کەجەکە: بەشداربوون لە هەڵمەتی ئازادی، واتادارترین وەڵامە بەرامبەر بە پیلانگێڕی

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بە بۆنەی ساڵیادی ٢٥ەمینی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە دژی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە واتادارترین وەڵام بە پیلانگێڕییەکە، بریتیە لە بەشداربوون لە هەڵمەتی ئازادی.

هاوسەرۆکایەتی کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرنجی راکێشا بۆ سەر هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرا، دەستنیشانی کرد کە ئەو هەڵمەتە دەتوانێت بە تەواوەتی پیلانگێری بێ ئەنجام بکات. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "بەو بڕوایەوە ئێمە جارێکی دیکە داوا لە هەمووان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەهێز بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیدا بکەن. واتادارترین وەڵام بۆ پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و هێزە پیلانگێڕەکان بریتیە لەوە بە شێویەەکی بەهێز بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیدا بکەن. ئێمە لە باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و لە هەموو شوێنێکی جیهان بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیدا دەکەین، پیلانگێڕی تێکدەشکێنین و ژیانی ئازاد دەخوڵقێنین".

راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە؛

"٢٥ساڵ بە سەر پیلانگێڕی بە دیلگیرانی رێبەر ئاپۆ تێپەڕبووە، کە بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی زیندانی کرا. لە ساڵیادی ٢٥ەمینی پیلانگێریی نێونەتەوەییدا ئێمە جارێکی دیکە پیلانگێریەکە و هێزەکانی بەشدار لە پیلانگێرییەکە بە توندی شەرمەزار دەکەین.

ئێمە بەڵێنی سەرکەوتن کە بە شەهیدانمان داوە، دووپات دەکەینەوە

گەلی کورد ٢٥ ساڵە لە دژی پیلانگێری لە ناو تێکۆشانێکی بێ پسانەوەدایە. تێکۆشان لە دژی پیلانگێری و یەکگرتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ لە کوردستان گۆڕدراوە بۆ تێکۆشانی خاوەنداری لە ئازادی. گۆڕدراوە بۆ زمان، ناسنامە، ئیرادە و ژیانی گەلی کورد. لە رێگەی پیلانگێریی نێونەتەوەییەوە ئامانجەکە ئەوەبوو کە گەلی کورد دەستبەرداری تێکۆشانی ئازادی بێت، بەڵام گەلی کورد لە دژی پیلانگێری تێکۆشانی ئازادی گەورەکرد و رۆژ بە رۆژ زیاتر لە ئازادییەوە نزیک بووەتەوە. ئەو تێکۆشانە بە دروشمی 'ئێوە ناوتانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن' دەستیپێکرد و ئەمرۆ بووەتە گەردوونی. لە ئەنجامی قۆناغی ٢٥ ساڵەدا، هەرچەندە هێزە پیلانگێڕەکان درێژە بە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی دەدەن و پێداگری لەسەر هەڵوێستی خۆیان دەکەن، بەڵام پیلانگێری و پیلانگێڕان ریسوابوون، لاوازبوون و شکستیان هێناوە. تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیش گەورە بووە، بووەتە گەردونی و بووەتە دەربڕینی ژیانی ئازاد. لە کەسایەتی شەهیدانی نەمرمان خالید ئۆڕاڵ، ئاینور ئارتان و سەلامەت مەنتاشدا کە لە یەکەم رۆژەوە هەستیان بە پیلانگێری کرد و بە دەوری رێبەر ئاپۆوە بازنەیەک لە ئاگریان دروست کرد، ئێمە سەرجەم چالاکوانانی ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن و لە کەسایەتی ئەواندا هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی بە رێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە، لەبەردەم یادی ئەوان بەژنی خۆمان بە رێزەوە دادەنەوێنین. ئێمە بەڵێنی دڵسۆزی، تێکۆشان و سەرکەوتن کە بە شەهیدانمان داوە، جارێکی دیکە دووبارە دەکەینەوە.

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ناکۆکی و شەڕ لە نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا قووڵبووەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا تێکۆشان لە دژی پیلانگێری بە جیهانی بووە. لە قۆناغێکی بەم جۆرەدا تێگەیشتن لە پیلانگێری و راستی مێژوویی لە هەموو کات گرنگترە. ئەو هێزەی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی ئەنجامدا، ئەمریکایە. ئەمریکا بۆ ئەوەی سەرلەنوێ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیزاین بکات، دەیویست ئەوانەی وەک بەربەستیان دادەنێت، لەبەردەمیان نەهێڵێت. لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە رێبەر ئاپۆ و پەکەکە هەبوون. لەبەر ئەوەی لە نەخشەی سیاسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگە بۆ کوردان نەبوو. لە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەبوونی کوردان ئەنجامێک بوو کە لەلایەن سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە ئافرێنرا. ئەمە یەکەم رێسای یاریەکەبوو. ئەمریکاش وەک سەرکێش و سەردەستەی سیستمی سەرمایەداری شێواز و فۆرمێکی نوێی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدا، بە گوێرەی یاسای ناوبراو جوڵایەوە و لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا هەبوونی کوردەکانی کردە ئامانج.

پیلانگێڕی لەلایەن ناتۆوە هەماهەنگی و رێکخستنی بۆکرا

دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کاتێک رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دیزاین کرا، شوێن بۆ کوردەکان دانەنرا. لە کۆبوونەوەی ١٩٢٠ی قاهیرەدا، بڕیاردرا بە نکۆڵیکردن لە کورد و چارەسەرنەکردی پرسی کورد و کوردستان بەسەر چوار پارچەدا دابەش کرا. دەوڵەت نەتوەکانی تورکیا، عێراق، سوریا و ئێران لەسەر نکۆڵی و سڕینەوەی کورد دامەزران. دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و قڕکەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک باشترین هێز بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و بەرەوپێشبردنیان، پێشەنگایەتی و دەمڕاستی قڕکردنی کوردانی کرد. لەسەر ئەو بنەمایە دەوڵەتی تورک بە دوژمنایەتی و نکۆڵی لە کورد گۆشکرا و تیماربوو. هەموو جۆرە ناڕەزایەتی و وەستانەوەی کوردان لە دژی کۆلۆنیالیزم، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە کۆمەڵکوژی سەرتوک کرا. هێزی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورک بۆ قرکردنی کوردانی پەسەند کردووە. کاتێک رێبەر ئاپۆ لە کوردستان هێڵێکی نوێی ئافراند و دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر سەرهەڵدانی نوێی کورد ژێرکەوت، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەپێناو ئەوەی بەرژەوەندی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدەست نەدەن، کەوتنە جوڵە و لەپێناو لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی پشتیوانیان لە دەوڵەتی تورک کرد. ئەمریکا لە دژی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد خاڵی پێنجەمی ناتۆی خستەبواری جێبەجێکردنەوە. پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە سەرکێشی و سەردەستەیی ئەمریکا و ئیسرائیل، لەلایەن ناتۆوە هەماهەنگی و رێکخستنی بۆکرا.

رێبەر ئاپۆ لەو کاتەیدا کە هێزە هەژمووگەراکان لە دژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانی نوێیان دادەڕشت، دەیویست پرسی کورد بگەیەنێتە قۆناغێکی نوێ و چارەسەری سیاسی و بەم جۆرە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگە لەبەردەم قۆناغێکی دیموکراتیک بکاتەوە. هەربۆیە بەگونجاوی بینی کە بچێتە ئەوروپا. لەبەر ئەوەی رێبەر ئاپۆ بیری دەکردەوە کە سەرچاوەی پرسی کورد ئەوروپایە. لە راستیشدا بەم جۆرەبوو. لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسی کورد ، باڵادەستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێش دەخست. لە ژێر حوکمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕدرابوو بۆ گۆڕەپانی شەڕ، کۆلۆنیالیزم و قڕکردن. لە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەل بۆ هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت نەتەوە هاوکارەکانیان وەک نێچیر پێشکەش کران. گەورەترین نێچیر و پێخۆریش کە لێیان دەڕوانی و خواستی لەسەر بوو، گەلی کورد بوو. رێبەر ئاپۆ بۆ تێکدانی ئەو گەمەیە چووە ئەوروپا و ویستی ئەوروپا ناچار بە چارەسەری بکات. وەک دەزانرێت رێبەر ئاپۆ لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ سوریای جێهێشت و روویکردە گۆڕەپانی ئەوروپا. بەڵام هێزە پیلانگێڕەکان بە سەردەستەیی ئەمریکا راستەوخۆ لەناوبردن و سڕینەوەی رێبەر ئاپۆیان کردە ئامانج. کاتێک رێبەر ئاپۆ بواری ئەوەی لەباربرد، پلانیان دانا کە لە رێگەی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵیەوە ئەو ئامانجە بپێکن. سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی بەو ئامانجەوە بونیادنرا. بەم جۆرە بە سڕینەوە و لەناوبردنی رێبەر ئاپۆ شەڕی کورد-تورک هەڵدەگیرسا، کورد کۆمەڵکوژ دەکران. تورکیا هێشتاش وەک هێزی کۆنتڕۆڵکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە، بەرژەوەندی و باڵادەستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە.

رێبەر ئاپۆ هەموو پیلانگێڕییەکانی پوچەڵکردەوە

هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر پیلانگێڕی و هەوەرها کۆبوونەوەی گەلی کورد بە دەوری رێبەر ئاپۆوە لە دژی پیلانگێڕی، رێگەی لە هێنانەدی ئامانجی پیلانگێڕان گرت. رێبەر ئاپۆ واتادارترین هەڵوێستی نیشاندا و نەیهێشت پیلانگێڕی بگاتە ئەنجام. بە قوڵبوونەوەی خۆی وشیاری ئازادی بە مرۆڤایەتی نیشاندا و نەک هەر پیلانگێریی ١٥ی شوبات بەڵکوو هەموو پیلانگێڕیەکەی پوچەڵکردەوە. بە بونیادنانی ژیانی باش و راست واتادارترین وەڵامی بە هەموو خراپەکارییەکان دایەوە. لە ئیمراڵی لە رێگەی بەرەوپێشبردنی تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و بە بەرەوپێشبردنی پاڕادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەبارەی ئیکۆلۆژیک و ئازادی ژنان سیستمی ژیانی ئازاد و ئەمڕۆیی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کرد. ئێمە دەبینین کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهان ئەو کەسانەی کە بە دوای ئازادی و دیموکراسیدا دەگەڕێن، چارەسەری لە پاڕادایمی رێبەر ئاپۆدا دەبیننەوە. ئێمە دەتوانین بڵێین کە گەلی کوردیش گەورەترین بەرخودانی مێژوویی نیشانداوە و لە دژی خیانەت، ستەم و خراپەکاری، نیشانی هەموو جیهانی داوە کە راستگۆیی، تێکۆشان و باشی چییە. گەلی کورد بە دروشمی 'ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکە' لە یەکەم رۆژەوە لە سەرپێ مایەوە، هەموو جۆرە قوربانیەکی پێشکەش کرد و بێ وچان درێژەی بە رێپێوانی ئازادی خۆیدا. دڵسۆزی و خۆشەویستی گەلی کورد بۆ رێبەر ئاپۆ بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لە دژی هەموو جۆرە هێرشێک تێبکۆشن و هەموو جۆرە ئاستەنگی و دژوارییەک تێپەڕێنن. رێبەر ئاپۆ تەنیا خۆی رزگار نەکردووە، لە سایەی تێکۆشانی پێداگران و بێ وچانی خۆی، پاڵنەڕ و ویستی ژیانی ئازادی پێسکەش بە هەموو گەلانی جیهان، هەموو کۆمەڵگا چەوساوەکان و ژنان کردووە و بەم جۆرە بۆ رزگاری هەموو مرۆڤایەتی کاری کردووە.

ئاکەپە پرۆژەیەکە کە لەپێناو بە ئەنجام گەیاندنی پیلانگێڕیدا خراوەتەپێشەوە

هێزە پیلانگێڕەکان بە تایبەتی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لەبەر ئەوەی دەستیان لە ئامانجەکانیان هەڵنەگرتووە، هەوڵ دەدەن درێژە بە پیلانگێریی نێونەتەوەیی بدەن. بەڵام سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی ئیتر گەیشتووەتە دۆخێکی بەو جۆرە، کە ئاستی ئەخلاقی و یاسایی لە هەموو روویەکەوە پێشێلکردووە. تێکۆشان لە دژی پیلانگێری لە بەر ئەوەی پێناسەیەکی نەتەوەیی بە دەستهێنا، بوارێکی بۆ بەردەوامبوونی پیلانگێری نەهێشتەوە. سەرباری ئەوەش دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە بەر ئەوەی خاوەن ئەقڵیەتێکی دژە کوردە پێداگری لە سەر گۆشەگیری رەها دەکات. لەبەر ئەوەی ئاکەپە پرۆژەیەکە کە لەپێناو ئەوەی پیلانگێڕی بگاتە ئەنجام خراوەتە پێشەوە. بۆ تێگەیشت لە راستی حکومەت و دەسەڵاتداری لە تورکیا پێویستە ئەوان لەگەڵ پیلانگێری پێکەوە هەڵبسەنگێندرێن. لەسەرەتادا بەمەبەستی بەئەنجام گەیشتنی پیلانگێری بولەنت ئەجەڤیت ئەرکردارکرا. رێبەر ئاپۆ لە رێگەی بەرەوپێشبردنی تێز و بیردۆزیەکانی نەیهێشت کە پیلانگێری لەسەر دەستی ئەجەڤیت بگاتە ئەنجام. کاتێک ئەجەڤیت سەرکەوتوو نەبوو، بۆ ئەوەی پیلانگێری ئەنجام بەدەستبهێنێت، ئاکەپە و تەیب ئەردۆغانیان هێنایە سەر حوکم. کاتێک ئاکەپە بە تەنیا نەیتوانی ئەوە بکات، مەهەپە و دەوڵەت باخچەلیان خستنە پاڵیەوە. ئێستا ئەو دوو سەردەستە فاشیستە، سەرباری ئەوەی پێگەیەکیشیان نەماوە، لەبەر ئەوەی لەسەر حوکم، بە پێداگرییەوە هەوڵ دەدەن پیلانگێرییەکە بگەیەننە ئەنجام. لەبەر ئەوەی دەزانن کە ئەگەر ئەوە نەگاتە ئەنجام لەناو دەچن.

بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیدا دەکەین

ئامانجی پیلانگێریی نێونەتەوەیی ئەوەبوو کە کورد و تورک بەشەڕ بدەن، رۆژهەڵآتی ناوەڕاست بگۆرن بۆ گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان و بەم جۆرە باڵادەستی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستەبەر بێت. رێبەر ئاپۆ و گەلی کورد بە هەڵوێست و بەرخودانیان ئەو سیاسەتەیان پوچەڵکردەوە. ئەو تێکۆشانە وایکرد کە لەگەڵ گەلانی تورکیا و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێڵی نەتەوەیی دیموکراتیک و پێکەوەژیان بێتە ئاراوە. لەگەڵ پەیجوری ئازادی گەلانی جیهان، ژنان، گەنجان و مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز یەکیگرت، بووە بەشێک لە تێکۆشانی گەردونی. ئەوەی پیلانگێری شکستدا ئەو راستیە بوو. بێگومان هێزە پیلانگێڕەکان دەستبەرداری ئامانجەکانیان نەبوون. دەیانەوێت لە رێگەی هەمیشەییکردنی سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە، هێشتنەی رێبەر ئاپۆ لە دیلی و جێبەجێکردنی قڕکردنی کوردان، ئامانجە چەپەڵ و خراپەکانی ئەو پیلانگێڕییە بەدیبهێنن. بەڵام پەیوەستبوون و تێکۆشانی ئازادی زۆر بەهێزە و ئیتر گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە پیلانگێڕی بە تەواوەتی شکستداوە. هەڵمەتی ئازادی کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بە دروشمی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد' دەستیپێکراوە، ئەو ئامانجەی دەستەبەر دەکات و پیلانگێڕی بە تەواوەتی بێ ئەنجام دەکات. بەو بیر و بڕوایەوە جارێکی تر داوا لە هەموو کەس دەکەین کە بە بەهێزی بەشداری لە هەڵمەتی ئازادیدا بکەن، واتادارترین وەڵام لە بەرامبەر پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی و هێزە پیلانگێڕەکان ئەوەیە کە بە بەهێزی بەشداری هەڵمەتی ئازادی ببن. ئێمە لە باکور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوا و هەموو جیهان بەشداری هەڵمەتی ئازادی بکەین، پیلانگێری هەڵبوەشێنینەوە و ژیانی ئازاد بونیاد بنێین.

نەمان بۆ پیلانگێریی ١٥ی شوبات!

بژی رێبەر ئاپۆ".

هـ . ب