خێرەدین یڵماز زیندانی سیاسی لە زیندانی دەوڵەتی تورکدا گیانی لەدەستدا

زیندانییەکی سیاسی کە لە زینداندا تووشی نەخۆشی بووبوو و چارەسەر نەدەکرا، لە زیندانی پیتی T ژمارە ١ی ئەفیۆنکاراحساری دەوڵەتی تورک گیانی لەدەستدا.

بەیانی ئەمڕۆ کاربەدەستانی زیندانی پیتی T ژمارە ١ی ئەفیۆنکاراحساری دەوڵەتی تورک، خانەوادەی ‘خێرەدین یڵماز’ی تەمەن ٦٥ ساڵیان ئاگادار کردووەتەوە کە لەو زیندانەدا گیانی لەدەستداوە.

خانەوادەی یڵماز دوای ئاگاداربوونەوە، بەرەو زیندانەکە بەڕێکەوتوون تا تەرمی ‘خێرەدین یڵماز’ وەرگرن، بۆ ئەوەی لە سێرت ئەسپەردەی خاکی بکەن.

جێگای ئاماژەیە، خێرەدین یڵماز تووشی شێرپەنجە و چەند نەخۆشییەکی دیکە بووە، بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بە بیانوی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەیەکی درێژ ڕێگەیان نەداوە ئەم زیندانییە سیاسییە چارەسەری وەرگرێت، هەروەها ڕێگەی سەربەستکردن لەژێر چاودێریشی پێنەدراوە.

ف.ق