خەڵکی شەنگال: پێویستە حکومەتی عێراق نەکەوێتە نێو داوی ئەردۆگانەوە!
بە پێشەنگایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، گەل دژی سەردانی ئەردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر ڕێپێوانیان کرد و گوتیان، پێویستە حکومەتی عێراق نەکەوێتە نێو داوی ئەردۆگانەوە!
بە پێشەنگایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگال، گەل دژی سەردانی ئەردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر ڕێپێوانیان کرد و گوتیان، پێویستە حکومەتی عێراق نەکەوێتە نێو داوی ئەردۆگانەوە!
ئەمڕۆ دژی سەردانی ئەردۆگان بۆ بەغدا و هەولێر و پەیامەکانی دژی گەلی کورد و ئێزدی و گەلانی عێراق، ڕێپێوانێکی جەماوەری لە شەنگال بەڕێوەچوو.
گەلی عەرەب و ئێزدی و کورمانجی شەنگال لە ڕێپێوانەکەدا بەشداربوون.
لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی شەهیدان بەرزکرایەوە و بە پۆستەرێک هاوکاری پەدەکە بۆ داگیرکەران شەرمەزارکرا، بۆ شەرمەزارکردنی هاوکاری داگیرکەران، کاریکاتۆری ئەردۆگان-مەسعود بارزانی لەلایەن گەنجانەوە بەرزکرایەوە، هەروەها وێنەی شەهیدان و درووشمی "بژی بەرخۆدانی گەریلا" و "بژی ڕێبەر ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" و "فاشیست ئەردۆگان" بەرزکرایەوە.
کاریکاتۆری ئەردۆگان-بارزانی سوتێنرا
ژنانی ئێزدی بە پێشەنگایەتی تاژێ بە بەهێزی ڕیزی پێشەوەی ڕێپێوانەکەیان گرت. گەنجان دژی هاوکاری بارزانی و ئەردۆگان، کاریکاتۆری ئەردۆگان و بارزانیان سوتاند.
جەماوەر لە نزیک بینای ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق ڕاگەیاندراوێکیان بە زمانی عەرەبی خوێندەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەردانی ئەردۆگان و پلانی داگیرکاری و هاوکاری بارزانییەکان شەرمەزارکران و هۆشداری گرنگ درایە حکومەتی سودانی.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا فەرمانی ٣ ی ئابی داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان بە هاوکاری پەدەکە کراوە، پەدەکە شەنگالی ڕادەستی چەتەکانی داعش کرد، لە ئەنجامدا دەیان هەزار کەس بەدیلگیران و کوژران و کۆچبەرکران، بەڵام شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە و گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار فریای ئێزیدخان کەوتن.
"پەدەکە ئێزدییەکانی بێ چەک هێشتەوە"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکرایەوە، داعش ئامرازێک بووە بۆ پلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی تورک و پەدەکە دژی شەنگال و جڤاکی ئێزدی.
هەروەها دووپاتکرایەوە، ئەردۆگان خۆی وەک دوا پاشای عوسمانی دەبینێت و چاوی بڕیوەتە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین، چاوی لە سنوورەکانی میساقی میللییە، بۆیە بێ ترس دێتە عێراق و هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و کەرکوک و موسڵ و شەنگال، ژمارەیەکی زۆر لە گەلانی ئێزدی و سوریانی و عەرەب و کورد بوونەتە قوربانی هێرشی دەوڵەتی تورک.
"ئەرێ کردن بۆ ئەردۆگان، ڕێگە بۆ فەرمانی نوێ دەکاتەوە"
لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە ئامانجی سەردانەکەی ئەردۆگان زیادکردنی کۆمەڵکوژی و فراوانکردنی داگیرکارییە لە عێراق، دەڵێت: "قبووڵکردنی ئەردۆگان واتە قبووڵکردنی کۆمەڵکوژی. ڕێککەوتن لەگەڵ ئەردۆگان، قبووڵکردنی داگیرکردنی عێراقە. زەمینەخۆشکردنە بۆ فەرمانێکی دیکە لە شەنگال".
لەکۆتاییدا بانگەواز لە حکومەتی سودانی و دەوڵەتی عێراق دەکرێت پیلانی ئەردۆگانی فاشیست و پەدەکەی خزمەتکاری ئەردۆگان، ڕەت بکاتەوە و ئیرادەی گەلی شەنگال قبووڵ بکات، دەڵێت: " چارەسەر لای ئەردۆگان نییە. باوەڕی ئێمە بە نەتەوەی دیموکراتیکە. بڕوامان وایە حکومەت بە سەرکردایەتی بەڕێز سودانی ئەمە دەبینێت و بەو پێیە مامەڵە دەکات".
ڕێپێوانەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "بمرێ خیانەت" و "بژی بەرخۆدانی شەنگال" کۆتایی هات.