، ڕامانگەیاند، کە لایەنی ئەمنیی و حکومەتی هەرێم بەرپرسن لە چارەنووسی ئەو کەسانە، ڕاشیدەگەیەنین کە نیگەرانین لە مەترسیی سەر چارەنووسیان، چونکە شوێنێ ڕاگرتنیان تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە، هەروەها هیچ وەڵامێکی فەرمیی لەسەر هۆکاریی یاسایی بۆ گرتنیان بە ئێمە ڕانەگەیەندراوە.
لە کۆتاییشدا هاتووە: داوا لە لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنە نێونەتەوەییە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هاوکارییمان بکەن و فشار بخەنە سەر پەدەکە و حکومەتی هەرێم تا شوێنی ڕاگرتنی ئەو کەسانە ئاشکرا بکرێت و دەرفەت بە خانەوادەکانیان بدرێت سەردانیان بکەن و لە دۆخیان ئاگادار ببنەوە، هەروەها ئەو کەسانە سەربەست بکرێن چونکە هیچ هۆکارێکی یاسایی بۆ گرتنیان نییە، جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە کە لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسن لە ژیان و چارەنووسی ئەو کەسانە.
ف.ق