هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بە بۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کەجەکە رایگەیاند: "لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە پاریس ٣ مرۆڤی بژاردەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان لە کۆمەڵکوژییەکی ناپاکانەدا شەهید کران. لەو کاتەیدا کە رێبەر ئاپۆ لە پێناو چارەسەریی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیادا هەوڵەکانی خستبووەگەڕ و لە ئەنجامی ئەوەشدا هیواکان گەشابوونەوە، هێزە قڕکەر، تاریکەکان بە نیازی چەپەڵ بۆ ئەوەی بتوانن گوشار بخەنە سەر رێبەرایەتی و بزوتنەوەکەمان و ئیرادەی گەل بشکێنن، ئەو کۆمەڵکوژیەیان کرد. خۆی لە خۆیدا لە ماوەیەکی کورتدا ئاشکرابوو کە کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن میتەوە ئەنجامدراوە. جارێکی دیکە ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین کە بە شێوەیەکی نامەردانە ئەنجامدرا، لە کەسایەتی سارا، رۆژبین و رۆناهیدا شەهیدانی دیموکراسی و سەرجەم شەهیدانی شۆڕش بە پێزانینەوە یاد دەکەینەوە و بەژنی خۆمان لە بەردەم یادی ئەوان دادەنەوێنین. تێکۆشانمان کە لە سەر هێڵی شەهیدان بەڕێوەدەچێت، بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوە و حیسابپرسینەوە لە هەموو کۆمەڵکوژییەکان دەکات و لەپێناو یادکردنەوەی شەهیدان ژیانی ئازاد، دیموکراتیک و یەکسان بونیاد دەنێت".
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە پاریس بە مەبەست و زانابوون هێرش کرایە سەر هەر سێ هاوڕێکەمان" و راگەیەندراوەکە بەم جۆرە بەردەوامە: "هێرش لە دژی سێ ژنی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕ بە ئامانجی لاوازکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و هێڵی ئازادیی ژنان ئەنجامدرا. هاوڕێ سارا یەک لە کادرە دامەزرێنەرەکانی پەکەکە بوو. لە دژی ستەم و ئەشکەنجەی دوژمن بەشداری لە بەرخودانی زیندانی ئامەد کردبوو کە یەک لە بەرخودانە شکۆمەندانە و گەورەکانی مێژوو بوو. بە هەڵوێستی پتەو و لەبننەهاتووی خۆی تاریکی لەسەر گەلی کوردستانی لە ناو زیندانەوە دادەڕی و بووە رووناکی بۆ گەلەکەمان. بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕیی ٤٠ ساڵەی خۆی و بە رەنجدانی گەورەی هەم لە بەرەوپێشبردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستان و هەمیش لە بەهێزکردنی هێڵی ئازادیی ژناندا رۆڵی گەورەی گێڕا و پێشەنگایەتی بۆکرد. تێکۆشانی ئازادیی ژنان لە کوردستان لەسەر هێڵی بەرخودانی هاوڕێ سارا بەرەوپێشچوو و بە جیهانیبوو. هاوڕێ سارا نەک هەر بۆ ژنانی کورد، هەروەها لە ئاستی جیهانیشدا بووە هێمای ئازادیی ژنان. رێبەر ئاپۆ تێکۆشانی ئازادیی ژنانی بە تێکۆشانی سارا پێناسە کرد.
هاوڕێ رۆناهی و رۆژبینیش خۆیان بە تەواوەتی بۆ ئەم دۆزە تەرخان کرد، لە دڵیاندا ئازادی گەل و ژنانی کوردستانیان هەڵگرت و لەوپێناوەدا تێکۆشان.
بۆ روونکردنەوە و دەرخستنی لایەنەکانی کۆمەڵکوژییەکە یەک هەنگاویش نەنرا
گەلی کوردستان لەپێناو روونکردنەوەی کۆمەڵکوژی پاریس چەندین ساڵە بانگەواز ئاراستەی دەوڵەتی فەرەنسا و هەموو دەوڵەتانی ئەوروپا دەکات. وەک بزوتنەوە ئێمەش چەندین جار بانگەوازمان کرد. ئەگەر دەوڵەتی فەرەنسا دەیەوێت لە ژێر باری تۆمەتباریدا بێتە دەرەوە، دەبێت کۆمەڵکوژی پاریس روون بکاتەوە. بەڵام تائێستا بۆ روونکردنەوەی کۆمەڵکوژیەکە هیچ هەنگاوێک نەنراوە. ئەمەش چەندین ساڵە ئێمە و گەلەکەمانی نیگەران کردووە. بێگومان ئەوەی ئەم کۆمەڵکوژیەی کرد دەوڵەتی تورک بوو. گەلەکەمان و بزوتنەوەکەمان ئەو راستیە دەزانن. بەڵام دەشزانین کە دەوڵەتی تورک خۆی بە تەنیا ئەو کۆمەڵکوژیەی نەکردووە. بەبێ پشتیوانی دەزگا هەواڵگرییەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا تۆڕی تیرۆری میت و دەوڵەتی تورک لە شوێنێکی وەک پاریس ناتوانێک کۆمەڵکوژیەکی لەو چەشنە بە تەنیا ئەنجام بدات. خۆی لە خۆیدا سەرباری تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ تائێستا نە فەرەنسا و نە دەوڵەتانی ئەوروپا بۆ روونکردنەوەی کۆمەڵکوژیەکە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە و ئەوەش دەریدەخات کە کۆمەڵکوژی پاریس ئۆپراسیۆنێکی ناتۆ-گلادیۆیە. لەبەر ئەوە دەبێت کۆمەڵکوژی پاریس بە هەموو جۆرێک روون بکرێتەوە. کێ هاوکاری دەوڵەتی تورکی کرد و بە چ ئامانجێک بووە هاوکاری کۆمەڵکوژیەکە، دەبێت بەهەموو رەهەندەکانیەوە روونبکرێتەوە.
شەهیدانی سلۆپی بە رێز و پێزانینەوە بەبیردەهێنینەوە
کۆمەڵکوژیەکی هاوشێوە لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠١٦ لە سلۆپی ئەنجامدرا. لەوێش سێ ژنی تێکۆشەری پێشەنگ هاوڕێ سێڤێ دەمیر، پاکیزە نایر و فاتمە ئویار شەهیدکرا. ئێمە ئەو شەهیدانەش بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنینەوە. زۆر واتادارە کە گەلەکەمان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیدا شەهیدانی سلۆپیان جارێکی دیکە بەبیرهێنایەوە. تەنیا بە تێگەیشتن لە یادی شەهیدان و خاوەنداری لە یادی ئەوان دەتوانین خۆمان بە ئازادی بگەیەنین و بە شێوەیەکی دروست بژین. تا ئەوە نەبێت نە دەتوانین بە شێوەیەکی راست و ئازاد بژین و نە لەسەر ناوی راستی و ئازادیش دەتوانین باس لە هیچ شتێک بکەین. رێبەر ئاپۆ هەموو کات دڵسۆزی خۆی بۆ شەهیدان دەختەڕوو و باسی لەوەدەکرد کە تێکۆشانی ئازادی تێکۆشانە بح یادکردنەوەی دڵسۆزی و وەفاداری بە شەهیدان. دەبێت بزانرێت کە لە کوردستان هەموو شوتێک لەسەر ئەو بنەمایە ئافرێندراوە و بە مامەڵەیەکی راست لەگەڵ راستی شەهیدان دەبێت ئێمە لەسەر هێڵی ئەوان پەرە بە تێکۆشانی ئازادی بدەین".