خەڵکی مەخمور دژی هێرشەکەی دەوڵەتی تورک ڕێپێوانیان کرد

خەڵکی کەمپی پەنابەرانی مەخمور دژی هێرشەکەی ئەمڕۆی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کەمپەکە، ڕێپێوانی جەماوەرییان ئەنجامدا.

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کاتژمێر ١٧:٠٠ ماڵێکی لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخمور) بۆردوومان کرد، خەڵکی مەخمور بۆ شەرمەزار کردنی هێرشەکە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "بمرێ خیانەت" و "بژی بەرخۆدانی مەخمور" بەرزکرایەوە، دواتر لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی مەخمور، فیلیز بوداک ڕاگەیاندراوێک خوێنرایەوە.

"دەستبەسەرداری بەرخۆدان نابین"

فیلیز بوداک هێرشەکەی دەوڵەتی تورکی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند ئامانج لە هێرشەکە چاوترساندنی خەڵکی کەمپەکەیە، گوتی: "هەزاران پاساو دەهێننەوە. گوتیان "هەپەگە لێرەیە" لە ساڵی ٢٠٢٣ بەشێوەیەکی فەرمی کشایەوە. حکومەتی عێراق و تورکیا ئەمە دەزانن. ئامانجەکە خەڵکی مەخمورە کە ٣٠ ساڵە بەرامبەر فێڵ و تەڵەکەکانیان چۆکی دانەداوە و بەرخۆدانیان کردووە، ئەمەش بۆتە داخی دڵیان. هەرچی بکەن، گەل بۆ ساتێک دەست لە بەرخۆدان هەڵناگرێت. دەیان کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە، ئێرە خاکی ئێوەیە، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر خاکەکەتان، بەڵام وەک دەوڵەت و حکومەت ناڕەزایەتی جدی بەرامبەر دوژمنە دڕندەیە پیشان نەدراوە".

ناڕەزایەتی پیشاندرا دژی بێدەنگی حکومەتی عێراق

بوداک ڕایگەیاند لەکاتی سەردانی شاندێک حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان هێرش کراوە، گوتی: "کوا دەسەڵاتی عێراق، کوا یەکپارچەیی عێراق؟ بۆچی کاتێک فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لەسەر کەرکوک فڕی لەبەر بەرژەوەندیی نەوت و سیاسیی، خرایە خوارەوە. بۆچی ئەم لە ٢٠١٧ ـەوە ئەم کەمپەی ١٢ هەزار مرۆڤی تێدا دەژی، ڕۆژانە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و بۆردوومانکەر بەسەریدا دەسووڕێنەوە؟ دەیان جار کەمپەکە بۆردوومان کراوە. دەیان شەهید و بریندار هەبوون. بەڵام حکومەتی عێراق ناڕەزایەتی نیشان نەداوە و فڕۆکەیەکیان نەخستە خوارێ. چونکە ڕێککەوتنێکی قێزەون لەنێوان چوار دەوڵەتی هاوپەیمانی لۆزان لەسەر گەلی کورد هەیە، ئەمڕۆش مەخمور یەکەمین ئامانجی ئەو دەوڵەتانەیە. وەک خەڵکی مەخمور، هەڵوێستمان بەرامبەر خیانەتکارانی وەک ماڵی بارزانی ڕوونە. بانگەواز دەکەین بۆ تێکۆشانێکی ناوەندی دژی ئەو هێرشانەی لە سلێمانی و ڕۆژئاوا و مەخمور ڕوودەدەن".

ڕێپێوانەکە بە درووشـمی "بژی بەرخۆدانی مەخمور" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بمرێ خیانەت" کۆتایی هات.