کەجەکە: پێویستە عێراق کۆتایی بە گەمارۆ بهێنێت و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات!

کەجەکە: پێویستە دەوڵەتی عێراق، گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ئاڵۆزیەکان کۆتایی بهێنێت. دەوڵەتی عێراق پێویستە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات، نەک بە هێزی سەربازی، گەمارۆ و سەپاندنەکان.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جوودی (مەخمور) راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیەندراوەکە بەم شێوەیەیە:

" دەوڵەتی عێراق، هەوڵی گەمارۆدانی کەمپی مەخور دەدات و ئەمەش لە کەمپەکە ئاڵۆزی دروست کردووە. دەگوترێت کە ئاڵۆزی لەنێوان خەڵکی کەمپەکە و هێزەکانی دەوڵەتی عێراق بەردەوامە و دوو وڵاتپارێز بریندار بوون. هیوادارین کە دوو وڵاتپارێزە بریندارەکە بە زوترین کات چاک ببنەوە. دەوڵەتی عێراق پێویستە کۆتایی بە گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور و ئاڵۆزیەکان بهێنێت. دەوڵەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، نابێت هێزی سەربازی، گەمارۆ و سەپاندن بەکاربهێنێت، پێویستە دیالۆگ بە بناغە وەربگرێت. خەڵکی کەمپەکە هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نییە و هیچ کێشەیەکی دەوڵەتی عێراقیش لەگەڵ خەڵکی کەمپەکە نییە کە چارەسەر نەبێت.

کەمپی مەخمور لە چوارچێوەی یاسای پەنابەراندایە

پێگەی ئەو کەسانەی لە کەمپەکە دەژین، پەنابەری سیاسیە و پێویستە بەو پێیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک لەبارەی کەمپی پەنابەرانی مەخمور راست نین. کەمپی مەخمور، کەمپێکی مەدەنییە. ئەو کەسانەی تێیدا دەژین، بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورک، لەسەر ماڵ و زێدیان ئاوارە بوون، بەڵام بە ئیرادە و تێکۆشانێکی بەهێز لەدژی سەختیەکان بەرخۆدان دەکەن. بە دەیان ساڵە کەمپی مەخمور، لە چوارچێوەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەبارەی پەنابەران، بووەتە خاوەن پێگەیەکی فەرمی. واتە کەمپی پەنابەرانی مەخمور، لە رووی یاساییەوە لەژێر پاراستنی دەوڵەتی عێراقدایە. ئەم دۆخە و پێگەی مەخمور بەردەوامە. بەهۆی ئەو یاسایەوەیە کە بەرپرسیاری دەوڵەتی عێراق لەبەرامبەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور هەیە و پێویستە جێبەجێ بکرێت. بەرپرسیاری دەوڵەتی عێراق بەگوێرەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاراستنی گیان و ماڵی پەنابەرانە و پێویستە لە رووی یاسا مروییەکان پشتگیری لە پەنابەران بکرێت. دەوڵەتی عێراق کەمیش بێت تاوەکو ئێستا بەم شێوەیە مامەڵەی کردووە و تاوەکو ئێستا لەنێوان دەوڵەتی عێراق و کەمپی پەنابەرانی مەخموردا هیچ کێشەیەک دروست نەبووە.

بەهۆی فشاری دەوڵەتی تورکەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ ناکەن

لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی فشاری دەولەتی تورکەوە، هەم نەتەوە یەکگرتووەکان و هەمیش دەوڵەتی عێراق، بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ ناکەن. لەگەڵ ئەوەی کەمپی پەنابەرانی مەخمور لەژێر پاراستنی نەتەوە یەکگرتووەکاندایە، بەڵام نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ ناکات. لەدژی هێرشی دەوڵەتی تورک هیچ هەڵوێستێکی نییە. تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورک بە دەیان کەسی خەڵکی کەمپەکە بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە. بەڵام نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هیچ هەڵوێستێکی پیشان نەداوە، ئەرکی نوێنەرایەتی خۆی جێبەجێ نەکردووە و جگە لەوەش رەوایەتی بە هێرشی دەوڵەتی تورک دەدات. دەوڵەتی عێراقیش بە هەڵوێستی خۆی، پشتگیری لە پلانی دەوڵەتی تورک بۆ هەڵگرتنی کەمپەکە دەکات. پێویستە دەوڵەتی عێراق، ئەم هەڵوێستە نەرێنیەی خۆی بگۆڕێت، بەگوێرەی بەرپرسیاری خۆی بجووڵێتەوە، نەوەک بەگوێرەی فشاری دەوڵەتی تورک بجووڵێتەوە. بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک کە کەمپی مەخمور، کەمپێکی سەربازیە، راست نییە. دەوڵەتی تورک، بە بانگەشەی ناڕاست، دەیەوێت ئەم گەمارۆیە بە ناڕاست لەقەڵەم بدات.

پێویستە حکومەتی عێراق بەگوێرەی ئەم بانگەشە ناراستانە نەجووڵێتەوە. پێویستە کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە لەگەڵ خەڵکی کەمپەکە و بە قسە و گفتوگۆ چارەسەر بکات. ئێمە بڕوامان وایە کە مرۆڤ دەتوانێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکات. هیوادارین کە هەڵوێستێک لەم چوارچێوەیەدا بە بناغە بگیرێت و کێشەکە چارەسەر ببێت. بانگەوازیمان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا نێونەتەوەییەکان ئەوەیە کە لەدژی سەپاندنی فشارەکان بەهۆی دەوڵەتی تورکەوە، بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ بکەن. بەر لەوەی دۆخەکە ئاڵۆزتر ببێت و شەڕ رووبدات، پێویستە دەوڵەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرساری خۆیان جێبەجێ بکەن. دەزگا نێودەوڵەتییە فەرمیەکان و دەزگا کۆمەڵایەتییە مەدەنییە دیموکراتەکانیش، هەوڵ بدەن کێشەکان لە چوارچێوەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەگوێرەی پێگەی پەنابەری چارەسەر بکەن.

پێویستە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتەکان، پشتگیری لە خەڵکی مەخمور بکەن کە مافەکانیان رەوایە و رێگە بە هەوڵی تێکدەری نەدەن و خەڵکی مەخمور بە تەنیا جێمەهێڵن. پشتگیری گەلی وڵاتپارێزی کوردستان و لایەنە دیموکراتیەکان بۆ کەمپی مەخمور زۆر گرنگە."

ف.ق