هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، بە ڕاگەیاندراوێکی نوسراو پیرۆزبایی لە هێزەکانی گەریلا لە زاپ و مەتینا کرد و گوتی: "بەبۆنەی ئەم چالاکییە سەرکەوتووانەوە، لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە فەرماندە و گەریلا بەشدارەکانی ئەم چالاکییانە و هەموو گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەکەین".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە ناونیشانی "بۆ فەرماندە و گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار"، گوتراوە:
"فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل بە ڕای گشتی ڕاگەیاند، گەریلاکان لە ١٩ و ٢٠ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و مەتینا، چالاکی بەرفراوانیان دژی سوپای داگیرکەری تورک ئەنجامداوە، چەندین سەنگەر ڕووخێنراون و دەیان داگیرکەر سزادراون. فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەلمان، بە ڕاگەیاندراوەکەی دووپاتی کردەوە، ئەم چالاکییانە گورزێکی کوشندە و شکێنەری لە سوپای قڕکەر و داگیرکەر وەشاندووە. بەبۆنەی ئەم چالاکییە سەرکەوتووانەوە، لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە فەرماندە و شەڕڤانانی بەشداربووی ئەم چالاکییانە و تەواوی گەریلاکانی ئازادی کوردستان دەکەین. سڵاو و خۆشەویستی و ڕێزی خۆمان دەردەبڕین. پیرۆزبایی لە فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل دەکەین.
هەڤاڵان ئەندۆک و جوان و عەگید کە لەنێو ئەم چالاکییانەدا لە بەرەکانی پێشەوە شەڕیان کرد و گورزی گەورەیان لە سوپای داگیرکەری تورک وەشاند، شەهید بوون. لە کەسێتی ئەم سێ هەڤاڵە فیداکارەی تێکۆشانی ئازادی کوردستاندا، بە رێز و سوپاسەوە هەموو شەهیدانی شۆڕش و دیموکراسی یاد دەکەینەوە، سەری ڕێز بۆ یادیان دادەنەوێنین و بەڵێنی پەیوەستبوون بە شەهیدانەوە دووپات دەکەینەوە. بێگومان شەهیدەکانمان ئافرێنەی ڕاستینەی گەلی کورد و دۆزی ئازادی کوردستانن. پێویستە گەلەکەمان و دۆستەکانمان شانازی بە هاوڕێیان ئەندۆک و جوان و عەگیدەوە بکەن و یادەوەرییەکانیان لە بەرزترین ئاستدا بپارێزن. ئەوان کەسێتی ئاپۆیی نەمرن کە بەبێ دوودڵی خۆیان لە پێناو ئازادیدا فیدا کرد و بوون بە هاوڕێی ئەرداڵ و ڕۆژهاتەکان.
گەریلا بەم گورزە قورسە جارێکی تر سەلماندی کە شەڕڤان و پارێزەری بێوێنەی کوردستانن و ڕێگە بە داگیرکاری نادەن. شەڕی گەریلا لە دژی سوپای داگیرکەر، شەڕی پاراستنی کوردستانە. گەریلا بە ڕۆحێکی فیداکارانەوە کوردستان لە داگیرکاری و قڕکردن و خیانەت دەپارێزێت. پێویستە گەلی وڵاتپارێزی کوردستان بە پشتیوانی و بەشداریکردن لەم بەرخۆدانەی گەریلا، تێکۆشانی فراوانتر و بەهێزتر بکەن دژ بە داگیرکاری و قڕکردن و خیانەت.
گرنگ و واتادارە ئەم چالاکییانە بە بۆنەی ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەمانەوە (پەکەکە) ئەنجام دەدرێت. بەمەش پیرۆزبایی ٤٥ هەمین ساڵیادی پارتەکە لە سەرجەم فەرماندە و شەڕڤانانی هەپەگە و یەژاستار دەکەین، بە تایبەتی هەڤاڵانمان لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ و گۆڕەپانی مەتینا، لە ٤٦ هەمین ساڵیاددا، هیوای سەرکەوتنی مەزن بۆ تێکۆشان و بەرخۆدانەکەیان دەخوازین".