خەڵکی شەنگال ئامادەیە پێشوازی لە سودانی بکات'

خەڵکی شەنگال لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند کە ئەوان ئامادەن پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیری عێراق بکەن.

ئەبو سەقیر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی عەرەب و خوەدێدا ئیلیاس هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و بە زمانی و کوردی و عەرەبی قسەیان کرد و رایاگەیاند ئامادەن پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی بکەن. هەروەها رایانگەیاند کە هەموو کێشەکانی شەنگال دەگەیەننە سودانی.

لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بەوەکرد، " هەموو پێکهاتەکانی شەنگال کە لە ئێزدی، عەرەب، شەبەک و شیعە پێک دێت ئەمڕۆ بۆ پێشوازیکردنی محەمەد شیاع سودانی کۆبوونەتەوە. لەبەرئەوەی ئەم سەردانە، سەردانێکی مێژووییە. خەڵکی شەنگال خاوەن ئەم مافەیە کە سەرۆکوەزیر سەردانی بکات کە رووبەرووی کۆمەڵکوژی بووەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریەکان، بە سەرۆکوەزیری عێراق وترانەوە کە لە شەنگال خۆپیشاندان لەدژی ئەو ئەنجامدراوە، هەروەها چالاکی سەربازی هەیە. ئەم قسانە دوورن لە راستیەوە، ئەم کۆبوونەوەیەی ئێمە بۆ پێشوازیکردنی لە سەرۆکوەزیر محەمەد شیاع سودانی."

چاوەڕێ دەکرا محەمەد شیاع سودانی سەردانی شەنگال بکات و لەگەڵ بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال و پێکهاتەکان کۆبونەوەی بکرادایە، بەڵام سەردانەکەی هەڵوەشێنرایەوە.

ف.ق