کەجەکە: دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لە لجک کۆمەڵکوژی ئەنجامدا

کەجەکە: "لە لجک (ئیلیچ) نەوەک هەر ٩ گیان لەژێر بەرد مانەوە، ئەم کارەساتە هاوزەمان قڕکردنێکی سەراپاگیری زیهنیەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەیە بەرامبەر جڤاک و سرووشت. بۆ ڕێگری لەم کۆمەڵکوژییانە پێویستە تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک مەزن بکرێت".

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە پەیوەست بە داڕمانی زەوی لە لجکی ئەرزینگان ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

کەجەکە گوتی: "هەردوو کۆمەڵکوژییەکەی ناوچەی لجکی ئەرزینگان، بەشێوەیەکی ڕوون سیاسەتی قڕکردنی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەپێناو کرێخۆری، بەدەر دەخات. بۆ پارەدارکردنی شەڕی دژی گەلی کورد، خاکی سرووشتی کوردستان و تورکیا پێشکەشی کۆمپانیا هاوکار و نێونەتەوەییەکان دەکات. دەسەڵاتی فاشیست ڕێگە بۆ کۆمەڵکوژی سرووشت و مرۆڤ دەکاتەوە. لە تەواوی دەسەڵاتی خۆیدا بە پاساوی "لەپێناو جڤاک" و بۆ کرێخۆرێیەکەی خۆی و لەڕێگەی یاسای کانەکانەوە کە ٢١ جار گۆڕی، ڕێگەی بۆ تاڵان و بێ یاسایی و پێشێلکاری کردۆتەوە. حکومەتی ئاکەپەی فاشیست نەوەک تەنها لە لجک، بەڵکو بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژیی کانەکانی تر لە سۆما و ئەلبیستان و بومەلەرزەی ٦ ی شوبات و هەموو کۆمەڵکوژییە سرووشتیەکانی تر کە بەم دواییانە زیادیان کردووە".  

هەلومەرجی کۆمەڵکوژی ئامادەکرا

لە ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکەدا دەستنیشان کراوە:

" بە دەستی کۆمپانیای ئاناگۆڵدی کەنەدی کە کۆمپانیای بنەماڵەی ئەردۆگانە و چەلیک هۆڵدینگ هاوبەشی ئەوانە ئەم کۆمەڵکوژییە ئەنجامدرا، نەوەک هەر ئەمڕۆ، بەڵکو لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە بەرپرسی چەندین تاوانە. لەگەڵ ئەوەی لە کانەکاندا سیانید بەکاردێت، چالاکییەکانی کۆمپانیاکە کە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەی چەولیگ-یەدیسو بنیات نراوە، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە هەڕەشەیەکی مەزنی لەسەر سروشت و جڤاک ئافراندووە و ژیان لەناودەبات. ئەم مەترسیە لەکاتی بنیات نانییەوە تا ئێستە، لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی نرخاندنی کاریگەری دەوروبەر (ÇED) کە ڕێگەی بە وەربەرهێنانەکە داوە، تادێت بنکەی وەبەرهێنانەکەی زیاتر دەکات و لە ئەنجامدا لە ئابی ٢٠٢٣ بەبێ ڕاپۆرتی (ÇED) پشتگیری کرا بۆ وەبەرهێنانی بەردەوام و ئەمەش هەلومەرجی بۆ کۆمەڵکوژییەکەی ئێستە خوڵقاند. لە ڕۆژی دامەزراندییەوە، پێشنیاری بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هۆشدارییەکانی گەل پشتگوێ خران و پێداگری لەسەر پێکهاتنی ئەم کۆمەڵکوژییە کرا. ئەو کۆمپانیایە کانزایەی لە تەنیشت ڕووباری فورات دامەزرا، بووە هۆی کۆمەڵکوژی. هەرچەندە لە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا ٢١٠ مەتر سێجا سیانید ڕژاوەتە ناو ڕووباری فورات لە شاری ئیلیچ، بەڵام ئاستی مەترسییەکان و ڕاستییەکان شاردرانەوە. ئەمڕۆش هەمان شت ڕوودەدات. ئەو دیمەنانەی کە لەلایەن گەلەوە لە شوێنی تاوانەکە وەرگیراون و کۆمەڵکوژییەکە ڕادەگەیەنن؛ حسابی بۆ نەکرا و پارێزگاری لەو کۆمپانیایە کرا کە لایەنگری حکومەتە و وەک کارگەیەکی تاوانکاری کاردەکات.

دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت کۆمەڵکوژییەکە پەردەپۆش بکات

لەگەڵ جدییەتی مەترسییەکە، کۆمپانیاکە بە بەرپرسیار نازانرێت و پارێزگاری لێ دەکرێت، مەترسییەکە لەڕێگەیە زانیاری ناڕاستەوە پەردەپۆش دەکرێت و بەم شێوەیە دۆسیەی تاوانکاری کۆمپانیا لایەنگرەکە گرانتر دەبێت. هەرچەندە چەند ڕۆژێک بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر کرێکارە بێسەروشوێنەکان ناخرێتە بەردەست. هەروەها دەگوترێت هاوشێوەی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ژمارەی ئەو کەسانەی لەم کۆمەڵکوژییەدا مردوون کە دەوڵەت لێی بەرپرسیارە، دەشاردرێتەوە. دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە دەیەوێت ئەم کۆمەڵکوژییە بشارێتەوە و ڕێگە نادات پارتە سیاسییەکان و کۆمەڵە ژینگەپارێزەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چاپەمەنی ئازاد بچنە هەرێمەکە. ئەوانەی دەیانەوێت لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن لەبری بەرپرسانی تاوانەکە دەستبەسەرکراون.

ئەو مادانەی دەبنە هۆی شێرپەنجە و بەهۆی ڕووخانی حەوزی سیانید لەگەڵ خاک و ئاو و هەوا تێکەڵدەبن، ئەمەش مەترسییەکی جدییە بۆ هەموو ژیان و وێرانکردنی ئیکۆلۆژی. کۆمەڵکوژی لجک بەهۆی دەرئەنجامەکانییەوە مەترسییەکی هاوشێوەی چیرنۆبڵ بۆ گەلانی هەرێمەکە دەخوڵقێنێت، تاوانێک نییە کە حکومەت بتوانێت پەردەپۆشی بکات. بە لەبەرچاوگرتنی ڕەهەندەکانی ئەم کارەساتە، مەترسی هەرە مەزن لەمڕۆدا بۆ سەر گەلانی کوردستان و تورکیا بەگشتی، سیاسەتی قڕکردنە. بێدەنگی و هەوڵی حکومەت بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، نەوەک هەر کارەساتەکە مەزنتر دەکات، بەڵکو ڕێگە بۆ کارەساتی تر دەکاتەوە. بەم هۆیەوە، پاراستنی ژیان بەرامبەر تاڵان و سڕینەوەی دەسڵياتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، تەنها بە تێکۆشانێکی ڕێکخراو و هۆشیاری و هاوکاری ڕێی تێ دەچێت.

دوو کۆمەڵکوژی ئەزموونکران

لە لجک دوو کۆمەڵکوژی دژی سرووشت و جڤاک پێکهات، بە لەناوبردنی ئیکۆلۆژیک کە لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ئاستێکی هەرە بەرزدایە، نەتەنها بۆ گەلانی تورکیا و کوردستان بۆ تەواوی جیهان تۆڕێکی تاوان و مەترسییەکی مەزنە. ئاکەپە لەسەر تاڵان و کرێخۆری لە ئاستێکدایە کە مێژوو و چاندی وەک حەسکەف و زەوگما تێدەپەڕێنێت، لە ڕۆژی هاتنە دەسەڵاتەوە تا ئێستا بە پاساوی ئەمنی بەنداوی ئاو دروست دەکات، سیاسەتی ئاو وەک چەکێک بەرامبەر کوردستان و وڵاتانی دراوسێ بەکاردێنێت. دارستانەکان دەسوتێنێت، سیاسەتی دژی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ئەنجام دەدات، لەڕێگەی سیاسەتی تاڵانەوە، لەناوبردنی تەواوەتی ئیکۆلۆژیک و جڤاکی و چاندی ئەنجام دەدات. بەم کارانەی کە نیشانەی زیهنیەتێکی فاشیست و قڕکەرە، هەڕەشە لە ژیان دەکات، هەژاری و کۆچبەری و وشکەساڵی دەسەپێنێت. دەیان هەزار پرۆژەی لەسەر تاڵانی ئەنجامداوە، کە لە تەواوی وڵات و بەتایبەت لە کوردستان مەترسییەکی مەزنە بۆ سەر ژیانی ئیکۆلۆژیک و جڤاکی.

تێکۆشانی ئازادی کوردستان دژی دەسەڵاتی فاشیست کە قڕکردنی ئیکۆلۆژیک وەک ستراتیژ بەکاردەهێنێت، گرێدراوی تێکۆشانی گەلە لەپێناو ژیاندا. نەوەک هەر ئەو ٩ کەسەی لەژێر وێرانکارییەکەی لجک گیانیان لەدەستدا، بەڵکو زیهنیەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە قڕکردنی تەواوی جڤاک و سرووشتە. پێویستە ئێمە لە هەموو کاتێک زیاتر لە بەرامبەر کاولکاری و توندوتیژی ئەم هۆشیارییە ژیان بپارێزین، وڵات و ئاو و خاک و هەوای خۆمان بپارێزین و خۆمان بۆ ئەمە ڕێکبخەین. ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییە ئیکۆلۆژییەکان، وەک لجک، ڕێگری لە کۆمەڵکوژییە جڤاکی و چاندییەکانیش دەکات. خۆپاراستن لەم کۆمەڵکوژییانە تەنیا بە مەزنکردنی تێکۆشانی ئیکۆلۆژیک مومکینە. بە یەکگرتوویی گەل و ژنان و گەنجان و چین و توێژەکانی جڤاک و بەتایبەت ئیکۆلۆژی و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان و تەڤگەرە کرێکاری و دیموکراتیکەکان دەتوانین ئەم سیاسەتانە بوەستێنین کە لەسەر بناغەی شەڕ و قازانج و تاڵانکردن دامەزراوە و سرووشت و ژیانی ئێمە دەدزێت. با هاواری سرووشت وەک نیشانەی قیامەت ببینین و لەم پێناوەدا هەنگاو بنێین".