ئەمڕۆ شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی شەنگال و پارتی ئازادی و دیموکراسیی ئێزدیی-پادێ لە نوێنەرایەتیی سلێمانی پادێ پێشوازییان لە شاندێکی یەکێتی بێس نەهرەینی نیشتمانیی کرد، کە پارتێکی سریانی و کلد و ئاشوورییەکانی دەشتی موسڵن.
یوسف یەعقوب، سەرۆکی یەکێتی بێس نەهرەینی نیشتمانیی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: لەگەڵ پادێ جەختمان لەسەر کاری هاوبەش کردەوە لەپێناو بەدەستهێنانی مافی هەموو پێکهاتەکان
جەختیشیکردەوە: هەر بڕیارێک لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠دا بدرێت ئەگەر ڕەزامەندیی پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەی لەسەر نەبێت قبوڵ ناکرێت، ئێمە لەگەڵ مافەکانی ئێزدییەکان و هەموو پێکهاتەکانین، پێویستە مافەکانیان بۆ دابین بکرێت.
هاوکت فیکرەت دیگرە، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لە ئەوروپا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەشێکی گفتوگۆکانمان تایبەتبوون بە بڕیاری ساڵی ٢٠١٦ی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا تایبەت بە دروستکردنی ئیدارەی خۆسەر بۆ ئێزدییەکان و سریانی و کلد و ئاشوورییەکانی دەشتی موسڵ، ئەمڕۆ نەخشەڕێیەکمان دیارییکرد و لە داهاتوودا بە فراوانی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
وتیشی: ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا بێڕێزییە بە ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە، بڕیارێکی یاسایی نییە، لەگەڵ شاندەکەشدا بڕیارمانداوە کاری هاوبەش بکەن لەپێناو شکستهێنانی ئەو ڕێککەوتنە.
ف.ق